دواین هەواڵ

کوردستان‌

 21/01/2025

یەکێتی و پارتی لە هەولێر کۆبونەوە

هەرێم نیوز

کۆبوونەوەی هەردوو شاندی تەکنیکیی پارتی و یەکێتیی؛ بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێ دەستی پێ کرد. 
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، کۆبوونەوەی هەردوو شاندی تەکنیکیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری هەولێر دەستی پێ کرد. کۆبوونەوەکە درێژکراوەی کۆبوونەوەکانی ڕابردووی تایبەت بە گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت و چاوەڕێ دەکرێت ڕەشنووسی بەرنامەی هاوبەشی پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ، ئامادە بکرێت. 

ئەمە چوارەمین کۆبوونەوەی هەردوو شاندی پارتی و یەکێتییە لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

پێشتریش ئاری هەرسین، بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان لــە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "لێکتێگەیشتنی زۆر باش لە نێوان پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکوومەت هاتووەتە ئاراوە؛ بەمزووانە هەواڵی خۆش لەمبارەیەوە دەبیستین."

لە پاش ئەنجامدانى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان لە 20ـی تشرینی یەکەمی 2024، سێ جار شاندى یەکێتى و پارتى لەسەر پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەتەوە.

پارتى دیموکراتى کوردستان، 39 کورسى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستانى بەدەستهێناوە و یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان 23 کورسى بەدەستهێناوە، هەردوولاش شاندى دانوستانکاریان پێکهێناوە و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانى دیکەش کۆبوونەتەوە.




Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP