دواین هەواڵ

کوردستان‌

 پێش 1 هەفتە

مەریوان قەرەنی: توركیا وڵاتێكی گرنگە بۆ هەرێمی كوردستان و سەردانەكەی ئەردۆگانیش بۆ هەولێر، دەستكەوتێكی مێژووییە

هەرێم نیوز

جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، یەكێك لە گرنگترین خاڵەكانی زەرورەتی پێشخستنی پەیوەندی لەگەڵ توركیا، لەوەوە سەرچاوە دەگرێت كە توركیا ڕێگە دەدات ئامێرو كەرەستەی ئەوتۆ بهێندرێتە ناوەوەی هەرێمی كوردستانەوە كە بەرهەمهێن بن و لە كارگەو كارخانە گەورەكاندا سودیان لێ وەربگیرێت.

مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی عێراق  لە نوسینێکیدا لە پلاتفۆڕمی فەیسبووک رایگەیاند:  هەرێمی كوردستان بەپێی ئەو جوگرافیایەی هەیەتی، كەوتۆتە نێو وشكانییەوە كە لە هەر چوار لاوە، بە وڵاتی جیاواز دەورە دراوە، بۆ گەیشتن بە دونیای دەرەوە، لانی كەم پێویستی بەوەیە سوود لە یەكێك لەم وڵاتانە وەربگرێت. سێ لەم وڵاتانە لە دۆخێكدا نین بتوانیت سوودیان لێ ببینیت، بەهۆی ئەوەی ئێران و سووریا خۆیان لە كێشەی گەورەی دیپلۆماسی و ئابووریدان لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، عێراقیش بابەتی ئابووری و گەمارۆدانی هەرێمی كوردستان وەك ئامرازێك بۆ ڕێگەگرتن لە گەشەی ئابووریی هەرێمی كوردستان دەبینێت. كەواتە ئەوەی دەمێنێتەوە توركیایە كە وێڕای هەر جۆرە ناكۆكییەك، هێشتا دەرفەت هەیە كە ئەو وڵاتە وەك ئەم دەیان ساڵەی رابردوو، دەروازەی هەرێمی كوردستان بێت بە ڕووی جیهاندا.

ئاماژەی بەوەشداوە، گومانی تێدا نییە كە لە رابردوودا و بە تایبەتیش لە 2014ەوە كە عێراق گەمارۆیەكی جددی ئابووریی خستە سەر هەرێمی كوردستان، هەرێم سوودی ئابووریی زۆری لە توركیا وەرگرت، پێچەوانەی ئەوانەی دەیانەوێ سوودی خراپ لەو پەیوەندییە وەربگرن.

مەریوان قەرەنی نوسیویەتی، یەكێك لە گرنگترین خاڵەكانی زەروورەتی پێشخستنی پەیوەندی لەگەڵ توركیا، لەوەوە سەرچاوە دەگرێت كە توركیا ڕێگە دەدات ئامێر و كەرەستەی ئەوتۆ بهێندرێتە ناوەوەی هەرێمی كوردستانەوە كە بەرهەمهێن بن و لە كارگە و كارخانە گەورەكاندا سوودیان لێ وەربگیرێت، بەڵام لە 1991ەوە تا ئەمڕۆ، ئێران ناهێڵێت هیچ كەرەستەی بەرهەمهێنان (منتج) هاوردەی هەرێمی كوردستان بكرێت، تەنیا بەرهەمە بەكاربەرەكییەكان دەنێرێت. بۆیە ئەگەر هەرێمی كوردستان بیەوێت ببێتە هەرێمێكی بەرهەمهێن، پێویستە سوود لە توركیا وەربگرێت وەك دەروازەیەك.

دەشڵێت: لە ڕووی وزەوە، دیسان نەك هەر هەرێمی كوردستان، بەڵكوو عێراقیش پێویستییەكی گەورەی بە توركیا هەیە، بۆڕیی گواستنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهان لە توركیا بە تەواوی ئامادەیە و ئەگەر عێراق ئەو پاساوانە نەهێڵێت كە بۆتە ئاستەنگ لەبەردەم دەست پێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان و كەركووك بۆ بەندەری جەیهان، ئەوا سوودێكی گەورەی دەبێت.

جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی عێراق ئەوەشیخستەروو، هەر بە تەنیا هەرێمی كوردستان نییە كە سوود لە باشیی پەیوەندیی هەولێر و ئەنقەرە دەبینێت، بەڵكوو عێراقیش زۆر پێویستی بەوەیە هەرێمی كوردستان پەیوەندییەكی دروستی لەگەڵ توركیا هەبێت، چونكە بەبێ ئەو پەیوەندییە توندوتۆڵە، پرۆسەی بازرگانی لە نێوان عێراق و توركیا مومكین نییە بەردەوام بێت و ڕێگەی بارزگانیكردنی نێوان ئەو دوو وڵاتە، بە هەرێمی كوردستاندا دەڕوات.

راشیگەیاند: لەبەر هەموو ئەمانە، سەردانەكەی بەڕێز رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆك كۆماری توركیا بۆ هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان و كۆبوونەوەی لەگەڵ جەنابی سەرۆك بارزانی و بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی، سەردانێكی مێژوویی گرنگە و شایانی ئەوەیە مرۆڤ دڵی بەم جۆرە دەستكەوتە دیپلۆماسییانەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی جەنابی مەسرور بارزانی خۆش بێت. نەك هاوشێوەی هەندێك كەس و لایەن قسە لەسەر سەردانەكە بكرێت كە خۆیان حەز دەكەن ئەو پەیوەندییەیان لەگەڵ توركیا هەبێت و هەوڵی زۆریش دەدەن، بەڵام لەبەر ئەوەی توركیا بە نوێنەری هەرێمی كوردستان و پاشكۆی خەڵكی تریان دەزانێت، ئامادە نییە پەیوەندییان لەگەڵ ببەستێت! 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP