دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 پێش 1 هەفتە

عێراق و هەرێم لە چاوەڕوانى سەردانەکەى ئەردۆگاندان

 چی لە جانتاکەی ئەردۆگاندایە بۆ هەرێم و عێراق؟

دواى شکستى ئەردۆگان و پارتەکەى لە هەڵبژاردنى شارەوانییەکاندا و پاشەکشەى لەبەرچاویان وابڕیارە رۆژى دووشەممە 22ـى نیسانى 2024 سەرۆکى تورکیا سەردانى بەغداد بکات و دواى کۆبوونەوە تایبەتەکانى سەردانێکى هەولێریش بکات، میدیا و دامەزراوە ئەمنییەکان و لایەنە سیاسییەکان و بەرپرسانى پەیوەندیداریش بە پەرۆشەوە لە دەرئەنجامەکانى دەڕوانن، بەتایبەتى زۆرێک لە چاودێرانى عێراق و تورکیاش ئەم سەردانە بە یەکلاکەرەوە وەسفدەکەن، تایبەتى تر لەبەر ئەوەى بەشێکى زۆری ئەجێنداکەى پەیوەندیی بە کێشەى ئارامى سنوورەکانى خۆیەوە هەیەو ئەو دۆسیەشى پەیوەستکردووە بە چالاکییەکانى پارتى کرێکارانى کوردستانەوە کە بەیەکێک لە ئۆپۆزسیۆنە چەکدارەکانى تورکیا دادەنرێت و بە تیرۆریست ناویان دێنێت.

جانتاکەى ئەردۆگان چوار بابەتى گرنگی تێدایە و بۆ هەر یەکێکیشیان بۆچوون، پێشنیاز، پلانى جێگرەوە و -پلان بی-یان لەگەڵدایە، دۆسییەکانیش بریتین لە:

یەکەم: هەناردەکردنەوەى نەوتى باکورى عێراق و هەرێمى کوردستان بۆ بەندەرى جەیهان، لەبەر ئەوەى ئەو بابەتە بۆ ئابوورى تورکیا زۆر گرنگەو سەرچاوەیەکى باشی داهاتە کە بەهۆی بڕیارى دادگاوە راوەستاوە و ئێستاش هەر سێ لایەنى پەیوەندیدار گەشتوونەتە ئەو بڕوایەى دەست بە پرۆسەکە بکرێتەوە لەبەر ئەوەى بۆ هەمووان بەسوودە.

دووەم: رێگەى گەشەسەندنى ئابوورى کە لە تورکیاوە درێژ دەبێتەوە تا دەگاتە بەندەرى فاو، ئامانج لەم کارەش پەرەپێدانى بوارى بازرگانى هەردوولایە، ئەوە لە کاتێکدا کە قەبارەى بازرگانى لە ساڵی 2023 دا بەرزبووەتەوە و تورکیا عێراق بە یەکێکى لە بازاڕە گونجاو لەبارەکانى خۆی دەزانێت هەر بۆیە چاوەڕێدەکرێت لەوبوارەدا واژۆی رێککەوتنى بازرگانى بکەن، بە لەبەرچاوگرتنى دۆخى بازرگانى هەردوولا کە لە چارەکى یەکەمى ئەمساڵدا 24.5% ى قەبارەى بازرگانییان بەرزبووەتەوە و لە پلانى هەردوو دەوڵەتەکەدا هەیە تا ساڵی 2030 بیگەیەننە 20 ملیار دۆلار.

سێیەم: دۆسیەى ئاوى نێوان هەردوو وڵات یەکێکى ترە لە تەوەرە گرنگەکانى نێوان هەردوو وڵات و بەهۆی گرتنەوەى ئاوەکانى دیجلەو فوراتەوە لەلایەن تورکیاوە، هەمیشە کێشەى دبلۆماسی و میدیایی لەنێوان هەردوولادا دروستکردووە و پێدەچێت لەو بارەیەشەوە لێکتێگەیشتن بێتە ئاراوە. چوارەم: کێشەى سەرەکى و ئامانجى بنەڕەتى سەردانەکە بوارە ئەمنییەکەیە کە راستەوخۆ پەیوەندى بە سنوورەکانەوە هەیە، هەرچەندە پارتى کرێکارانى کوردستان لە سەرەتاى هەشتاکانەوە لە لایەن رژێمى پێشووەوە لە ناوچەى قەندیل نیشتەجێکراون، بەڵام بەردەوام کاریگەرییان لەسەر ناوخۆی تورکیا هەبووە و گەڕاونەتەوە ناوچەکەى خۆیان و لەناوخۆشدا هەمیشە چالاکی جۆراوجۆریان ئەنجام داوە، بۆیە تورکیا بەدواى ئەوەدا دەگەڕێت ئەو کێشەیە چارەسەربکات و چیتر ئەو پارتە نەبێتە کێشە بۆ سنوورەکان و ناوخۆش بۆخۆی یەکلایی بکاتەوە، هەرچەندە ئەم بابەتە کۆنە و رەگوڕیشەى قووڵی هەیەو پەیوەست و گرێدراوە بەچەندین بابەتى دیکەوە، بەڵام هیچ کاتێک عێراق بە ئەندازەى ئێستا سوور نەبووە بۆ کۆتایی هێنان بەو کێشەیەو لە نوێترین گۆڕانکاریشدا عێراق لە زارى قاسم ئەعرەجییەوە پارتى کرێکارانى کوردستانى وەک پارتێکی نایاسایی ناو بردووە، ئەمەش هەنگاوێکە لە لایەکەوە تورکەکان پێیان خۆشەو لە لایەکى تریشەوە رەوایەتى دانە بەخۆی بۆ ئەوەى هەر کارێکیان لەبەرامبەردا بکات لەبەر ئەوەى پارتێکى یاسایی نین.

ئەم چوار تەوەرە لەنێو رەشنووسی پلانەکانى ئەم سەردانەدا ئاشکرا کراون، ئەوەشى کە ئاشکرانەکراوە لە دواى سەردانەکەى بۆ بەغداد و هەولێر روون دەبنەوە و لە هەمان کاتیشدا هەڵوێستى هەردوو حکومەتى تورکیا و عیراقیش دەخرێنە روو، ئەوەى دەمێنێتەوە هەرێمى کوردستانە کە لەنێوان هەردوولادا و لەبەرامبەر کێشەیەکى هەستیارى بڕیارداندا پێگەیەکی گرنگی هەیە و دەبێت وەک ئەکتەرێکی سەرەکی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. ‎بەڵام هێشتا دیار نییە، ئاخۆ چەندێک لەو بابەتانە روبەڕووى هەرێمى کوردستان دەبێتەوە و داواکارییەکانیان لە یەکتری لەچى ئاستێکدا و چى دەبێت، چی لەسودی هاونیشتیمانیانی هەرێمە، رۆژانى داهاتوو ئەوە یەکلایى دەکاتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP