دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 02/04/2024

هێرش بۆ سەر کونسوڵخانەی ئێران لە سوریا؛ ئیسرائیل بەدوای چیدا دەگەڕێت؟

هەرێم نیوز

دوای ماوەیەکی کەم لە پەسەندکردنی بڕیارنامەیەک لە دژی ئیسرائیل لە ئەنجومەنی ئاسایش، لە پێشهاتێکی مێژووییدا، ئەم وڵاتە هێرشێکی بێوێنەی بۆ سەر کونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دیمەشق ئەنجامدا.  بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، سەروەری باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکان لە دەستی وڵاتی میواندایە و ئەم هێرشە لە ڕاستیدا دەتوانرێت بە بۆردومانی خاکی ئێران لێکبدرێتەوە.

بە واتایەکی تر، هەم شوێن و هەم کاتەکەی، وادەکات کە ئەم هێرشە بکاتە کردارێکی سەربازی بەرچاو؛  ئەم کارە جارێکی دیکە نیگەرانییەکانی لەبارەی تەشەنەسەندنی شەڕی غەززە بۆ ناوچەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت پێکهێنانی شەڕێکی تەواو لە ناوچەکەدا پەرەپێدا، چونکە ئێستا لە ڕوانگەی ئیسرائیلەوە تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئێراندایە .

ئەگەر ئێران وەڵامی شیاو بداتەوە بۆ هێرشکردنە سەر کونسوڵخانەکەی (و کوشتنی یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران)، ئەوا خۆی دەبینێتەوە لە شەڕێک کە هۆکاری زۆری هەیە بۆئەوەی خۆی لێ بپارێزێت و نەوێرێت بچێتە ئەو شەڕەوە، کە  لە هەموو هۆکارێک گرنگتر نەبوونی هێزی سەربازیی پێویستە بۆ سەرکەوتن لە شەڕێکی لەو شێوەیەدا.

ئەگەر ئێران بێدەنگیش بێت، گورزێکی قورس لە ناوبانگ و پێگەی خۆی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەدرێ.  ئەو متمانەیەی کە چەندین جار لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە کەوتۆتە ژێر پرسیارەوە و سوپای قودس نەیتوانیوە وەڵامێکی هەبێت کە هاوئاستی قورسایی ئەو پڕوپاگەندانە بێت کە بۆ خۆیانی دەکەن.

بژاردەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ وەڵامدانەوە سنووردار دەبێت لە ئاسێکدا کە نە بیگەیەنێت بە جەنگێکی تەواوەتی لەگەڵ ئیسرائیل و لە هەمان کاتدا نەملە چاوی چاودێراندا لاواز و بێهەست دەرکەوێت.

بۆچی ئیسرائیل هێرشی کرد؟

ئەمە یەکەمجار نییە ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر ئێران.  زیاتر لە دە ساڵە ئەم وڵاتە تیرۆرکردنی زانایانی ئەتۆمی و هێرش بۆ سەر دامەزراوە سەربازی و ئەتۆمییەکان و تێکدانی ئەلیکترۆنی لە ناوخۆی ئێران ئەنجام دەدات.  لە هەمان کاتدا لە سوریا هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەندامانی سوپای پاسداران مێژوویەکی زیاتر لە دە ساڵەی هەیە.

ئیسرائیل هەرگیز ڕاستەوخۆ بەرپرسیارێتی هێرش و پەلامارەکانی ناو ئێرانی لە ئەستۆ نەگرتووە.  بەڵام لە ساڵی ٢٠١٨ەوە ئەم وڵاتە بە ئاشکرا هێرشەکانی بۆ سەر پێگەکانی سەر بە ئێران لە سوریا پشتڕاست کردەوە؛  ئەو هێرشانەی کە نزیکەی چوار ساڵ لەمەوبەر دەستی پێکرد و بەگوێرەی سوپای ئیسرائیل بە تێپەڕبوونی کات چڕی و ژمارەیان زیادی کرد.

هەر لە سەرەتای شەڕی غەززەوە، لە پەراوێزی هێرشە بەربڵاوەکانی ئیسرائیل بۆ سەر فەلەستینییەکان و ململانێ پەرشوبڵاوەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ حیزبوڵڵای لوبنان، هێرشەکان بۆ سەر پێگەکانی ئێران و ئەندامانی سوپای پاسداران لە سوریاش بەردەوامن.  لەنێویاندا، تەنها هەفتەیەک دوای ئەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، ئەم وڵاتە فڕۆکەخانەی دیمەشقی بۆردومان کرد، ئەمەش وایکرد دوو فڕۆکەی سەر بە ئێران کە خەریک بوو بنیشنەوە، بگەڕێنەوە تاران.  میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، یەکێک لەو فڕۆکانە حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێرانی هەڵگرتووە.

جگە لەوەش، لەم شەش مانگەدا، ئیسرائیل چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر پێگەکانی ئێران و میلیشیاکانی، جگە لە لێدانی هێزە سەربازییەکانیان (لە ڕێگەی بۆردومانی بەرفراوانی کۆگاکانی چەک و ئازووقەکانیان لەکاتی گواستنەوەدا)، دەیان میلیشیای سەر بە ئێران و ئەندامانی سوپای پاسداران کوژراون. هەر لەم هێرشانەدا بوو کە لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣، میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە کە ڕەزی موسەوی یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی سوپای قودسی سوپای پاسداران لە نزیک دیمەشق کوژراوە.

ئەمجارە بە ڕواڵەت ئامانجی سەرەکی هێرش بۆ سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق کوشتنی فەرماندەیەکی تری سوپای قودسی سوپای پاسداران بوو بە ناوی محەممەد ڕەزا زاهدی، بەو جیاوازییەی کە ئەم ئەندامەی سوپای پاسداران کەسایەتییەکی ناسراوتر بوو بە بەراورد بە ڕازی موسەوی و تەنانەت بۆ ماوەیەک فەرماندەیی هێزی زەمینی سوپای پاسداران بوو. وەک بەشێک لە میدیاکانی ئێران بڵاویان کردۆتەوە، فەرماندەی هێزەکانی سوپای پاسداران بووە لە عێراق و سوریا.

بەڵام لە کوشتنی یەکێک لە پلە باڵاکانی سپای قودسی سوپای پاسداران گرنگتر، ئەوەی ڕەهەندێکی گرنگ بەم هێرشە دەبەخشێت شوێن و کاتی هێرشەکەیە.  کونسوڵخانە و باڵەخانە دیپلۆماسییەکان لە هەستیارترین شوێنەکانن، یاسا نێودەوڵەتییەکانیش سەبارەت بە پارێزبەندی ئەو شوێنانە و پێویستی پاراستنیان زۆر توند و شەفافن.

هێرشێکی لەم شێوەیە بۆ سەر باڵەخانەیەک کە بە فەرمی ئاڵای کۆماری ئیسلامی ئێرانی بەسەردا هەڵدەدرێت، جیا لە  زیانی گیانی و مادی، بە لێدانێکی قووڵیش لە پێگە و دەسەڵاتی ئێران لە ناوچەکە دادەنرێت.  وڵاتێک کە نەتوانێت پارێزگاری لە باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکانی بکات لە دژی دوژمنەکانی، چۆن دەتوانێت بانگەشەی "بەرخۆدان" بکات لە دژی ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی؟
ئەگەری وەڵامدانەوەی ئێران؟

کۆماری ئیسلامی ئێران پێشتریش بە هەمان شێوە زەلیل کراوە.  نموونەی هەرە گرنگ تیرۆرکردنی قاسم سولەیمانی بوو لە عێراق کە گورزێکی بەرچاوی لە دەسەڵات و نفوزی ئێران لە ناوچەکە دا.  ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە سوپای قودسی سوپای پاسداران هەوڵدەدات خۆی بگەڕێنێتەوە بۆ دۆخی پێش تیرۆرکردنی سولەیمانی؛  هەڵوێستێک کە ڕەنگە لە ڕوانگەی فەرماندەکانی ئێستای سوپای قودسەوە بەردەست بووبێت، بەهۆی هێرشی حەوتی ئۆکتۆبەر لەلایەن حەماسەوە.

لە ڕاستیدا ستراتیژی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا لە وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل، لە ڕێگەی هێزە پرۆکسییەکانیەوە بووە.  هەر بەو هۆیەشەوە کە حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبەردا هێرشێکی مێژوویی دەستپێکرد، هەندێک لە ئیسرائیل پەنجەی تۆمەتبارکردنیان ئاراستەی ئێران کرد و بانگەشەی ئەوە کرا کە ئەم هێرشە بەبێ پشتیوانی و پلاندانانی تاران مومکین نەدەبوو.

ئێران ڕەتیکردەوە دەستی لە هێرشەکەی حەماسدا هەبێت.  بەڵام لە هەمان کاتدا، لە ڕۆژی دوای هێرشەکەوە، تاران ڕووی لە هەڵمەتێکی ئاڵۆز و بەرفراوانی سەربازی-دیپلۆماسی-پڕوپاگەندەیی کرد بۆ پشتیوانی لە حەماس؛  هەڵمەتێک کە تیایدا بریکارەکانی ئێران لە ناوچەکە (بەتایبەت لە عێراق و یەمەن) هەوڵیاندا ئەمریکا ناچار بکەن لە ڕێگەی هێرشی سەربازییەوە هێرشەکانی ئیسرائیل لە غەززە ڕاگرێت.

بەڵام ئیسرائیل ڕەتیکردەوە یەک هەنگاو بۆ دواوە بنێت.  هەر لە سەرەتای ئەم قەیرانەوە ئەم وڵاتە ڕایگەیاند کە بڕیاری داوە لە ڕێگەی سەربازییەوە دوو ئامانجی سەرەکی و دەستبەجێی خۆی بگات، یەکەمیان ئازادکردنی هەموو بارمتەکانی و دووەم، لەناوبردنی یەکجارەکی حەماس.  بەو پێیەی هیچ کام لەم دوو ئامانجە سەرەکییەی ئیسرائیل بە تەواوی بەدی نەهاتووە، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە لە غەززە هێشتا بەردەوامن؛  ئۆپەراسیۆنێک کە تا ئێستا زیاتر لە ٣٢ هەزار کەسی کوشتووە.

هاوکات، ڕۆڵی وردی پشتیوانی تاران لە حەماس (ئاشکرا و نهێنی) لە شەڕی غەززەدا ڕوون نییە.  هەرچییەک بێت، حەماس تا ئەمڕۆش نزیکەی 130 بارمتەی ئیسرائیلی هەیە، دوای شەش مانگ لە دەستپێکردنی قەیرانەکە و سەرەڕای چەند مانگێک شەڕی بێوچان و بۆردومانی بەرفراوانی غەززە، هێشتا وەک گروپێکی چەکداری لەم ناوچەیەدا چالاکە.

کوشتنی یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی سوپای قودسی سوپای پاسداران لە ڕاستیدا دەتوانێت وەڵامێک بێت بۆ تاران کە چالاکانە پشتیوانی لە دوژمنی سەرەکی ئیسرائیل دەکات لە غەززە و ڕەنگە ڕۆڵی هەبێت لە درێژەی شەڕی غەززە.

بۆچی ئێستا؟

ئێستا کە ئیسرائیل هێشتا نەیتوانیوە هەموو بارمتەکانی لە سەروبەندی شەڕی شەش مانگەی غەززە ئازاد بکات، هێرشی ڕاستەوخۆ بۆ سەر کونسوڵخانەی ئێران بۆ کوشتنی فەرماندەیەکی پلە باڵای سوپای پاسداران نیشانەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی ئەم وڵاتە چەندە ئامادەیە کە لە پێناو بەدیهێنانی ئامانجە پێشوەختە دیاریکراوەکانی، گرژی و ململانێی ناوچەکە زیاتر بکات و ڕەنگە ناوچە جوگرافییەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جگە لە غەززە ڕووبەڕووی نائەمنی سەربازی بکاتەوە.

و ئەمەش لە کاتێکدا ڕوویدا کە ئیسرائیل زیاتر لە جاران لە ژێر فشاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدایە بۆ کۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە غەززە.  قەبارەی ئەم فشارانە گەیشتە ئاستێک کە هەفتەی ڕابردوو ئەمریکا بە خۆبەدوورگرتن لە دەنگدان لە ئەنجومەنی ئاسایش پشتی ئیسرائیلی چۆڵکرد بۆ ئەوەی ئەم ئەنجومەنە بتوانێت بڕیارنامەیەک دەربکات کە داوای ئاگربەستی دەستبەجێی لە غەززە بکات.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و فەرماندە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە تا ئازادکردنی بارمتەکان بەردەوام دەبن لە شەڕ.  بەڵام ئەوان زۆر باش دەزانن کە شەڕی غەززە تا ئێستا ناوبانگ و پێگەی ئیسرائیلی لە جیهاندا بەفیڕۆ داوە و ڕەنگە بەردەوامی فشارەکان ناچاریان بکات بە ستراتیژییە سەربازییەکانیاندا بچنەوە.

لە دۆخێکی وادا، دەکرێت کوشتنی فەرماندەیەکی سوپای قودسی سوپای پاسداران، بە زیاتر لە وەڵامدانەوەی پشتیوانی تاران بۆ حەماس یان تۆڵەسەندنەوەی هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەر لێکبدرێتەوە.  لە بارەی وەڵامدانەوەی ڕێژەیی ئێران بۆ ئیسرائیل (بەتایبەت ئەگەر وەڵامدانەوەی ئەمجارە ڕاستەوخۆ بێت و هێزی پرۆکسی بەکارنەهێنێت) ڕەهەندێکی تەواو نوێ بۆ شەڕی غەززە زیاد دەکرێت و باسوخواس لەسەر شەرعیەتی کردەوەکانی ئیسرائیلیش لەم ناوچەیەدا دێتە مەیدان.

بە لەبەرچاوگرتنی سیاسەتی دەرەوەی ئێران کە دژ بە ڕۆژئاوایە، هەتا زیاتر سوپای پاسداران بەڕووی شەڕی غەززەدا بکرێتەوە، هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئیسرائیل بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی ڕۆژئاوا ئاسانتر دەبێت.  ئەو پشتیوانییەی کە ئیسرائیل زۆر پێویستی پێیەتی و کێشەکەشی ئەوە بوو لە چەند مانگی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بووەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە ئەگەر کۆماری ئیسلامی ئێران وەڵامێکی شیاو بۆ ئەم هێرشەی ئیسرائیل نەداتەوە و وەک حاڵەتەکانی پێشوو پشتگوێی بخات، ئەوا متمانەی ناوچەیی خۆی کە چەندین جار زیانی پێگەیشتووە، دەخاتە بەردەم قومارێکی سەخت.  ئەگەر ناوچەکە پلەبەندییەکی پێگە و دەسەڵاتی تێدا هەبێت، کە ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات لە لوتکەی دەسەڵاتدایە لە ناوچەکە، ئەوا پێویستە ئەم دەسەڵاتە لەم جۆرە ساتانەدا خۆی نیشان بدات و هەڵوێست بنوێنێت.

سەرچاوە: بی بی سی



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP