دواین هەواڵ

کوردستان‌

 02/04/2024

مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە

هەرێم نیوز 

بەسەرپەرشتی بافڵ تاڵەبانی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کۆتاییهات و راگەیەندراوێكی لەبارەی هەڵبژاردن بڵاوكردەوە و رایگەیاند، تەئکید لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕ و مەبدەئی یەکێتیی دەکەنەوە کە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندایە لەوادەی دیاریکراوی خۆی لە ( ١٠-٦- ٢٠٢٤).

ئەمڕۆ سێشەممە 2ی 4ی 2024، مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، مەکتەبی سیاسیی بەسەرپەرشتی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوووە و دیسانەوە تەئکیدی لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕ و مەبدەئی یەکێتیی کردەوە کە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندایە لەوادەی دیاریکراوی خۆی لە ( ١٠-٦- ٢٠٢٤).

ئەوەش هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمرۆ لە دەباشان بۆ تاوتوێکردنی دوا ئامادەکارییەکان و بەرنامەی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتیی لەم بوارەدا بەرێوەچوو ، هەڤاڵان بە تێکرا لەگەڵ پابەندێتیی هەموو لایەک بوون بەو وادەی کە لە لایەن سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە بڕیاری لێدراوە و کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش ئامادەکاری پێویستی بۆ کردووە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی لە سۆنگەی پەرۆشی بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم و ئەزموونی دیموکراتی کوردستان کە خەونی لە مێژینەی گەلەکەمانە و خەباتێکی بێوچانی بۆ کراوە، هەروا جەختی لەسەر بەرێوەچوونی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دیموکرات کردەوە کە پابەندبوون بە وادە راگەیاندراوەکانی هەڵبژاردنیش بەشێکە لە ئاماژە جەوهەرییەکانی پاک و بێگەردی پرۆسەکە، کۆبوونەوە دووپاتیشی کردەوە نوێکردنەوەی دامەزراوە دەستورییەکانی وەک پەرلەمان و حکومەتی هەرێم هەر لە رێی دەنگدانی گشتییەوە دەبێت و رەوایی نوێنەرایەتی گەلەکەشمان بۆ داکۆکی ماف و ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانیش هەر بەو شێوەیە دابین دەبێت.

بە گوێرەی راگەیەنراوەکە، مەکتەبی سیاسیی هەڵوێستی روون و ئاشکرای یەکێتیی تەئکید کردەوە کە ئەمرۆ داخوازی هاوڵاتیان بۆ مووچەو بوجەی ئاوەدانی و بوژاندنەوە تەنها و تەنها لە رێی پەرلەمان و حکومەتێکی نوێوە دەکرێت کە پشت بەستوو بە بڕیاری خەڵکی کوردستان دەتوانێت پێداگری لەسەر مافە دەستورییەکانی کوردستان و شایستە داراییەکانی گەلەکەمان بکات و لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی دانوستاندێکی دادپەروەرانە و ئازایانەی لەسەر بکات.

باسی لەوەش کردووە، بەشێکی کۆبوونەوەکە تەرخانکرا بۆ هەڵسەنگاندنی دوا سەردانی دیپلۆماسیی بافڵ و وەفدی باڵای یەکێتیی بۆ روسیای فیدرال و دیدارەکانی لە مۆسکۆی پایتەختی ئەو وڵاتە، کۆبوونەوەکەی مەکتەبی سیاسیی سەردانەکەی بە سەرکەوتوو و بنیاتنەرانە لە قەڵەمدا کە دەبێتە مایەی گەشەکردنی پەیوەندی یەکێتیی و روسیا و پەرەپێدانی زیاتری دۆستایەتی لەگەڵ کوردستان .

ئەمەش لە کاتێکدایە، 10ى حوزەیرانى 2024 دیاریکراوە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان کە لەلایەن کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێت. 

لیست و هاوپەیمانێتییەکان ناوی کاندیدەکانی خۆیان پێشکەشی کۆمیسیۆن کردووە  و 31ی 3ی2024 کۆتا وادەی پێشکەش کردنی ناوی کاندیدەکان بو بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان ناوی کاندیدەکانی پێشکەش بە کۆمیسیۆن نەکرد. 

بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تێکڕا 20 حزب و 2 هاوپەیمانێتی و 62 کاندیدی سەربەخۆ بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەکە تۆمارکراون، کە لەبازنەکانی هەڵبژاردن بەشداردەبن، بەڵام لەگەڵ ئەوەی وادەی ناو تۆمارکردنی لیست و هاوپەیمانێتییەکان کۆتاییهاتووە، تەنها دوو هاوپەیمانێتی و 10 حزب و 54 کاندیدی سەربەخۆ ناویان تۆمار کردووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP