داستان بەرزان
داهێنان چییە؟
کردەی داهێنان مەبەست لە ئەنجامدانی کارێکە بۆ هێنانەئارای شتێکی نوێ کە پێشتر کەس بەو جۆر و شێوازە دەرکی نەکردبێت و ئەنجامی نەدانێت. لە ئاکامدا کەسی داهێنەر لە ڕێگەی کارەکەیەوە کێشەیەک چارەسەر دەکات یان ئۆبجێکت و مانای نوێ و فۆرمی نوێ لە بوارەکەیدا بەرهەمدەهێنێت.
مرۆڤ لە سەرەتاکانی بوون و ژیانیدا لەسەر زەوی هەمیشە وەک بوونەوەرێکی بیرکەرەوە لە هەوڵی دۆزینەوە و پەیبردنە بەو شتانەی بەدینەهێناون. هەڵبەت لە بەرەبەیانەکانی مێژوودا بەوپێیەی کەموکوڕی و پێداویستییەکانی بەجۆرێک بوون، سادەترین دۆزینەوەکان وەک داهێنان دەکەوتنەوە، بەڵام هەر ئەو هەوڵانەبوون کە وایانکردن مرۆڤ جیاواز لە هەر گیاندارێکی دیکە ببێتە خاوەن شارستانییەت و بگات بەم ئاستەی ئێستا، کە نزیکە لە ڕێگەی داهێنای زیرەکی دەستکردەوە چیتر گەڕان و هەوڵەکانی بۆ هۆشمەندی و ئاستی بەرزتری بیرکردنەوە مانایەکیان نەمێنێت، ئەمەش لە ڕێگای بەکارهێنانی وەها پڕۆگرامێکەوە کە وادەکات بە ئاسانی هەرچیت بووێت بەدەستیبهێنیت.
لەو سۆنگەی بە ئامێربوون و نەمانی زۆر لە بەهاکانی مرۆڤەوە، بۆچوونی بەشێکی بەرچاو لە وڵاتانی جیهان ڕێگری دەکەن لە تەشەنەسەندنی وەها بەرنامەیەک، نەک ئەوەندەش بگرە بە مەترسییەکی گەورەی تەماشا دەکەن لەسەر ژیانی داهاتووی سەرجەم مرۆڤایەتی، لەبەر ئەوە تاکو ئەمڕۆ ئەوەی بەزیرەکی دەستکرد ناودەبرێت، بەکاربردنی سنوردارکراوە و لە چەند بوارێکی دیارییکراودا بەردەستە و ڕێگا نادرێت شۆڕبێتەوە بۆ ناو ژیانی مرۆڤ.
داهێنان لە سەرەتادا وەک کردەیەکی کەسی سەرهەڵدەدات و لە خەیاڵ و ئەندێشەی تەنیا مرۆڤێکەوە سەرچاوە دەگرێت، پاشان دەکرێت ببێتە نەریتێکی بەربڵاو کە زۆرینەی مرۆڤایەتی کەڵکی لێوەربگرن، هەرچەندە جێگەی لەسەر وەستانە مرۆڤ هەر لە ڕێگەی ئەم کردەیەوە گەیشتووە بە هەندێک شتی کارەساتباری وەها کە بە زیانی گەورەی ژیانی ئێستا و ئایندەی خۆی دەگەڕێت، بەڵام لە کۆتاییدا هەر کام لەو شتانەش هەر بە داهێنان هەژماردەکرێن!
تێڕوانینێک هەیە کە دەڵێت: لەم سەردەمەدا کە مرۆڤایەتی گەیشتووە بە پلەیەکی بەرزی پێشکەوتن لە بوارە جیاوازەکاندا و چیتر دەرفەتی داهێنان نەماوە یان تەواو سنوردارە، بەڵام ئەمە دیدێکی باوەڕپێکەر نییە بۆ زۆرینەی بوارەکان و ڕەنگە وەک لاوازترین بۆچوون لە هەمبەر داهێناندا وەربگیرێت، بەوپێیەی زانست سەلماندوویەتی کە مرۆڤ هێزی بیرکردنەوەی بێپەروا بەرینە و بەردەوام لە گەڕان و پشکنیندایە بۆ دۆزینەوەی شتانێکی نوێتر، وەک دیاریشە ڕۆژانە لەسەر ئاستی جیاجیا شتی تازە و ڕێگا و چارەسەری تازە بۆ کێشەکان دێنە ئاراوە. لەگەڵ ئەوەشدا مرۆڤی داهێنەر زۆرجار ئەو دەرەنجامانەش هەڵدەوەشێنێتەوە و ڕێگای تازەیان بۆ دادەنێت کە پێشتر پەیپێبراون و وەک تاکە ڕێگا یان باشترین ڕێگا گیراونەتەبەر، واتە لە جێگایەکدا داهێنان دەبێتە لێدان و هەڵوەشاندنەوە و بەتاڵکردنەوەی ئەوانەی لە ڕابردوودا وەک داهێنان هەژمارکراون و ساڵانێکی زۆر مرۆڤ بۆ چارەسەری ئاستەنگەکانی پەنای بۆ بردوون، ئەوەش مەوداکانی کاری داهێنان فراوانتر دەکات و جوڵەی بەردەوام دەبەخشێتە گەڕان و پشکنینەکان، بە کورتی: هەتاکو مرۆڤ هەبێت و بیربکاتەوە و هەوڵی تێگەیشتنی زیاتر و وردتر بدات، داهێنان بەردەوامی دەبێت، واتە مەرگی داهێنان لەگەڵ مەرگی بیرکردنەوە و نەمانی مرۆڤایەتیدایە.
ئەدەب و داهێنان
دانتی نووسەری ئیتاڵی و خاوەن کتێبی (کۆمیدیای ئیلاهی) کە یەکێک لە کتێبە مەزنەکانی مێژووی مرۆڤایەتی، لە بڕیەکی کۆمیدیاکەییدا دەنووسێت: سوێند بەم کۆمیدیایە، کە سەردەمەکان دەبڕێت! ئەم دەربڕینەی دانتی نیشاندەری ئەو ڕاستییەیە کە نووسەر لە کاتی نووسینی کتێبەکەییدا بەرلە هەرکەس خودی خۆی زانیوویەتی کە بەو کارەی دەیکات داهێنانێکی گەورە پێشکەش بە فیکر و ئەدەبیاتی جیهان دەکات، ئەم دەرکردنەی ناوبراویش هەروا ئاسان نییە، بەڵکو وابەستەیە بە هۆشیاری گەورەی ئەوەوە لە بەرامبەر کۆی جیهان و ئەوە تاکو ئەو قۆناغەی ئەو بەدەستهاتوون، لە هەمان کاتدا ئەم ڕستەیە پێمان دەڵێت: دانتی بە ئاگاییەوە دەستی بە کردە داهێنەرانەکەی کردووە و بە لەبەرچاوگرتنی سەرجەم لایەنەکانی کاری تێداکردووە، لەوێدادۆخی دانتی بە ئەندازەیەکی زۆر پێچەوانەی ئەو دیدە فرۆیدییە دەوەستێتەوە کە پێی وایە: داهێنان کردەیەکە لە نائاگایی مرۆڤەوە سەرچاوە دەگرێت و دێتە ئاراوە، کە بێگومان نمونەی بەرچاویش بۆ ئەم جۆرە لە داهێنەر زۆرن، بەڵام لێردەدا هێمان بۆ نووسەری دیاری عەرەب محەمەد ماغوت دەکەین، کە سەبارەت بە شیعری خۆی دەڵێت: من لە زینداندا دەستم دایە ئەو شێوە نووسینە و نەمدەزانی چییە و دەچێتە کام خانەی نووسینی شیعر، تاکو دواتر شارەزایانی ئەدەب پۆلێنیان کردوو وەک جۆرێک لە شیعری پەخشانی دەستنیشانکرا کە دەرهەق بە ئەدەبیاتی عەرەبی شتێکی نوێ بوو...
بەهەمان شێوەی دانتی نووسەری بەریتانی (شێکسپیر) لە شانۆنامەی (یۆلیۆس کەیسەر)دا کاتێک دەگاتە دیمەنی کوشتنی کەیسەر لەلایەن کودەتاچییەکانەوە، کە یەکێکە لە کاریگەرترین دیمەنەکانی نەک تەنیا ئەو شانۆنامەیەی، بەڵکو لە ڕیزی کۆی کارەکانی و لە پاڵ کۆمەڵێک دیمەنی گرنگ و بەهێزی ناو تێکستە شانۆییەکانیدا دادەنرێت. لەو دەمەدا کە هەریەک خەریکە خەنجەری خۆی لێدەوەشێنێت، نووسەر لە میانی دیالۆگی یەکێک لە کاراکتەرەکان دەڵێت: ئاخۆم ئەم دیمەنە لە چەند جێگای دیکەی ئەم جیهانە و بە چەند زمانی دیکەی ئەم دنیایە دووبارە دەکرێتەوە؟
ئەمەش دەرخەری جۆرێک لە دڵنیایی ئەم نووسەرە دەردەخات لە بەرامبەر ئەو کارەی دەیکات و مەبەستێتی لە ناو ئیشەکەیەوە هێما بۆ هێزی داهێنەرانەی خۆی بکات، کە دەتوانێت کیشوەرەکان ببرێت و بچێتە ناو زمانەکانی دیکەی دنیا و لە نێو هەر کولتوورێکدا زیندوو بێت!
ئەم هەستکردنە بە دڵنیایی لە داهێناندا لەلای نووسەرێکی مەزنی وەک شێکسپیر یان دانتی و هاوشێوەکانیان لەلای شاعیری کورد شێرکۆ بێکەس بە جۆرێکی تر بەرجەستە دەبێت کاتێک سەبارەت بە یەکێک لە بەرهەمە هەر دیار و داهێنەرانەکانی خۆی بە ناوی (دەربەندی پەپولە) دەڵێت: لە فرۆکەدا بووم و بۆلای دایک دەچووم لە ئەمریکا، بیرم کردەوە لەوەی تاکو ئەوکات لە ئەدەبدا کردبووم، دەمزانی لە نەخشەی شیعری نوێی کوردییدا ناوێکی دیارم بەڵام دەمویست ئەمجارە شتێک بکەم، کە پێشتر کەسیتر نەیکردبێت، ئەوەبوو لەو سەفەرەمدا یەکەم ڕەشنووسی دەقی واڵای (دەربەندی پەپولە)م نووسی.
بێگومان هەستی ئەم شاعیرەی کوردیش لە بەرامبەر داهێناندا ڕاستەقینە دەکەوێتەوە و پاش ئەوەی (دەربەندی پەپولە) دەکەوێتە بەرچاو بە یەکێک لە بەرهەمە داهێنەرانەکانی ئەدەبی کوردی و تەنانەت ئەدەبیاتی ناوچەکەش دادەندرێت.
سەرەنجام:
داهێنان کردەیەکە لە هەموو مرۆڤێک ناوەشێتەوە، ئەوانەی دەچنە ڕیزی داهێنەرانەوە ئەو کەسانەن کە داهێنەرانە دێنەبوون و داهێنەرانە دەژین و بیردەکەوە و لە ئاکامدا داهێنەرانەش دەمرن.
مرۆڤ بۆ ئەوەی بوونێکی تاقانەی هەبێت داهێنان دەکات، هەر داهێنانیش مرۆڤ نەمر دەکات، مرۆڤە داهێنەرەکان چەندی وەک لایەنی فیزیکی مردبن، وەک ناو، وەک ئەوەی بەرهەمیانهێناوە هەرگیز نامرن. چونکە یەکێک لە خولیاکانی مرۆڤ کە لە پێناوییدا پەنا بۆ داهێنان دەبات، خەونی بەدەستهێنانی نەمرییە.
.......