دواین هەواڵ

کلتور‌

 11/01/2024

لە نێوان تراژیدیا و کۆمیدیادا

داستان بەرزان

مۆلێر یان شێکسپیر؟

مۆلێر ئەو شانۆنامەنووسە فەرەنسییەیە کە بەرهەمەکانی بۆ نمایشی کۆمیدیادا نووسیوون، بەڵام کۆمیدیایەکی پایە بەرزی وەها کە پلەی ئەدەبی و هونەریی و فەلسەفییان هیچیان لە شانۆنامە تراژیدییەکانی شانۆنامەنووسی بەریتانی شێکسپیر کەمتر نییە، تەنانەت لە هەندێک کۆمەڵگادا بۆ ئەوەی پەیامی نمایش ئامانجەکان خێراتر بپێکن ڕەنگە کارەکانی مۆلێر کاریگەرتربن.

مۆلێر هاوشێوەی شێکسپیر بەو کۆمیدیایانەی نووسیوونی و بۆ خۆیشی وەک ئاکتەر و دەرهێنەر ڕۆڵی لە نمایشکردنیاندا هەبووە، توانیوویەتی پێگەیەکی تایبەت بە خۆی شێواز و تەکنیکی نووسینی تێکستی شانۆییدا دەستەبەر بکات و داهێنانەکانی بوونەتە بنەمایەکی بەهێز لە چۆنێتی نووسینی شانۆی کۆمیدیدا، بە جۆرێک کارەکانی هەتاکو ئەمڕۆ بەردەوام لەسەر شانۆکانی وڵاتانی جیهان نمایش دەکرێن و ناوەندە ئەکادیمییەکان بۆ خوێندنی شانۆ کەڵکیان لێوەردەگرن، توێژەرانی پسپۆڕ لێکدانەوەی نوێیان بۆ دەکەن.

شانۆییەکانی مۆلێر هاوشێوەی هەر داهێنەرێکی تری دنیای شانۆ چوونەتە ناو کولتوورە جیاوازەکان و بە زمانە جیاوازەکانی جیهان نمایش دەکرێن، وەکچۆن بەرهەمەکانی شێکسپیر هەمیشە زیندوون و بنەمایەکی سەرەکیین بۆ نووسینی شانۆنامە و لەگەڵ هەر سەردەمێکدا دەتوانن پەیوەندی کاریگەر ببەستن. ئەوەش وادەکات هەر یەکێک لە داهێنەرانە چیتر مرۆڤی جوگرافیا بچوکەکان نەبن و پەلبهاون بۆ کەسانێک کە جیهان خۆی بە خاوەنیان بزانێت.

ئەوەی لە نێوان مۆلێر و شێکسپیردا جیاوازییە ئەوەیە کە هەریەکەیان بە شێوازێکی تێکستی شانۆیی ناسراون، کە (تراژیدیا و کۆمیدیا)یە. لەو سۆنگەیەوە مۆلێر و شێکسپیر دەبنە دوو دیوی هەمان دراو کە هەریەکەیان ئەویتریان تەواو دەکەن، واتە مۆلێر دیوە کۆمیکەی شێکسپیرە و شێکسپیریش وەک دیوە تراژیکەکە زیاتر خۆی نمایش دەکات، ئەگەرچی لەتەک نووسینی کۆمیدیادا چەند بەرهەمێکی کۆمیدیاشی نووسیوە، بەڵام دواجار وەک تراژیدیانووس دەکەوێتەوە.

تراژیدیا یان کۆمیدیا؟

تراژیدیا و کۆمیدیا ئەو دوو چەشنەن لە سانۆنامە کە بوونەتە بنچینە و بنەمای بەرچاوی شانۆ و مێژووی شانۆنامەی جیهانی بەگشتی لەسەر ئەو دوو تەرزە پۆلێن دەکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا گرنگە هێما بۆ ئەوە بکەین کە لە ئەنجامی ئاوێتەبوونی تراژیدیا و کۆمیدیا جۆرێکی دیکەی شانۆنامە دێتە ئاراوە کە بە (تراژ/کۆمیک) ناسراوە. واتە ئەو شێوە شانۆنامەیەی کە لە یەک کاتدا هەڵگری تایبەتمەندییەکانی هەر دوو چەمکی (تراژیدایا و کۆمیدیا)یە و بینەران لە بەرامبەرییدا دەکرێت ساتێک بەر دیمەن و دیالۆگ و ڕووداوی کۆمیک بکەوێت و ساتێکی دیکە هەست بە ئازار و نیگەرانییە قووڵەکانی تراژیدیا بکات، کە ئەمەش بە وردبوونەوە لە کارەکانی هەریەک لەم دوو داهێنەرەدا دەرکی پێدەکرێت و کەم نین ئەو دیمەن و دیالۆگ و ساتەوەختانەی لە شانۆنامەکانی شێکسپیردا پێکەنین درست دەکەن و لەلای مۆلێریش بەهەمان شێوە کە تەزووی ناخۆشی و بیگەرانی بە دڵدا دەهێنن. کەواتە لە جیهانی هەردووکیاندا گریان و پێکەنین پێکەوە و لە یەک دەمدا گوتاری شانۆنامەکە بە وەرگر دەگەێنن.

مۆلێر و شێکسپیر لە خاڵیکدا زیاتر بە یەک دەگەن، ئەویش دیدی هەر کامێکیانە بۆ ژیان وەک تراژیدیا، لەو بارەیەوە خوێندنەوەی تراژیدیاکانی شێکسپیر بەڕوونی نیشاندەری ئەو دۆخە تاریک و پڕ لە ترس و ئازارە دەخەنەڕوو کە مرۆڤ بە جۆری جیاواز ئەزموونی دەکات، هەرچی مۆلێریشە لە کۆتاییەکانی ژیانیدا لە زاری خۆیەوە دانی پێدادەنێت کە ژیان تراژیدیایە. بۆیە ئەگەر بپرسین مانای هەریەک لە چەمکەکانی (تراژیدیا و کۆمیدی) لە چییەوە هاتوون؟

دەکرێت لە وەڵامێکی سادە و بەردەستدا ئاماژە بۆ ژیانی مرۆڤ بکەین، کە بەسەر (پێکەنین/ گریان، ژان/ شادی، خۆشی/ ناخۆشی)دا بەش دەبێت و تەنیا مرۆڤێک نییە سەرجەمی ژیانی لە ناو یەکێکیاندا بەسەربەرێت.بەڵکو ژیان یارییەکی بەردەوامە لەو نێوانەدا (خۆشی و ناخۆشی/ ناخۆشی و خۆشی) بەڵام بێگومان لە مرۆڤێک بۆ مرۆڤێکی دیکە ئاست و ڕێژەکان دەگۆڕدرێت. تەنانەت ئاسان نییە هەروا بە دۆخێک یان جۆرە ژیانێک بڵێین: خۆش یان ناخۆش چونکە هەستی خۆشی یان ناخۆشی و هۆکارەکانی هەرکامیان لە کەسێک بۆ کەسێکی تر جیاوازە و مەرج نییە ئەوەی تۆ وەک خۆشی و باشی تەماشای دەکەیت، بۆ هەر مرۆڤێکی دیکە وەهابێت، تەنیا ڕەنگە شێوە گشتییەکانی هەر کامیان وەربگرین، کە لە ئاکامدا لەسەر ژیانی مرۆڤ هەژمار دەکرێت و چ خۆشی و چ ناخۆشی خەریکی بەڕێکردنی ڕۆژەکانی تەمەنی مرۆڤن.

ئەنجام

ئەم نووسینە هەوڵێکی سەرەتاییە بۆ بەراودێکی سادە لە نێوان دووان لە شانۆنامە نووسە گرنگ و کاریگەرەکانی جیهانی شانۆ، کە زیاتر مەبەستێتی لەسەر بەهای کۆمیدیا بووەستێت، وەک هونەرێکی پایە بەرز، هەڵبەت بەوپێیەی زۆرجار کەسانێک بە ئاسانی بەهای هونەری کۆمیدیا کەم دەکەنەوە، بەبێ ئاگاداری لەو کاریگەرییە بەهێزەی ئەم هونەرە لەسەر بینەرانی دەکات، لەڕووی فیکریی و دونیابینییەوە، بەبێ ئەوەی ئاگاداری ئەو پێگە بەرزە بێت کە ئەم هونەرە لە کۆنەوە بۆ خۆی دیارییکردووە.
ئەم نووسینە لە پاشکۆی ئەدەب و هونەری کوردستانی نوێ بڵاوبۆتەوە..



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP