دواین هەواڵ

کوردستان‌

 03/01/2024

هۆکار و کاریگەری دواخستنی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان

هەرێم نیوز

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بەفەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی كوردستانی ئاگادارکردووەتەوە، ناتوانن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 25 شوباتی 2024 ئەنجام بدەن. لەکاتێکدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 25ـی شوباتی 2024ی وەک رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی  پەرلەمانی کوردستان دیاریکردبوو.

د. عیماد جەمیل، بەرپرسی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکانی عێراق، راگەیاند، بەهۆی دواخستنی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لەسەر کورسی پێکهاتەکان بۆ 21ـی ئه‌م مانگه‌، کۆمیسیۆن ناتوانن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدات. دەشڵێت:" بە فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانیان ئاگادارکردووەتەوە و داوایان کردووە بەڕێککەوتن وادەیەکی دیکە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریبکرێت."

سکاڵاکان لە دژی پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون کە تایبەتن بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەیی و فرە بازنەیی هەڵبژاردن و ژمارەی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان.

سکاڵاکە لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعون، سەرۆکی فراکسیۆنی ڕافیدەین لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی تۆمارکراوە،

بەگوێرەى مادەى 36ـی یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، پێنج کورسیی کۆتا لە پەرلەمانى کوردستان بۆ کلدان، سریان و ئاشووری تەرخان دەکرێن، لەگەڵ یەک کورسی بۆ پێکهاتەى ئەرمەن، هەروەها پێنج کورسی بۆ تورکمانەکان.

پێشتر دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاندبوو، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسوومێکدا رۆژی 25ی شوباتی 2024ی وەک رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی  پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە و سەرجەم لایەنەکانی راسپاردووە بۆ ئەنجامدانی رێکارە پێویستەکان.

لەسەر ئەم پرسە، د.نەوزاد هێتوتی شارەزای سیاسی وتی:" دادگای دەستووری لە ژێر کاریگەری شیعەکان و یەکێتی چەندین مانگە دەستە دەستی بەو سکاڵایانە دەکەن کە دژی یاسای هەڵبژاردنی هەرێم تومار کرابوون و بە ئەنقەست دۆسییەکەیان یەکلا نەدەکردەوە تاکو نەتوانرێت لە کاتی خۆیدا هەڵبژاردن بکرێت. هاوکات لە گەل ئەم ئاڕاستەی کومیسیونیش  بە پاساوی  بێ بنەما نامەیەکی فەرمی ئاراستەی سەرۆکایەتی هەرێم کردووە و جەخت لە سەر ئەوە دەکات پێیان ناکرێت لە 24 شوباتی هەڵبژاردن بکرێت. ئەمە لە کاتێک دابوو هەر لە سەر داوای خویان ئەم وادەیە دەست نیشان کرابوو."

لەبارەی هۆکار و کاریگەری دواخستنی هەڵبژاردنەوە دەڵێت:" یەکەم،  بەغدا بە بەرنامە كار دەكات بۆ  ئەوەی ھەرێم بۆ ماوەیەكی درێژ لە فەراغێكی یاسایی و دەستووریدا بێت. ئەمەش بێگومان كاریگەری خراپ دەكاتە سەر پێگەی ھەرێم.
دووەم، لێدانی راستەۆخۆیە لە پرۆسەی دیموكراسی لە ھەرێمی كوردستان و هەوڵدانە بۆ ناشرین كردنی."

جێی ئاماژەیە، دواى ئەوەى تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کۆتاییهات، رۆژی 9ـی تشرینى یەکەمى 2022، پەرلەمانى کوردستان یاسای ژمارە 12ى درێژکردنەوەى خولى پێنجەمی پەسندکرد. دواتر رۆژی 22ى ئایارى 2023 پەرلەمانی کوردستان بڕیارى کاراکردنەوەى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمى کوردستانی دا، بەڵام دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراق ئەو کاراکردنەوەیەشی بە "نایاسایی" ناساند.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP