دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 10/11/2023

چەقین لە بیرکردنەوەی نێگەتیڤانەدا(نەرێییانەدا)

نیاز نەجمەدین

ئەلیسۆن رۆژێک بە دڵێکی تەنگەوە دەگەڕێتەوە ماڵەوە و گلەیی و گازندەی رۆژەکەی بەدەست بەڕێوەبەر و ئەندامانی تیمەکەیەوە بۆ هاوسەرەکەی دەگێڕێتەوە. کە لە گێڕانەوە تەواو دەبێت، هاوسەرەکەی پێی دەڵێت: ئەی شتە باشەکانی رۆژەکەت چی بوون؟ ئەویش بۆی باس دەکات کە هاوڕێیەکی ئیمەیڵێکی بۆ ناردووە و هەواڵی پرسیوە (بە ئینگلیزیی دەستەواژەیەکی جوان هەیە بۆ ئەمە، ئەڵێن out of the blue، واتە چاوەڕوان نەبووم، پێشبینیم نەدەکرد). ئینجا باسی ئەوەی بۆ دەکات خوێندکارێکی پرسیارێکی قوڵی لێ کردووە. وردە وردە خەندە دێتەوە سەر روخساری و بەخۆی دەلێت: رۆژەکەم هێندەش خراپ نەبوو کە باسم کرد!.
مرۆڤ لە سەرتاسەری دنیادا پتر شتە نێگەتیڤەکان دەبینێت وەک لە پۆزەتیڤەکان، وەک ئەوەی لە نمونە کلاسییکییەکەدا پێمان دەڵێن: نیوەی پەرداخەکە پڕە لە ئاو، بەڵام خەڵک نیوە بەتاڵەکەی دەبینێت و بە کەمی دەزانن.
لەو ڤیدیۆیەی لە کۆمێنتی یەکەمدا دایدەنێم، ئەلیسۆن کە دەرووناسێکی کۆمەڵناسە دەڵێت: ئەوە زۆر گرنگە بزانین مرۆڤ چۆن بیر دەکاتەوە تا تێبگەین چەند نێگەتیڤانە و چەند پۆزەتیڤانە بیر دەکاتەوە. کێشەکە لێرەدا ئەوەیە کە شکست زۆرتر لە سەرکەوتن لە مێشکدا دەمێنێتەوە. ئێمە سەرکەوتنە گەورەکانیشمان تەنها بە کاتیی دڵخۆشمان دەکات، تەمەنی دڵتەنگیمان زۆر درێژترە و رەنگە هەمان رۆژ غەمگین ببینەوە. بە جەند وشەیەکی تر، شکست دەسەڵاتێکی گەورەتری بەسەر مێشکماندا هەیە. تێگەیشتن لەمە یارمەتیمان دەدات دەسەڵاتی نێگەتیڤیتیی بەسەر میشکماندا لاواز بکەین. ئەمەش سەرەتای گۆڕانکاریی بەرەو باشترە لە بیرکردنەوەماندا .
بۆ تێگەیشتن، ئەوان لە تاقیگەیەکدا دوو گروپ دەهێنن و رای ئەوان لەسەر نەشتەرگەرییەک وەردەگرن. بە گروپی یەکەمیان دەڵێن: نەشتەرگەرییەکە بە لە ٧٠٪ سەرکەوتوو بوو. بە گروپی دووەم دەڵێن: نەشتەرگەرییەکە بە لە ٣٠٪ شکستی هێنا. گروپی یەکەم بە هەواڵەکە دڵخۆش دەبن. بەڵام گروپی دووەم دڵخۆش نابن، چونکە دەبیستن کە ٣٠٪ شکستی هێناوە.
لە هەنگاوی دووەمدا، روو دەکەنەوە گروپی یەکەم و پێیان دەڵێن: بەس نەشتەرگەرییەکە بە لە ٣٠٪ شکستی هێناوە. ئەمانیش دڵتەنگیی دەیانگرێت و حەزیان لێ نابێت. ئەچنەوە بۆ لای گروپی دووەم و پێیان دەڵێن: بۆ دڵتەنگ بوون، لە ٣٠٪ شکست واتای لە ٧٠٪ سەرکەوتن. بەڵام ئەوان هەر ناڕازیی دەبن.
لێرەدا کێشەیەکی تر سەرهەڵدەدات، ئەویش ئەوەیە کە بیرکردنەوەی مرۆڤ کەوتە سەر نەرێنییەکان، ئیدی گۆڕانکارییان زۆر قورسە. جگە لەمەش، لە دڵخۆشییەوە بۆ نیگەرانیی زۆر بە خێرایی دێن، بەڵام لە نیگەرانییەوە بۆ دڵخۆشیی زۆر خاو دەڕۆن.
لە زانکۆی سلێمانی ساڵانە یان چەند ساڵ جارێک لە هەر بەشێکدا چەند خوێندکارێکی دکتۆرا و ماستەر گفتوگۆ دەکرێن و بروانامە وەردەگرن. زۆربەی ئەم خوێندکارانە نێگەتیڤانە بیر دەکەنەوە ئەگەر کەمتر لە 'زۆرباشەی باڵا' وەرگرن (واتە نێوان ٨٥ بۆ ٨٩). ئەوان لە بیریان دەچێتەوە کە هێزیک لە دەرەوەی خۆیان ئەم نێگەتیڤیتییەی تێخزاندوون و لە بیری بردونەتەوە کە 'زۆر باشە واتە (٨٠ بۆ ٨٤ لە ١٠٠) و ئەمەش واتای (رێژەی سەرکەوتن زۆر بەرزە). لە بواری پزیشکییدا، هەمووان چاوەڕێن پزیشکەکان بە لە ١٠٠٪ سەرکەوتوو بن لە نەشتەرگەرییەکانیاندا.
وەک ئەلیسۆن ئاماژەی پێدەکات، نێگەتیڤیتیی کێشەیەکی زۆری بۆ پارێزگارەکانی جیهانیش دروست کردووە. کاتێک رایدەگەیەنن بە رێژەی ٤٠٪ دەرفەتی کار بەراورد بە ساڵی رابردوو یان سێ ساڵ پێشتر دروست بووە، خەڵک زۆر بۆی گرنگ نییە.
خۆ کە کۆی بەرهەمی ناوخۆ دوای بێبازاڕیی دەست دەکاتەوە بە هەڵکشان و ئابووریی دەستدەکات بە بوژانەوە، خەڵک هێشتا بیرکردنەوەیان لەناو قەیرانەکەی پێشوودا دەژی و دەمێنێتەوە، کەمتر خەرج دەکەن (واتە بەکاربردن بەهەمان خێرایی سەرناکەوێتەوە).
لێرەدایە کە ئەلیسۆن پێمان دەڵێت: پێویستمان بەوەیە خەڵک فێر بکەین شتە ئەرێنییەکانی ژیانی خۆیان و چواردەوریش ببیین تا لە بیرکردنەوەی نەرێنییدا نەچەقن، تا شکستەکانیان وێرانیان نەکات، تا دەستکەوتەکانیان ببینن. پێویستمان بەوە هەیە هەواڵە خۆشەکانیش بە یەکتر بگەیەنین، چونکە دڵخۆشتر و تەندروستترمان دەکەن. لە راستییدا، واقعیتریشە لە بری ئەوەی تەنها تاریکیی بیبین و باسی بکەین. تێگەیشتن لە خۆمان و راهێنانی مێشکمان دەمانپارێزێت لەوەش خەمۆکیی دەستەجەمعیی بڵاوبکەینەوە.
بەداخەوە، ئێمە سەکۆیەکی وەک تێد (TED) مان نییە توێژەرانمان دەرئەنجامی توێژینەوەکانیانی لێوە شەیر بکەن. یان ئەگەر کادرمان نییە، هاوردەی بکەین، چی عەیبێکی تێدایە لە کاتێکدا سەدان کاڵای خراپ هاوردە دەکەین؟ ئێمە چەند کتێبێکمان هەیە و سەدان ساڵە دەیجوینەوە و هیچی نوێی ناخەیەنەسەر تا لە چارەسەری کێشە ئابووریی و سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکانماندا کۆمەکمان بکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP