هەرێم نیوز
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند، پێویستە حکومەتی هەرێملە بەغدا، گفتوگۆیەکی جددی و راشکاوانە بکات، لەبەر چاوی نوێنەرانی گەل، بۆ ئەوەی ئێمە تێبگەین کێشەکە لەکوێدایە و کێ کەمتەرخەمە دەشڵێت: گومانى تێدا نیە کێشەکانی هەرێمی کوردستان بە یەک ریزی چارەسەر دەکرێت.
د. موسەنا ئەمین، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکى میدیاییدا ڕایگەیاند، گومانی تێدا نیە کێشەکانی هەرێمی کوردستان بە یەکریزی چارەسەر دەکرێت، بەڵام دەبێت ئەو یەک ریزییە لەسەر بنەمای بوونی دیدگایەکی نیشتیمانی و پلانێکی ستراتیژی بێت، کە بەداخەوە هەتا ئێستا لەنێوان هێزە کوردستانییەکاندا نیە، ئێستا خەڵکی هەرێم برسییە، کۆمەڵێک مافی دەستووری لەدەستداوە، پێویستە بە هەوڵی هەموولایەکمان، چ دەسەڵات و چ ئۆپۆزسیۆن بێت، بەدەم کێشەی خەڵکەوە بین.
وتیشى: ئەبێت کورد پلانی هەبێت، بەهەموو تواناکانی خۆی، ئەو پێگە و پۆستانەی کە هەیەتی لە بەغدا ئەم کێشەیە چارەسەر بکات، ئێمە وەکو ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران ئەبێت دەستکراوە بین بۆ هەموو بژاردەیەک، ئەگەر مانگرتن بێت یان واژۆ کۆکردنەوە بێت، بۆ دەرکردنی بڕیارێک بۆ ئیلزامکردنی حکومەت، هەرچی پێویستە ئەبێت بیکەین، بۆ ئەوەی ئەو کێشە و قەیرانە بۆ خەڵکی کوردستان چارەسەرکەین.
جەختیکردەوە، بۆیە پێویستە حکومەتی هەرێم بێتە ئێرە گفتوگۆیەکی جددی و راشکاوانە بکات، لەبەر چاوی نوێنەرانی گەل، بۆ ئەوەی ئێمە تێبگەین کێشەکە لەکوێدایە و کێ کەمتەرخەمە، هەروەها کام لە حکومەتەکان، خۆی ئەدزێتەوە لە ئیلتیزاماتی بەرامبەر بە خەڵک.
ئاماژەى بەوەشکردوە، من گلەییم هەیە لەوەی سەردانەکان کورتن، ئەوبەرپرسانەی دێنە ئێرە پێویستە بمێننەوە، هەموو ئەوسەردانانەی کە پێویستە بیکەن، پێویستە رایەکی گشتی دروستبکرێت، چونکە سوودانی ناتونێت قوتی خەڵکی کوردستان دابین بکات ئەگەر بێت و فراکسیۆنەکان پشتیوانی لێنەکەن، ئەگەر بێت و هێزە سیاسییەکانی پێکهێنەری حکومەت دەستی کراوە نەکەن، ئەو ناتوانێت ئەوکارە ئەنجام بدات.