هەرێم نیوز
کۆما جڤاکێن کوردستان لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئاگادار کردووەتەوە، کە رێوڕەسمە سیمبولیکەکەی چەکدانانی گەریلا پێشنیوەڕۆی رۆژی هەینی داهاتوو بەڕێوەدەچێت، سەرچاوەیەک لە دەم پارتی بە رووداوی راگەیاند، ئاگادارکراونەتەوە کە رێوڕەسمەکە رۆژی هەینی بەڕێوەدەچێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، سەرچاوەیەک لە پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)رایگەیاند "ئاگادار کراوینەتەوە هەینی 11ـی7 رێوڕەسمی چەکدانانەکە بەڕێوەدەچێت".
هەر ئەمڕۆ سێشەممە کەجەکە لە نامەیەکدا بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان، رایگەیاندووە رێوڕەسمەکە پێشنیوەڕۆی رۆژی 11ی تەمموز لە ناوچەی سلێمانی بەڕێوەدەچێت.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو گرووپەی بڕیارە وەکو "نیازپاکی" چەک دابنێن، ژمارەیان لە نزیکەی 20 بۆ 30 گەریلادا دەبێت.
شەوی رابردوو کەجەکە رایگەیاند، بەهۆی باردووخۆی "ئەمنی"ـەوە رۆژنامەوانان ناتوانن راستەوخۆ لە گۆڕەپانی رێوڕەسمەکە ئامادە بن و پەخشی راستەوخۆش ناکرێت".
لە راگەیێندراوەکەدا کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رایگەیاند: "لە جێگایەکی نزیک رێوڕەسمەکە شاشەیەکی گەورە ئامادە دەکرێت، لە دوای رێوڕەسمەکە دیمەنی تۆمارکراو لەو شاشەیە پێشان دەدرێت؛ تاکە رێگەیە رۆژنامەوانان بتوانن زانیاری لێوە وەربگرن".
هەر لەو بارەیەوە، پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "بڕیار بوو رێوڕەسمەکە بۆ میدیاکان کراوە بێت، بەڵام بەگوێرەی دوایین هەڵسەنگاندنەکان، بڕیاردرا لە شوێنێکی جیاواز بەڕێوەبچێت، دیمەنە تۆمارکراوەکان لەسەر شاشەیەک پەخش بکرێن و دواتریش بەخێرایی بگەیێندرێنە میدیاکانی ناوچەکە".