هەرێم نیوز
ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە شاندێکی پەرلەمانی کەنەدا بە سەرۆکایەتیی پەرلەمانتار تۆم کیمج کرد.
سەرۆکی شاندی پەرلەمانتارانی کەنەدی، کورتەیەکی دەربارەی کار و چالاکییەکانی گرووپی پەرلەمانتارانی دۆستی کورد لە پەرلەمانی کەنەدا خستە ڕوو کە لە ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی زۆرینەی پارتەکانی کەنەدا پێکهاتووە و ئامانجیان پشتیوانیکردنی دۆزی کورد و پەرەپێدانی پەیوەندیی کەنەدا و هەرێمی کوردستانە.
هەروەها شاندەکە ستایشی دۆخی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و ئازادیی ئایینی و ئازادیی ڕاگەیاندنی لە هەرێمی کوردستان کرد کە هاوشێوەی ئەو ئازادییانەیە کە لە کەنەدا هەن.
مەسرو ربارزانی سوپاسی کەنەدای کرد بۆ هاریکاری و پشتیوانیی لە هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش.
لە کۆببونەوەکەدا، سەرۆکی حکومەت تیشکی خستە سەر دوایین پێشهات و پەرەسەندنەکانی پەیوەندیی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و لەمبارەیەوە ڕوونی کردەوە کە هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی لە چوارچێوەی دەستووردا جێبەجێ کردووە، بەڵام جێی داخ و نیگەرانییەکی زۆرە، کە بە شێوەیەکی زۆر ناڕەوا و بە پێچەوانەی دەستوور، مافەکانی خەڵکی کوردستان پێشێل دەکرێن و ڕێز لە ڕێککەوتنی نێوانی لایەنەکانی پێکهێنەری حکومەت و ئەجێندای حکومەتیش ناگیرێت کە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کرا.
سەرۆکی حکومەت دووپاتیشی کردەوە کە خەڵکی کوردستان بە هیچ شێوەیەک، دەستبەرداری مافە ڕەوا و دەستوورییەکانی نابێت و ملکەچی هیچ فشار و هەڕەشەیەکی ئەو لایەنانەش نابێت، کە دەیانەوێ عێراق بگەڕێننەوە سەردەمی دیکتاتۆری و زەبرو زۆر و چەوساندنەوەی گەلی کوردستان.