دواین هەواڵ

کوردستان‌

 15/08/2023

بەرێوبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی رێکارەکانی دەرکردنی پاسپۆرتی ئەلکترۆنی بڵاوکردەوە

هەرێم نیوز

ئەمڕۆ سێشەممە، بەرێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە پرۆسەی دەرکردنی پاسپۆرتی ئەلکترۆنی دا تەنها کارتی نیشتیمانی هاوڵاتیان کاری پێدەکرێت و ناوی هاووڵاتییان لەسەر پاسپۆرتەکە بە زمانی کوردی دەنوسرێت.

بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی رایگەیاند، تاکە بەڵگەنامەی پێویست بۆ دەرهێنانی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی کارتی نیشتمانییەوە و جگە لە پەنجەمۆری دەست پەنجەمۆری چاو بۆ رێگریکردن لە ساختەکردنی پاسپۆرتەکە وەردەگیرێت.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، لە پاسپۆرتەکەدا گشت داتا و زانیارییە کەسییەکان و وێنە و پەنجەمۆری دەست و پەنجەمۆری چاو بەبەکارهێنانی ئامێری ناسەرەوەی چاوی خاوەن پاسپۆرتەکەی لەسەر تۆماردەکرێت کە 18نیشانەی ئەمنی تێدایە.

ئەوەشی خستەڕوو، پاسپۆرتەکە لە ماددەیەک بە ناوی پۆلى کاربۆنات دروستکراوە و بەوە جیادەکرێتەوە کە بەئەستەم ساختە دەکرێت و بەرگەى گەرماو تێکچون دەگرێت و لە ساڵى 2014 ەوە ئەم ماددەیە لە دروست کردنى پاسپۆرت بەکاردەهێندرێت.

هاوکات، لەبارەی تایبەتمەندییەکان پاسپۆرتی نوێ لەجۆری 'بی' رایگەیاند، ژمارەی پیتەکان لەو پاسپۆرتەدا بۆ 37 پیت زیادکراوە و هەڵەی نووسینی پیتە کوردییەکانی پاسپۆرتی جۆری 'ئەی' تێدا راستکراوەتەوە.

ئاشكراشیكردوە، هەردوو پەڕەیەک لە پەڕەی ڤیزا بۆ ڕەمزى شارێک تەرخانکراوە کە بۆ سلێمانى بەنداوى دوکان و بۆ هەڵەبجە مۆنۆمێنتى هەڵەبجە دانراوە.

رونیشیكردۆتەوە، هەڵگرانى پاسپۆرتى ئەلەکترۆنى سمارت گەیت لەکاتى سەفەر کردن لە فرۆکەخانەکان دەتوانن بەبێ بینینى ئەفسەر و کارمەندانى فرۆکەخانە سەفەر بکەن.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە 20ی مانگی تەمموزی رابردوو، بەرێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی بڵاویكردوە، دەستیانکردووە بە دەرهێنانی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی و تێچووی دەرهێنانی 91 هەزار دینارە و پێویست بە کارت بانکی دەکات و دەبێت پارەی دیناری تێدا باڵانسکرابێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP