دواین هەواڵ

ئابوری‌

 29/05/2023

بەڕێوەبەری گومرگی هەرێم: 80%ی داهاتی دەروازە سنوریەکان دەگەڕێتەوە گەنجینەکانی حکومەت

هەرێم نیوز

بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێم رایگەیاند، سیستەمی بەڕێوەبردنی خاڵەسنوریەکانی هەرێم زۆر لە عێراق پێشکەوتوو ترو شەفافترە، بەشێوەیەک 85%ی داهاتی دەروازەكان دەگەڕێتەوە بۆ گەنجینەی حكومەتی هەرێم لەبەرامبەردا، تەنها 10%ی داهاتی دەروازەكانی ئەوان بۆ گەنجینەی حكومەت دەگەڕێتەوە.

بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە کابینەی نۆیەم چاکسازی باش لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێم کراوە، ئاماژەی بەوەش کرد دەروازە سنوورییەکانی هەرێم بە شێوەیەکی باشتر لە دەروازە سنوورییەکانی عێراق بەڕێوەدەبرێن.

ئەمڕۆ دووشەممە 29ـی ئایاری 2023، لەمیانی چالاکی بڵاوکردنەوەی راپۆرتی (کێشەی دەروازە سنوورییەکان لێکەوتەی لەسەر ئابووری و داهاتی هەرێمی کوردستان) لە چوارچێوەی پڕۆژەی بەهێزکردنی لێپرسینەوە و سەروەری یاسا بە هاوکاری دامەزراوەی NEDی ئەمەریکی لە شاری هەولێر ئەنجامدرا.

لەمیانی چالاکییەکەدا، ساماڵ عەبدوڵرەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان لەمیانی پێشکەشکردنی وتارێکدا ڕایگەیاند لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چاکسازی باش لە دەروازە سنوورییەکان کراوە، لەوانە "سیستەمی بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکانمان کردووەتە ئەلیکترۆنی. ئەو سیستەمە وایکرد دەستێوەردانی فەرمانبەران لەناو سیستەمەکە سفر بکرێتەوە، بەخێرانی ئیشوکارەکان بکرێن و هەڵە و کەموکورتییەکان کەمبکرێنەوە".

بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان، سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بە سیستەمی ئەلیکترۆنی ئیش و کارەکانیان بەڕێدەکەن، لە کاتێکدا دەروازە سنوورییەکانی عێراق، بە کاری دەستی ئیش و کارەکانیان دەکەن.

باسی لەوەش کرد، "داهاتی دەروازەکانی هەرێمی کوردستان لە داهاتی هەموو دەروازەکانی عێراق زیاترە. ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی دەروازەکانمان چەندین جار باشتر لە دەروازەکانی عێراق بەڕێوەدەبرێن."

لەبارەی بوونی گەندەڵیش لە دەروازە سنوورییەکان و نەگەڕاندنەوەی داهاتەکەیان بۆ گەنجینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دا، "بەرپرسانی حکومەتی عێراق خۆیان دەڵێن، تەنها سەدا 10ـی داهاتی دەروازەکان دەگەڕێتەوە گەنجینەکانی حکومەت، بەڵام لای ئێمە ئەگەر بەراوردی بکەین لەگەڵ هەموو ئەو گەندەڵییانەی باسدەکرێن، سەدا 85ـی داهاتی دەروازەکان دەگەڕێتەوە گەنجینەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان".

ساماڵ عەبدوڵرەحمان ئەنجامدانی چاکسازی لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و دامودەزگاکانی دیکە بە "کارێکی قورس" ناوبرد و دەڵێت، "دەبێت هەموو لایەکمان هاوکاربین لەگەڵ یەکدی بۆ ئەوەی چاکسازی لە هەموو کەرتێکدا بکرێت. بەرپەچدانەوەی گەندەڵی پێویستی بە بڕیاری قورس و بەرنامەیەکی پتەوە."

بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان لەبارەی بوونی دەروازەی نافەرمی لە هەرێم، رایگەیاند، "زۆر جار لە راگەیەندنەکاندا و لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەگوترێت هەرێمی کوردستان، دەروازەی نافەرمی هەیە. ئێمە دەروازەی نافەرمیمان نییە. شەش دەروازەی فەرمی بازرگانیمان هەبوو و بە کردنەوەی دەروازەی زێت، بوون بە حەوت دەروازە و لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوەدەبرێن."

روونیشیکردەوە، "دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 1992ـەوە تا وەکو ساڵی 2003 شادەماری یەکەمی داهاتی هەرێمی کوردستان بوون. ئەو داهاتەی لە دەروازە و گومرگەکان پەیدا کراوە، دەتوانم بڵێم، مووچەی پێ دابەشدەکرا و کاری دیکەشی پێدەکرا. دوای ساڵی 2003 ئەو دەروازانە توانیویانە خۆیان لە پلەی دووەم بهێڵنەوە و داهاتی دووەمی شادەماری هەرێمی کوردستان لە ئەستۆ بگرن."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP