دواین هەواڵ

ئابوری‌

 29/05/2023

سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق داوایەک لە سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکات

هەرێم نیوز

سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق داوا لە سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکات، پەلە بکات لەدیارکیردنی رۆژێک بۆ دەنگدان و پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجە، دەشڵێت، داوا لە هێزە سیاسییەکان دەکەین کە ناکۆکی و جیاوازیەکانیان تێپەڕێنن و بە رۆحێکی نیشتمانپەروەرانە کاربکەن بە مەبەستی بەدەستهێنانی ئەم شایستەییە.

عەتوان عەتوانی سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لەپەیامێکدا بڵاویکردەوە، "دوای تاوتوێکردنی ڕەشنوسی یاسای بودجەی گشتی لە لیژنەی دارایی پەرلەمان، داوا لە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران دەکەین پەلە بکات لە دیاریکردنی دانیشتنی دەنگدان لەسەر یاساکە و لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا". 

ئاماژەی بەوەش کردووە، "پرۆژە یاسای بودجە گرنگییەکی گەورە و هەستیاری هەیە کە پەیوەندی بە بەهێزی گەلی عێراق و کاریگەرییە ئابوری و ئیداری و کۆمەڵایەتیەوە هەیە".

دەشڵێت، "داوا لە هێزە سیاسییەکان دەکەین کە ناکۆکی و جیاوازیەکانیان تێپەڕێنن و بە رۆحێکی نیشتمانپەروەرانە کاربکەن بە مەبەستی بەدەستهێنانی ئەم شایستەییە لە جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنەی کە ئەنجومەن و نوێنەران بە خۆیان و خەڵکیانداوە بۆ خزمەتکردنی وڵات و هەوڵدان لە پەسەندکردن و دەرکردنی ئەو یاسایانەی لە بەرژەوەندی هاوڵاتیاندان".

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە 25ی ئەم مانگە لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەردو ماددەی 13 و 14ی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵانی 2023 و 2024 و 2025 کە پەسەندکرد، مشتومڕی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و نوێنەرانی پارتی و یەکگرتوی ئیسلامیش لە لیژنەکە کشانەوە، هەردو فراکسیۆنی یەکێتی و نەوەی نوێش دەنگیانپێدا، دوابەدوای ئەمەش دانیشتنی کۆتایی بۆ پەسەندکردنی بودجە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP