دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 12/05/2023

کۆنیشانەکانی تۆریت لەمنداڵان

د.لاڤە دارا علی - پسپۆری نەخۆشی یە دەروونی یەکان

کۆنیشانەکانی تۆریت حاڵەتێکە دەبێتەهۆی ئەنجامدانی نەویستانەی هەندێک جوڵەو دەرکردنی چەند دەنگێکی تایبەت، بەئینگلیزی پێی دەوترێت(Tic) واتە خوو. لەتەمەنی منداڵییەوە دەست پێدەکات، پاش چەند ساڵێک خووەکان بەرەوباشی دەڕۆن و بەشێکی زۆرلەمنداڵان بەتەواوەتی تێی دەپەڕێنن لەگەورەییدا. خووەکان بە بەرچاوترین نیشانەی ئەم حاڵەتەدادەنرێن، لەنێوان تەمەنی٢-١٤ ساڵی دەست پێدەکات و لەنێو کوڕاندا زیاترە وەک لەکچان.ئەوکەسانەی حاڵەتی تۆریتیان هەیە هەردوو جۆرەکەی خوو(بەشێوەی جوڵە، بەشێوەی دەنگ) ئەنجام دەدەن بۆزیاتر لەساڵێک بەردەوام دەبێت.
نمونەی خووە جەستەییەکان(بەشێوەی جوڵە) وەک: چاوتروکاندن، چاو هەڵتەکاندن، شان هەڵتەکاندن، مل یان پەنجەتەقاندن،بازهەڵدان،خۆهەڵسوڕاندن....هتد.

نمونەی خووە دەنگییەکان وەک:

نکە نک، پاکردنەوەی گەروو، فیکەکردن، کۆکەکردن، دەرکردنی دەنگی نامۆ، دووبارەکردنەوەی ووشەو دەنگ، ووتنی ووشەی هەڕەمەک، جنێودان. هەندێک جار شان بەشانی ئەم خووانە منداڵەکە گرفتاری حاڵەتی واسواسی، فرەجوڵەیی و کەمی تەرکیز، کێشەو گرفتی فێربوون دەبێت.

ئەم خووانە زیانێکی تەندرووستی دیاریکراویان نییە تەنها لەحاڵەتی مل تەقاندن لەوانەیە ئازاربەمنداڵەکە بگەیەنێت، بەڵام لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە دەبێتەهۆی کێشەوگرفتی وەک:گاڵتەپێکردن، هەراسان کردن ، گێچەڵ پێکردن.

ئەم خووانە لەکاتەکانی وەک سترێس، هیلاک بوون، دڵەڕاوکێ زیاددەکەن. هەرچەندە تاکو ئێستا هۆکارێکی دیاریکراو نەدۆزراوەتەوە بۆڕوودانی ئەم حاڵەتە بەڵام زانایان کۆکن لەسەرئەوەی پەیوەندی هەیەبەوبەشەی مێشک کەبەرپرسە لەکۆنتڕۆڵکردنی جووڵە. چارەسەرێکی سەرتاسەری نییە بۆ ئەم حاڵەتە زۆربەی منداڵان پێویستیان بەچارەسەرنییە تەنها لەوحاڵەتانەی بۆتەمایەی گرفت وکێشە.

بەشێوەیەکی گشتی ڕێگاکانی چارەسەر بریتین لە:

١.چارەسەری دەروونی: لەلایەن چارەسەرکاری دەروونی و فێرکردنی چەند تەکنیکێک بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی خووەکان.

٢. بەکارهێنانی دەرمان بۆ حاڵەتە زۆرقورسەکان.

ئەوەی جێی سەرنجە لەکۆمەڵگای خۆمان کۆمەڵێک منداڵی زۆر گرفتاری ئەم حاڵەتەن، پێویستە بەشێوەیەکی ئاسایی مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و دوورکەوینەوە لە توانج گرتن و شکاندن و داوا لەخێزانەکانیان بکرێت ڕاوێژی کەسانی پسپۆر وەربگرن بۆ چۆنێتی مامەڵەکردن و چارەسەرکردنی حاڵەتەکە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP