نوێنەر یاسین
چارەسەر و ڕێنمایی دەروونی یەکێکە لە ڕێگا هەرە کاریگەرەکانی کەمکردنەوەی نیشانەکانی زۆرینەی شڵەژانە دەروونییەکان، توێژینەوەکان سەلماندویانە زۆرینەی گرفت و شڵەژانە دەروونییەکان سوودمەند دەبن لە چارەسەر و ڕێنمایی دەروونی.
بەڵام بەداخەوە لای خۆمان سوودێکی زۆر کەم لەو بوارە وەردەگیرێ، لەبەر چەند هۆکارێ
١- زۆرینەی خەڵك پێی وایە نەخۆشی دەروونی بەهۆی جنۆکە و چاو و زار ڕوودەدات و بەمەش لەبری ئەوەی سەردانی ڕێنماییکاری دەروونی و چارەسازی دەروونی بکات، سەردانی مامۆستای ئاینی دەکات.
٢- ئەوانەی پەنا بۆ چارەسەری زانستی دەبەن زیاتر گرنگی بە پزیشکی دەروونی دەدەن وەك لە چارەسەری دەروونی و وشیاریان کەمە سەبارەت بە پڕۆسەی چارەسەری دەروونی.
٣- بەشێك لە پزیشکانی دەروونی دان بە گرنگی چارەسەری دەروونی نانێن و کەیسەکان نانێرنە لای چارەساز و ڕێنماییکار، لەوانەیە یەکێك لە هۆکارەکان ئەوەبێ کە پەرەسەندنی چارەسەری دەروونی بە هۆکارێ دادەنێن بۆ لاوازبوونی چارەخوازەکانی خۆیان.
٤- کەمی پسپۆڕی بواری چارەسەری دەروونی پرۆفێشناڵ و شارەزا و نەبوونی نۆرینگەی تایبەت بەخۆیان و دروستکردنی بەربەست لەبەردەم کردنەوەی نۆرینگە بۆیان.
٥- بەشێکی زۆر لە دەرچوانی بواری دەروونزانی لەو بوارە شارەزانین و کارامەییەکانی ڕێنمایی دەروونی نازانن و زیاتر کەیس ئامۆژگاری دەکەن و ئاراستەی دەکەن، تەنانەت بەشێ لە قوتابیان لە قۆناغێکی زووی خوێندنیان دەڵێن کەیس مان هەیە و بەحیساب کاری ڕێنمایی دەروونی دەکەن.
٦- مەنهەجی خوێندنی زانکۆ کەمتر بایەخ بەو بوارە دەداو بەشێوەکی کرداری قوتابی ئامادە ناکرێ بۆ ئەوەی کاری ڕێنمایی دەروونی بکات. هەروەها زۆرینەی قوتابیانیش خۆیان کەمتەرخەمن و سەرچاوەی زانستی ناخوێننەوەو گەشە بەخۆیان نادەن.
٧- بەشێ لە دەرچوانی بەشەکانی تریش کاری ڕێنمایی دەکەن لەکاتێکدا ئەو مافەیان نیە وەک دەرچوانی کۆمەڵناسی و فەلسەفە و شەریعە ...هی تریش.