دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 18/04/2023

ئەو کەسە کێیە درۆزنە؟

بڕوا بەرزنجی

درۆ بەپێی کات و شوێن دەگۆڕێت، درۆ لە کۆمەڵگەیەکی ئەوروپی جیاوازە لە درۆ  بۆ کۆمەڵگەیەکی ڕۆژهەڵاتی، درۆ لە کاتێکا برسێتی هەیە جیاوازە لە درۆ لە کاتێکا دیکتاتۆری هەیە، واتە بەپێی کەم و کوڕییەکانی ئینسان درۆیش ئیشی دەگۆڕێت. 

با بیرێک لە کۆمەڵگەی خۆمان بکەینەوە، درۆ لە هەشتاکانا زیاتر درۆی سیاسی بو، درۆ بو بۆ خۆ ڕزگارکردن و خۆ پاراستن لە ڕژێمی بەعس. درۆی دوایی ڕاپەڕین، خۆ پاککردنەوە بو لەوەی بەعسی نەبویت، درۆی پێش و پاش دروستبونی ئۆپۆزسیۆن”گۆڕان” ، درۆبو بەناوی ئازادی و عەدالەت و گۆڕانکاری. بیر بکەرەوە ئەوکاتە خەڵک باری ئابوری باش بو، بەڵام خەڵک داوای ڕیفۆرم و ئازادی زیاتری دەکرد، ئێ ئەوانەی ئەو کات زۆرترین قسەیان لە ئازادی و گۆڕنکاری کرد، ئێستا دەتوانین کۆتایی فیلمەکەیان ببینین! خۆیان بون بە دز و دژە ئازادی !.

چەند ساڵی پێشو ئابوری سەربەخۆ و دەوڵەتی سەربەخۆ بو بە وێردی سەرزمانی زۆرینەیەک، ئێ ئێستا کۆتایی فیلمەکەی ئەوانیشمان لەبەرچاوە، ئەو نوخبەیەیی سەرکردایەتی ئەو گوتارەیان دەکرد، بون بە ملیۆنەر و ملیارەر و ژێرخان و سەرخانی دەوڵەت و ئابوری سەربەخۆیان هەڕاج کرد! دواتر گروپێک لەناو یەکێتی گوتارێکیان فوو تێکرد کە هەمو کێشەکانی هەر چوارپارچەی کوردستان پارتی و ماڵی بارزانین، ئێستا ئەو گروپە کێشەیان لەگەڵ هەر چوارپارچەی کوردستان هەبێت، کێشەی لەگەڵ ماڵی بارزانی نییە و وڵات شامی شەریفە!

گروپێکی تری یەکێتی بڕیاربو بە یەکێتی نوێ کوردستانی نوێ دروستبکەن، ئێستا ئەوان و پارتی و هەمو هێزەکانیتر و نوسەر و هونەرمەند و ڕۆژنامەنوس و هەرچی گەندەڵ و دز و بکوژهەیە ڕیزیان گرتوە بۆ حەج و عومرەو پێشوازی لە مەلا لەتیفی سەلەفی، بۆ؟ چونکە ئیتر لە شۆڕش و شەهید و کوردستان و سەربەخۆیی و ڕیفراندۆم و ئابوری سەربەخۆ و هەرچی هەبو هەڕاجیان کرد، ئێستا خەڵکی سەریشی بەتاشین چوە، تەنها خوا و دینی ماوە، ئیسلامییەکان دەمێکە لێی ئەخۆن بەڵام بەشی ئەوانیتریش ماوە، بۆیە ئێستا کاتی بازرگانی و درۆیە بەناوی خودا و دین! بۆیە درۆزنەکانی ئەمڕۆ ئەوانەن باسی خودا و دین زۆر دەکەن، جا مەلابێت یان ڕۆژنامەنوس و نوسەر و سیاسی! بەڵام تا زۆرینە تێدەگات لەم بازرگانییە، خودا دەمێکە ئێرەی جێهێشتوە!

جا تیۆرییەکی سایکۆلۆژی هەیە دەڵێت ئەو کەسەی باسی شتێکی زۆرکرد، لە گومان و بڕوانەبونێتی بەو شتە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP