دواین هەواڵ

کلتور‌

 28/03/2023

درامای باران

سدیق عزیز

بەشی دووهە و  سێهەم

نوسینی :کامەران نوری گوڵاڵە
دەرهێنانی: ئاکۆ عزیز میرزا

شەڕی نێوان نەوەکان لەگەڵ باوکدا شەڕێکی مێژووی وگشتگیرە ،ئەم شەڕە تەنها لەناو کەلتور و نەتەوەیەک و ولاتێکی دیاریکراودا نیە،بەڵکو شەرێکە لە نێوا هەموو کەلتور نەتەوەیەکدا بوونی هەی.ئەم شەڕو ناکۆکیەیی نێوان دوو نەوەی کۆن و نوێ ،هەڵگری پاشخانێکی معریفی یان ئایدۆلۆژیە لە پیێناو نوێبونەوە و گۆڕنکاری گەورە لە ئاست کەلتورو کۆمەڵگەو ئاستی هۆشیاری لەنەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە.

یاخی بوون لەباوک لەدرامای باراندا یاخیبوونێکی عەفەوی و بێ هزرە ، هەڵگری پەیامێک نیە بۆ تازبوونەوە و گوڕنکاری لە ئاستی کەلتوری و هۆشیاری تاکدا، یاخی بونێک نیە بۆ بازدان بەسەر هەندێک نەریت و تێپەڕاندنی سنورەکانی کەلتورێکی پاوەنخوازی ،بەڵکو

درامای باران پێمان دەڵیت باوک هەرچەندە دڵ ڕەقبێت و تا ئەو پەڕی بێ بەزەیی دڕەندەبێت و بێڕەحمی بێت لەگەڵ منداڵەکانیدا، دواجار شایەنی لێبوردنە و دەبێت هەموو مل کەچی بین ،ئەمە ئەو پرێنسیپەیە یان ئەو ئەخلاقیەتەیە کە کەلتور و کۆمەلگە و دین داوایدەکات ،ئێمەش دەبێت پەیرەویکەین .

ئەگەر هونەر تەنها کاری گواستنەوەی دیمەنەکانی ناو ژیانە بۆ ناو درامایەک وەک ئەوەی کە هەیە،ئەوە هەموو کەسێک ئەتوانێت کامێرایەک بگرێت بە دەستیەوە و ئەوکارەبکات، ئەگەر چارەسەری ڕووداوەکان لەناو پرۆسەیەکی هونەریدا،هەمان چارەسەری ناو ژیانی ڕۆژانەیە ، ئەی کاری هونەر چیە؟ بۆیە جارێکی تر دووبارەی دەکەمەوە کە هونەر رەنگدانەوەی ژیان نیە وەک ئەوەی کە هەیە،بەڵکو نیشاندانی ژیانێکە کە ئیمە پێی ئاشنانین .بۆ نمونە ئەگەر ئێمە کەسایەتی نمە وەرگرین وەک هەڵاتویەک لەماڵ و لەدەست باوک ،ئەوا بابزانێن چارەنوسی ئەم کچە بەچی دەگات.نمە بە تاکتیکێک دەگیرێت و دەبرێتەوە ماڵی باوکی ، وەک لە دراماکەدا دەیبینین، پۆلیس دوای پشکنیکی ماڵەکە، دەردەکەوێت کە لە ژورێکدا زیندانی کراوە و شوێنی لێدانیش بە دەموو چاویەوە هەیە.

بەڵام دوای ئەوەی پۆلیس باوکی دەگرێت و زیندانی دەکات، نمە دەچێت زیندان و بەباوکی دەڵێت من لێت خۆش دەبم ،بەگریانەوە هاواەردەکات کە باوکی لێی خۆشبێت. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە کە دەر‌هێنەر کەسێک لەماڵ دەهێنتە دەروە و روحی بەرەنگاری تیا دروست دەکات و دەیەوێت وەک مرۆڤێکی ئازاد بژی ، کەچی هەر خۆی دەرهێنەر ئەو ئیرادەییەی لێ دەستێنتەوە و دەیکاتە ژنێکی پازیفی بێ دەسەڵات ،ئەمە هەمان ئەو دیمەنانەن کە ئێمە لە ژیانی ڕۆژانەدا بەر دیدو گوێمان دەکەوێت،وە هەر هەمانی چارەسەری دەرهێنەریان پێە بۆ چارەنوسی کچکان. پرسیارێکی تر ئەوەیە تۆ ئەم کەسایەتیەت بۆ هێناوەتە ناو دراماکەوە کە ناتوانی بازێک بدەیت بەسەر ئەو کەلتور کۆمەڵگا تەقلیدیەیی کە هەیە.

دەرهێنەر چ ئیزافەیەکی بۆ ژیانی ئەو کەسانە هەیە ،کە هەمان دەردیان هەیە،ئایا دەرهێنەر باوەڕی وایە کە کۆمەڵگە دەبێت هەر بەو شێوەیە بمێنێتەوە و بە هەمان عەقلیەتی کەلتور و کۆمەلگی سونەتی کەسایەتیەکان بە ئاکام بگەیەنێت؟.

نمونەی دووهەم کە سایەتی شەیدایە، ئەم کچە لەدەست باوکی ڕایکردووە ، کە باوكی ئازاری داوەو لە ڕێگای باوەژنەکەیەوە دەستی و پشتی داخ کردووە، باوکی دەیدۆزێتەوە دێت داوای لێبوردن لە کچەکەی دەکات و داوای لێدەکات بگەرێتەوە ، بەهەمان دەستور فوڕمی خێڵەکیان کێشەکە کۆتایی دێت و دەچیتەوە لای باوکی، ئەمەش ئەو بیروباوڕەیە کە دەبێت کچ بچیتەوە ماڵی باوکی،لە هەمووشی سەیرتر ئەوەیە کە یەکێک لەو چوارکچە ناڵێن نەکەی نە چیتەوە ،لەوانەیە ئەمە پلانێک بێت بۆ کوشتنت ، بۆ ئەوەی گومانێک لای بینەر دروست بکەن ، یان دوو دنیابینی جیاواز لەنێو ان ئەم کچانەدا دروست بێت و بیان کاتە دوو بەرەی جیاواز کە هەریەکان سەر بە دوو نەوەی جیاوازبن، بەڵکو بە پێجەوانەوە ئەم چوارکچە یاخیە لە باوک و لە کەلتورێکی سونەتی ،یان ئەم چوارکچەی کە دەیانەوێت ژیانێکی باشتر و جوانتر دوور لە دەسەلاتی پیاو دروست بکەن ، دێن و سەرزەنشتی نمە دەکەن و نەسیحەتی دەکەن کە بگەڕیتەوە ، کاتێک شادیە پیداگری دەکات لەوەی کە نەگەڕێتەوە.

ئەم چوارکچە شۆڕشگێرە یاخیە لەدەست باوک و کۆمەڵگەی باوک سالاری ،هێندە ڕۆچونەتە ناو زەلکاوی کەلتور کۆمەڵگەی سونەتی و خێلەکایەتی ،خۆشیان بیریان چۆتەوە بۆ هەڵاتوون و لەدەست کێ هەڵاتون. دەر‌هیێەریش نەیتوانی بوو ئەم کەسایەتیانە بکاتە سمبولی یاخی بوو ن و ڕەتکرندوەی کۆمەلگەیەک کە پڕە لە تووندو تیژی ، دەرهێنەر بە ژنان دەڵێت ئێوە چەندێک چەوساوەبن و لەژێر دەسەلاتی پیاو سالاریدا ، هەڵمەیەن ،یاخی مەبەن ، قەبولی کەن چونکە چارەنوستان هەر گەڕانەوەیە بۆ ژێر دەسەلاتی باوک ، چێ دەبوو ئەو کاتەی باوک شادیە دەباتەوە بە نهێنی بیکوشتایە ، چەند کەیسی کۆشتنی لەو جۆرە لە سەنترو شەڵتەراکانی ژنانی کوردوستاندا هەیە ، کە کچەکانیان لەسەر وەعدی شەرف وەردەگرنەوە و پاشان هەر بە ناوی شەرفەوە دەیان کوژن . دوعا نمونەی ئەو وەعد و شەرف و پەیمانە نەبوو کە نەیکۆژن و دوای بەبلۆک مێشکیان پان کردەوە.

ئەخلاق چیە ؟ کێ بە ئەخلاقە و کێ سیمبولێ بێ ئەخلاقیە؟ هەمیشە ئەوانەی دژ بە نەریت و ئاداب و تەقالیدی کۆنن و دژ بە یاساکانی سەلفیەت و کەلتوری دواکەوتی ناو کۆمەلگەن، سیمبولی بێ ئەخلاقین ،چونکە لە یاسایی ئاسمانی و سونەتی لایان داوە، کەسی بە خلاقیش ئەو کە سایەتیانەن کە دەرهێنەر لە درامای باراندا دەیان باتەوە بەر قاپی کەلتوری باوک و دەسەلاتی پیاو سالاری بۆ ئەوەی شەرف لەکەدار نەبێت.

کەسایەتی مریەم وەک ژنێکی یاخی

ئەوەی کەم یان زۆر پەیوەندی بە شانۆ هەبێت ،دەبێت شانۆگەری ماڵی بووکەشوشەی ئیبسنی خوێندبێتەوە یان بیستبێتی، کە سایەتی نورا لەشانۆگەری ماڵی بووکە شوشەدا نمونەی ژنێکی یاخیی ناو کۆمەلگەیەکی سونەتی دواکەوتووە، شانۆگەری ماڵی بووکە شوشە نزیک سەدو پەنجا ساڵ بەر لە ئیستا نوسراوە، کە ئەو کات کۆمەڵگەی نەرویجی کۆمەڵگەیەکی باوک سالاری و دینی دواکەوتووبو. ئاین تەواوی دەسەلاتی هەبوو لە ناو دامودەزگاکانی وولاتدا، ئەتوانینن بڵێن ئەو سەردەمە هەمان ئەم سەردەمەی ئێمەیە کە ئێستا تیدا دەژین .نورا نەک نەفرەت لە کۆمەڵگەو دین و کەلتوردەکات،بەڵکو دەست بەرداری هەر دوو منداڵەکەشی دەبێت و لەماڵ دێتە دەروەوە، تا ئێساش تەنها پرسیارێک لەسەر ئەو شانۆگەریە کە هەیە ئەوەیە کە نورا بۆ کوێ چووە؟

مریەم و حەسەنی مێردی کە خاوەنی دوو منداڵن ،هەمیشە لەکێشەو دژایەتی یەکتردان ،هۆکاری غیرەو دڵ پیسی حەسەن لە مریەمی ژنی ،سەرچاوی کێشەکانە ،کە هەمیشە چاودێری دەکات لەکاتی تەلەفونکردندا و ،پێی وایە لەگەڵ پیاوێکدا پەیوەندی هەیە، هۆکاری دووهەمیش ئەوەیە کە حەسن کێشەی لەگەڵ دایکی مریەمدا هەیە،بەوەی بۆی دەرکەوتوە کە دایکی مریەم پەیوەندی خۆشەوسیتی لەگەڵ بەعسیەکدا هەبووە لەسەردەمی ڕژێمی بەعسدا ، بەم دوو هۆکارە هەمیشە کێشەو شەر لەماڵی مریەمدابوونی هەیە، ئەمەش ڕەنگدانەوەیەکی نەفسی خراپی لەسەر کچەکەیان دروستکردووەو بەردەوام نەخۆشە، تا شەوێک کچەکەیان ڕادەکات. لەدوای ئەمەوە مریم ماڵ بەچێدەهێڵیت. حەسن زیندانی دەکرێت بە گوومانی ئەوەی دەستی هەبێت لە وونبونی براکەی مریەمدا .بەڵام کە لەزیندان بەردەبێت دەچیتە سەر گوڕی دایکی مریەم و داوای لێبوردنی ڵیدەکات .ئێمە ناتوانین بچینە ناو گێرانەوەی وردی دراماکەوە،لەبەر ئەوەی ئێمە قسەمان لەسەر هاتەنە دەرەوەیە لە ماڵ.

ئەوەندی ئێمە بزانێن منداڵەکان حەسەنی باوکیان خۆش دەوێت، لەبەر ئەوەی چەند جارێک داوا لە دایکیان دەکەن کە سەردانی باوکیان بکەن لە زیندان ، دایکیشی داوەکەیان دەباتەسەر ، پاشان منداڵەکان جوتێک پێلاو جل و بەرگ بۆ باوکیان دەکڕن ، بەردەوام کە دەچنە لای باوەش بە باوکیانا دەکەن ، ئێمە هیچ رقێک لە منداڵەکاندا بەدی ناکەین بەرامبەر بە باوکیان.

لەزنجیرەی کۆتاییدا، دوای ئەوەی گرێی دراماکە دەگاتە دوا ئەنجام ،زۆربەی کەسایەتیەکان دەست دەکەمە ملی یەکترو ئاشت دەبنەوە ،حەسەنیش بێ تاوان دەردەچێن و لەسەر گۆڕکەش داوای لێبوردن لە دایک مەیەم دەکات ،لەبەر ئەوە مریەمیش دەبێت لەگەڵ حەسن ئاشتبێتەوە ، وەک هەموو ئەو کەسایەتیانەی تری ناو دراماکە کە بەدحاڵی بوون لە نیوانیاندا ڕویدابوو.لێرەدا دەبینین مریەمیش وەک کەسایەتیەکانی دیکە بە خۆیی مندالەکانەوە بەرەو لای حەسەن دەگەڕێتەوە ، دەگەنە بەردەرگا و ساتێک لەبەر دەرگا دەوەستن تا ئەوەی لەدەرگابدەن بچنە ژوورەوە، بەڵام مریەم دیالۆگێکی حەسەنی بیر دەکەویتەوە کە قسە بەدایکی دەڵێت،لەبەر ئەوە لە چوونە ژوورەوە پەشیمان دەبیتەوە و بە خۆی منداڵەکانەوە دەگەڕیتەوە بۆ ماڵی دایكی.

١/ ئێمە ناوتوانین مریەم بکەینە نمونەی ژنێکی قارەمان ،لەبەر ئەوەی هەڵوێستی مریەم لە هۆشیارەیەوە نەهاتووە، ئەگەر مریەم کەسایەتیەکی بەهێزبوایە ،نەدەبوو بەهیچ شیوەیەک بچێتە بەر دەم دەرگای حەسن و لەوێدا پەشیمان بێتەوە ، دەبوایە دەرهێنەر ژیانێکی ترو لە شوێنیکی تری مریەمی نیشان بدایە ،بێ هێزی مریەم لەوێدایە کە پێش ئەوەی بڕیاری گەڕانەوە بۆ لای حەسن بدات، دەبوایە پێشتر بیری لەهەموو وردەکاری و قسەکانی حەسەن بکردایەوە ، ئەرێ مریەم بۆ لەماڵی دایکی ئەو دیالۆگەی حەسەنی بیر نەکەوتەوە کە دژی بەدایکی وتویەتی ، ئەرێ خێر بوو لەوکاتەی ویستی لەدەرگا بدات رێک ئەو دیالۆگۆی بیرکەوتەوە.ئایا ئەم هەڵوێستە هەڵوێستێکی سیاسی و فێمێنیستی بوو ،یان بەرگریکردن بوو لەدایکی؟ بینەری وریا هەست دەکات کە ئەم هەڵوێستەی مریەم کارێک میکانیکی و بێ هۆکار و سەرپێیی بوو. دەرهێنەر ویستی شۆکێک لای بینەر دروستبکات ،بەوەی کە هەموو بینەران لەو باوەڕەدا بوو کە مریەم دەگەڕیتەوە،بەڵام لەبەر دەرگا پەشیمان دەبێتەوە ىریاری چوونە ژوورەوە نادات.

بائێمە وەک ژنێکی یاخی سەیری هەڵوێستەکەی مریەم بکەین ، بەڵام تاوانی منداڵەکان چیە ؟ مندالەکان باوکیان خۆش دەوێت و هەمیشە باسی دەکەن ،داوا لەدایکیان دەکەن بچن بۆ زیندان بۆلای ، زنجیرەک پێشتر پێلاو جلیان بۆ کرێ و لە زیندان چەند جار باوەشیان بە باوکیانا کرد .بەڵام ئەوەی جێگای پرسیارە ئەوەیە کە ئەوکاتی مریەم بڕیاری چوونە ژوورەوە نادات ، منداڵەکان بە زەردەخەوە لەبن باڵی مریەمدان و بە خۆشیەوە دەگەڕێنەوە

، وەک ئەوەی ئەوانیش لە جەهەنەمێک ڕیزگاریان بووبێت.بەلام دەر‌هێنەر بیری چۆبوە، کە منداڵەکان باوکیان خۆش دەوێت ،حەسەنیش وەک دایکیان مافی بە منداڵەکانەوە هەیە. ئێمە لە دراماکەدا بینیمان ،کە داموودەزگای یاسایی پۆلیس و ئاسایش زۆر بە پرۆفیشیۆناڵی کاری خۆیان دەکەن و یاسا دەردەکەن و تاوانبار دەگرن و هەمووشتێک بەرقەرارەو هێچ کێشەیەک لە دەزگاکانی بڕیاردانی یاسایی دانیە، بەو یاسایی یەکسانیە کە لە هەموو هەرێمەدا بینمیان ،حەسەنیش دەتوانێت داوای یاسایی لەسەر مریەم تۆماربکات کە منداڵەکانی لەگەڵ خۆی بردووە، بەهەموو یسایەکی ئەوروپیش کە ژن مێرد جیابوونەوە ،هەقی بەخێوکردن و مانەوەی مندالەکان مافی هەردووکیانە.

زۆر بەکورتی دەموێت لەسەر سێ کارەکتەر بدوێم

١/ ئایا دەکرێت ئێمە لە پێناو خۆشەویتیدا ،تاوان ئەنجام بدەین ، دەکرێت لە پێناوی ئەوەی بەکر منداڵەکەی چارەسەرکات ،دەست باتە خیانەت و دروستکردنی باندی مافیایی ولە ڕیگای ناردنی وێنەی ژن و کچەوە ، تەهدیدی خەڵکی پێبکات و ماڵ و ژیانی خێزانەکان وێران کات. ئایا بکر لەهەر لەبەر ئەوەی کۆنە بەعسیە ، چاوەڕوانی شتی باشی لێناکەین .

٢/ ئایا بەکر کە کەسی دووهەمی ناو کۆمپانایەکە بوو ، پێوسیتی بەو دزیەهەبوو؟ ئایا جارێک بەکر دوای هاوکاری لە بەختیاری خاوەن کۆمپانیا کرد ، بۆ چارەسەری منداڵەکەی و بەختیار بڵی نیمە ، تا بەکر پەنا بۆ دزی بەرێت؟

٣/ئەو هۆکارانەی کە کەسایەتی بەکری پێناشرین کرابوون ،زۆر سادەو نادروست بوون، پاشان کە بەکر دەڵیت لە پیناو چارەسەرکردنی منداڵەکەمدا ئەو کارەم کردووە، سۆزی بینەران بۆ خۆی ڕادەکێشێت وەک لەوەی جێگای ڕقبێت ،لەبەر ئەوە هۆکاری چارسەری منداڵەکەی هۆکارێکی زەعیف بوو.

٤/ سەرەرای بوونی سەرنج و تێبینی لەسەر کۆی دراماکە ، بەلام هەندێک لایەنی دراماکە جێگای دەستخۆشیە و گۆرنکاری پیوەدیارە .

لە ئاستی نواندندا زۆری ئەکتەرەکان نواندنیان ئاسایی و جوان بوو، دوور لە جوڵەی شانۆیی
لە رووی تکنیکی دەنگ وموسیک و مونتاجەوە کاری باشی لەگەڵداکرابوو
بەوەی کە زۆر کارە تەکنیکیەکان کادێری هونەری کوردین و کۆمەڵیک گەنج کاریان کردوو، جێگای هیوایەکی گەورەن.

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP