دواین هەواڵ

وەرزش‌

 22/03/2023

مباپێ لەگەڵ پاریسان جێرمان ناتوانێت بگاتە ئاستی ڕاستەقینەی خۆی

هەرێم نیوز

کاپتنی پێشووی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا پێی وایە پڕۆژەی وەرزشی پاریس سانجێرمان نائومێدکەرە، چونکە ئەم تیپە پەیڕەوی لە بەهاکانی یانەکانی تری ئەوروپا ناکات.

فیلیپ لام، کاپتنی پێشووی یانەی بایرن میونیخ و هەڵبژاردەی ئەڵمانیا پێی وایە، پڕۆژەی پاریس سانجێرمان کە ملیارەها یۆرۆ تێچوو، سەرەڕای ئەوەی لە ڕوانگەی سیاسییەوە سوودی بەقەتەرییەکان گەیاند، لە ڕووی وەرزشییەوە کارەسات بوو.

یانەی پاریس سانجێرمان لە قۆناغی 16ی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا بەرامبەر بایرن میونیخ بە کۆی گشتی 3-0 دۆڕا و بۆ دووەم ساڵ لەسەریەک نەیتوانی لە ڕیزی هەشت یانەی سەرەکی ئەوروپادا بێت. فیلیپ لاهم لە ستوونی تایبەتی خۆی لە ”ڕۆژنامەی دی زایتی” ئەڵمانیدا تێبینییەکی سەبارەت بە دۆخی پاریس سان جێرمان لەم ڕۆژانەدا بڵاوکردووەتەوە:

 بینینی دۆخی نالەباری زۆرێک لە هاندەرانی پاریس سانجێرمان کە هاتبوونە میونیخ وەک هەموو ساڵێک هیواکانیان بۆ خەونە ئەوروپییەکانیان تێك شكا. قەتەر بە ملیۆنان یۆرۆ لە پاریس سانجێرمان وەبەرهێنان دەکات. لە ڕووی سیاسییەوە ستراتیژی ئەوان کاردەکات، بەڵام لە ڕووی وەرزشییەوە ئەم تیپە نائومێدکەر بووە.
فیلیپ لام پێی وایە کیلیان مباپێ کە ماوەی شەش ساڵە لە پاریس سانجێرمانە، ناتوانێت لەم تیپەدا بگاتە توانا ڕاستەقینەکانی خۆی:

بەهرەی مباپێ لە خزمەت تیپەکەیدا نییە. لە یاریگای ئەلیانز ئارێنا چاوەڕێی ئەوە بوو تۆپەکە بخرێتە سەر پێیەکانی. پێموانییە مباپێ بتوانێت بەهرە و ژیانی وەرزشی خۆی لە پاریس سانجێرمان گەشە پێبداتە لیۆنێل مێسی بەشداری لە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دەکات و بەهرەکەی دەخاتە خزمەت تیپەکە؛ مباپێ خۆی لە هەڵبژاردەی فەرەنسادا هەمان شتە. هەمووی بۆ یەک و یەک بۆ هەموو، بەڵام تواناکانی مێسی و مباپێ لە میونیخ بۆ هیچ مەبەستێک بەکارنەهێنران. مێسی بێدەسەڵات و بێ ئومێد بوو.

پاڵەوانی مۆندیالی ٢٠١٤ لە سەر پاریس سانجێرمان بەردەوام بوو لە گفتوگۆکردن لەسەر سیاسەتی قەتەر:
ڕەنگە وەبەرهێنانەکەی پاریس سانجێرمان لە ڕووی سیاسییەوە شایانی قەتەر بێت. خاوەن قەتەرەکان و حکومەتی قەتەر پاریس و ئەوروپایان وەک ئامرازێک بەکارهێنا و پێگەی ئەمنی و جیۆپۆلەتیکییان قۆستەوە، بەڵام تۆپی پێ جیاوازە. تیمە گەورەکان کە ناسنامەکەیان لەگەڵ مرۆڤەکاندا پێکدێت، لەسەر پرۆسەیەک گەشە دەکەن. ئەم سەرکەوتنە بە هاوکاری و تەبایی و یەکڕیزی مومکینە. ئەمانە بەهاکانی یانە ئەوروپییەکانن و پاریس سانجێرمان بەهای لەو جۆرەی نییە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP