دواین هەواڵ

کلتور‌

 19/03/2023

سوودەکانی شەڕ.. کتێبێک دەبێت هەمووان بیخوێننەوە..!!

هێمن مەحمود

مرۆڤ کاتێک ئەم کتێبە دەخوێنێتەوە ئیدی لەوە تێدەگات کە ئەوەی بەگوێکان و بەچاوەکانی لەمیدیاوە لەسەر ڕووداو و ململانێ و شەڕەکان و سیاسەتەوە دەیبیستێ و دەیبینێ و دەیخوێنێتەوە جگە لەدرۆ و پەردەپۆشکردن و ماکیاژکردن هیچی دیکە نیەو دنیایەکی نهێنی دیکە هەیە لەژێرەوە کە ڕووداوەکان درووست دەکەن و ئاراستەی دەکەن و پەرە بە ناکۆکی و شەڕەکان دەدەن و ئەوەی بەلایانەوە جێبایەخ نەبێت مرۆڤ و ڕۆحی مرۆڤ و ژیانی مرۆڤەکانە و تەنیا و تەنیا قازانجی ماددی خۆیان و ڕەفاهیەتی ژیانی خۆیانیان دەوێت.

(سوودەکانی شەڕ) کتێبی ئەفسەرێکی بەڕەگەز ئێرانی- ئیسرائیلی دەزگای هەواڵگری مۆسادی ئیسرائیلییە کە بەشدارە لە فرۆشتنی چەک بە وڵاتی ئێران لەساڵەکانی 1980- 1988ی جەنگی عێراق -ئێران دا و سەدان نهێنی ئاشکرا دەکات.

ئەم کتێبە کە بڵقێکە لەدەریایەکی گەورەی فرۆشتنی چەک و درووستکردن و بەردەوامیدان بەجەنگەکان لەو ساڵانەدا تەنیا یەک پەیاممان پێدەڵێت کە ئەویش ئەوەیە هەمیشە جەنگەکان لەدنیا بەردەوامی هەیە ئەویش بە قازانجی کۆمەڵە کەسانێک کە لەدوورەوە لەبری هەر فیشەکێک کە کەسێکی بێگوناهی پێ دەکوژرێت چەند دۆلارێک دەخەنە گیرفانیانەوە. ئەم کتێبە کتێبێکە هەموو ئەو درووشمانە پووچەڵدەکاتەوە کە جەنگێکی هەشت ساڵەی دوو وڵاتی دراوسێی وەک عێراق و ئێران دا لەپێناودا بۆ هەڵگیرسا و یەکێکیان بەناوی هەناردەی شۆڕش و ئەمریکا و ئیسرائیلی شەیتانەوە ملیۆنان گەنجی کردە قوربانی و یەکێکی دیکەشیان بەناوی پاراستنی نەتەوەی عەرەب و قادسیەوە ملیۆنان عێراقی کردە سووتەمەنی و هەمووشیان جگە لەدرۆیەک هیچی دیکە نەبوون و حەزی شەڕانگێزی دوو کەس و دوو دەسەڵات و دوو گرووپی گەمژەو لەخۆبایی بوو کە بە درووشمەکانیان دوو وڵاتیان هەزاران ساڵ بردە دواوە و ئابوورییەکەیان داتەپاند و چەندین نەوەیان لەژیان بێبەشکرد و داهاتوویان وێران کرد.

دوای خوێندنەوەی سوودەکانی شەڕ ئیدی نەک هەر باوەڕت بە سیاسییەکانی ئەم ناوچەیەی ڕۆژهەڵات ناوەڕاست نامێنێت، بگرە ناواخنی هەمووشیانت بۆ دەردەکەوێت و دەزانیت لەچی مەعدەنێکەوە هاتوون و لەچی سەرچاوەیەکەوە ئاو دەخۆنەوە..

حەزدەکەم هەندێک نمونە باسبکەم؛

نوسەری کتێبەکە دەڵێت هێشتا جەنگی عێراق-ئێران دەستی پێنەکردبوو ئێمە دەمانزانی ڕوودەدات، هەربۆیە هێشتا فیشەکێک نەتەقێنرابوو ئێمە ئەوەندە چەکمان بەئێران دابوو نزیکەی یەک ملیار دۆلار خێرمان کردبوو.

دەڵێت ئاخوندەکانی ئێران بەدرێژایی هەشت ساڵەی جەنگ چەکیان لەئێمە وەردەگرت و ئەمریکاش لەولاوە چەکی بە عێراقییەکان دەدا، ئێمە پێمان وابوو تا لەیەکتری بکوژن قازانجی ئیسرائیلە.
دەڵێت کاتێک جەنگەکە دەستیپێکرد، ئێرانیانی دەرەوە داوایان لەمۆساد کرد کودەتایەک لە ئێران ڕێکبخات و خومەینی لابەرێت، بەڵام نەیاندەزانی ئێمە خومەینی نیعمەتێک بوو خودا بۆی ناردبووین تا ئەوەی دەمانەوێت بێتە دی.

دەڵێت لەساڵی 1988 تاوەکو 1991 نزیکەی 19 زانای ئەتۆمیمان لەئەوروپا کوشت کە کاریان لەبەرنامەی ئەتۆمی عێراقدا دەکرد.

دەڵێت ئێرانییەکان زانیارییان لەسەر پێگە ئەتۆمییەکانی عێراق دا پێمان و ئێمەش دواتر لەرێگای ئەو فەرەنسیانەی کاریاندەکرد لەو شوێنەدا ئامێری هەستیاری شوێن دەستنیشانکردنی وردمان دانا و بەفڕۆکە و بەئاگاداری ئێران بنکەکەمان خاپوورکرد.

دەڵێت ئەمریکا لەڕێگای وڵاتانی شیلی و ئەفریقای باشور و ئەڵمانیا و چەند وڵاتێکی دیکەوە چەکی کیمیاوییان بە عێراق دەدا تا لەبەرامبەر ئیسرائیل بەهێزبێت و ناچارمان بکەن بچینە ناو پرۆسەی ئاشتی فەڵەستینییەوە، هەروەها ئیسرائیل پێی باشبوو دەسەڵاتی ئوردون بدرێتە فەڵەستینییەکان و دەوڵەتێکی فەڵەستینی لەو وڵاتە دامەزرێت، بەڵام ئەمریکا دژی ئەوەبوو.
دەڵێت گرووپمان درووستکردبوو لە فەڵەستینییەکان تا لەوڵاتانی جیهان ئیسرائیلی بکوژن، دواتر ئێمەش خەباتی فەڵەستینییەکان ناشیرین بکەین.

ئەم کتێبەو ئەم نوسەرە جا چیمان بۆ ئاشکرا ناکەن و پێ ناڵێن..؟ .
کۆتایی کتێبەکەش دەیان ڕووداو و بەسەرهاتی سەرنجڕاکێشی دیکەی تیادایە.

بەڕای من پێویستە هەموو کەسێک ئەم کتێبە شەش سەد لاپەڕەیە بخوێنێتەوە تا ئیتر بزانێت لەچواردەوری و لەدنیادا چی دەگوزرێت و چۆن چۆنیش ئەو ڕووداوانەی کە ڕوویداوە لەئێستاشدا بۆ هەر جەنگێک کە لەدنیادا ڕووبدات ڕوودەدات و دووبارە دەبێتەوە، بۆی دەردەکەوێت هەمیشە کارخانەی مرۆڤ کوشتن و چەک کڕین و چەک فرۆشتن بەردەوامی هەیە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP