دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 15/03/2023

سوعاد حوسنی و سوهێر ڕەمزی (( ڕۆمانسی و حەشەری))

شوان ئەحمەد

پڕ ئاشکرایە سینەما هەر لە سەرەتاکانیەوە، دونیایەک بووە پیاو تێیدا باڵادەست بووە. بە حوکمی ئەو هەژموون و باڵادەستیەشی، ئەو بوونەوەرە لەو دونیایەدا، دوو سیما و ڕوخساری ژنی زەقکردۆتەوە:( پاکیزەیەکی ڕۆمانسی و حەشەرییەکی سۆزانی).

وەک خۆم کە لە تەمەنی مێردمنداڵییەوە بینەرێکی باشی فیلم بووم، هەمیشەو بەردەوام لە گەڵ ئەو دوو تایپەدا دەرگیر بووم. کۆتایی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکان حەز و خولیام بۆ فیلم و سینەما دەستی پێکرد و تا هەنووکەش بەردەوامە.

لە سینەما(سیروان و ڕەشید و دڵشاد)، فیلمە هندیەکانی(شامی کاپور و ئەمیتا باجان و دارا مەندەر و هیما میلانی) م دەبینی و لە تەلەفزیۆنیش، فیلمە میسرییەکان. هەر بۆیە بەرلەوەی (نەجیب مەحفوز و ئیحسان عەبدولقەدوس و یوسف ئیدریس) بخوێنمەوە، لە ڕێی سینەماوە ئاشنایان بووم.

لە فیلمە میسرییەکاندا هەندێ ئەکتەری ژن، لەوانە بوون لە خانەی ڕۆمانسییەکاندا پۆلێن دەکران:( فاتن حەمامە، ماجدە، سوعاد حوسنی، شەمس بارودی، نادیە لوتفی، میرڤەت ئەمین، ئاسار حەکیم، شیریهان و .... هتد)، بڕێکیشیان لە بەرەی حەشەری و سەربەدەرەکاندا:( ناهیدە شەریف، سوهێر ڕەمزی، سەفا ئەبو سعود، مەعالی زاید، نەجوا فوئاد، هەیاتەم، فەریدە سەیفولنەسر و ......هتد).

فیلمی حەشەری و سەربەدەرەکان، هەوڵێک بوو یان هەنگاوێک بوو بۆ پێخستنە ناو زۆنی پۆرنۆگرافیا. واتە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ جەستەی ژن، وەک شمەکێکی بەکاربەر و بەرخۆری.

ئاشکرایە پۆرنۆ جەستە دەکاتە شمەکێک، دەیگۆڕێت بۆ کەرەستەیەکی خۆخاڵیکردنەوە. کە لە گەڵیشیدا ژن دەبێتە بوونەوەرێکی پاسیڤ و ناکارا. دەبێتە ئۆبێکتی ئارەزوو. دەبێتە شتێک، شمەک و کاڵایەک کە سووک و ئاسان، ڕامی دەکەین و ئامبازی دەبین.

ساڵانێکی زۆر دوای ئەو مێژووە و لە سەردەمی ئەمڕۆماندا کە هەموو شت بۆتە شمەک و کاڵا و کڕین و فرۆشی پێوە دەکرێت. لە سینەما و سەر شاشەکاندا نا، بەڵکو لە دەرەوەی جیهانی مەجازی و لە واقیعە ڕەقوتەقەکەدا، هەتا دێت ئەو فۆرم و سیمایەی ژن(چاپە ڕۆمانسی و پاکیزەکەی)، کاڵتر و کاڵتر دەبێتەوە و وێنە (حەشەری و سۆزانیەکەشی) تۆختر و زەقوزۆپتر.

ئەو هەموو نەشتەرگەری و خۆ پارەپارەکردنەی(بە ناوی جوانکارییەوە لە سەنتەر و کلینکیە پزیشکی و درۆزنە پزیشکیەکاندا ئەنجام دەدرێت) و تێچوویان ملیۆنەها دینارە، هیچ نییە جگە لە وەلاوەنانی وێنە ڕۆمانسیەکە و دەمەزەردکردنەوەی وێنە حەشەری و بە ئاڵۆش و سێکسیەکە.

گەڕانێکی کورت و سەرپێی بەشەقام و مۆڵ و کافێکانی ئەم هەرێمەدا، پێمان دەڵێت بینینەوەی سیمای(سۆفی مارسۆ و فاتن حەمامە) گوزەشت، ئەوەی هەیەو بەردەستە فیگۆری ئەو بوونەوەرە پرچ ڕەنگاوڕەنگانەیە کە لچ و لێوی ئەستوور و سمت و کەفەڵی بەرز و سنگ و مەمکێکی گەورەیان هەیە، بەڵام تەواو تەواو بێ ڕۆح و بێ ئیحساسن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP