دواین هەواڵ

عێراق‌

 27/01/2023

سودانی لە پاریس چاوى کەوت بە به‌ڕێوه‌به‌ری رێكخراوی یونسكۆ

هەرێم نیوز

سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق محه‌ممه‌د شیاع سوودانی له‌ شوێنی مانه‌وه‌ی خۆی له‌ پاریس له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ری رێكخراوی یونسكۆ كۆبووه‌.

نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، ئه‌مڕۆ هەینى، راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: محه‌ممه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، له‌گه‌ڵ ئۆدرێیه  ئۆزڵای به‌رێوبه‌ری گشتی رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ په‌روه‌رده‌، زانست و رۆشنبیری ( یونسكۆ) كۆبووه‌.

ئەوەشخراوەتەڕو، له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌دا كه‌ وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌، رۆشنبیری و باڵیۆزی عێراق له‌ پاریس ئاماده‌یبوون، گفتوگۆكرا له‌سه‌ر میكانیزمه‌كانی به‌رجه‌سته‌كردنی هاریكاری هاوبه‌ش له‌ نێوان عێراق و یونسكۆ و دروستكردنی هه‌ماهه‌نگی زیاتر بۆ به‌هێزكردن و گه‌شه‌سه‌ندنی به‌رده‌وام له‌ كه‌رته‌كانی رۆشنبیری و په‌روه‌رده‌دا.

سوودانی ده‌ستپێشخه‌ری یونسكۆی بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی مووسڵ بۆ لیستی یونسكۆ و نوه‌ژه‌نكردنه‌وه‌ی مزگه‌وتی نووری له‌و شاره‌ به‌رزنرخاند، هه‌روه‌ها خواستی عێراقی ده‌ربڕی بۆ هاوكاریكردن له‌گه‌ڵ رێكخراوی یونسكۆ به‌مه‌به‌ستی دانانی شوێنه‌ دێرینه‌كانی‌ عێراق له‌ناو لیستی كلتووری جیهانیدا.

دوێنێ پێنجشه‌ممه‌ (26ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایری 2023)، نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاند، محه‌ممه‌د شیاع سوودانی به‌ سه‌رۆكایه‌تی شاندێكی باڵای حكومه‌تی عێراق، گه‌یشته‌ فه‌ره‌نسا و له‌گه‌ڵ ئیمانوێڵ ماكرۆن سه‌رۆكی ئه‌م ولاته‌ كۆبووه‌وه‌.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP