دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 16/01/2023

ڕاوێژکارێکی ئەنجوومەنی وەزیران: پەیامەکەی سەرۆکی حکومەت بۆ مەبەستی چارەسەرکردنە

محەمەد جەمال – هەولێر

ڕاوێژکارێکی ئەنجوومەنی وەزیران باس لە پەیامەکەی سەرۆکی حکومەت دەکات و دەڵێت، پەیامێکی ڕوون و پێویست بوو کە هاوڵاتییانی کوردستان بە وردی ئاگاداری کێشە و تەگەرەکانی بەردەم پڕۆسەی حکومڕانی بن لە هەرێمی کوردستان دا.

نەرمین سندی، ڕاوێژکار لە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ هەرێم نیوز وتی، ئەو کۆسپانەی لەبەردەم حکومەتی هەرێمی کوردستان دروست بووە، بەهۆی ناکۆکی سیاسییەوەیە، ئەو ناکۆکییانە بەشێکی زۆریان قابیلی چارەسەرکردنن، بەڵام پێویستە لایەنەکان بگەنە ئەو ئاستەی کە زمانی دیالۆگ و زمانی لێکتێگەیشتن بەکاربێنن.

دەشڵێت، پەیامەکەی سەرۆکی حکومەت، پەیامێکی ڕوونە، و هەروەها پێویست بوو، بۆ ئەوەی هاوڵاتییانی کوردستان بە وردی ئاگاداری کێشە و تەگەرەکان بن کە لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچن. لەهەمان کاتدا دانیشتن و گەیشتن بە دیالۆگ چارەسەرێکی حەتمییە و ئەنجامی کۆتایی هەر ناخۆشییەکە.

هاوکات ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەزموونەکانی پێشوو پێمان دەڵێن لە کۆتایی دا هەر دەبێ بە دیالۆگ و بەشێوەیەکی ئاشتییانە بگەین بەیەک و هیچ کێشەیەکیش نیە کە چارەسەریی نەبێت، بۆیە پەیامەکەی سەرۆکی حکومەت هەر بە مەبەستی چارەسەرکردن بوو.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP