دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 21/11/2022

بازرگانى مەرگ، کێ چەکە قاچاخەکانى جیهان دابین دەکات؟

لە ئێستادا یەکێک لە کێشە دبلۆماسییەکانى نێوان ئەمریکا و ڕوسیا بونى بازرگانێکی چەکە کە بە بازرگانی مەرگ بەناوبانگە، لە لایەکەوە بوەتە کێشەى نێوانیان ولە لایەکی دیکەوە بوەتە هۆکارى پەیوەندییە هەواڵگرییەکان و دروستبونى گفتوگۆی ژێربەژێریی و مامەڵە پیوەکردنی لەبەر ئەوەى ئەمریکا دەیەوێت بیگۆڕێتەوە بە یاریزانێکی باسکەو کەسێکی دیکە کە تۆمەتبارە بە سیخوریی.

ڤیکتۆربۆت، یەکێکە لە بازرگانەکانى بەناوبانگەکانى چەک و تەقەمەنى و لە ئێستادا لەژێر دەستى ئەمریکیەکاندایە و خوازیاری گۆڕینەوەیەتى بە یاریزانێکی تۆپی باسکەى وڵاتەکەى بەناوى خاتوو بریتنى گراینەر و سەربازێکی ئەمریکی کە لە لایەن روسەکانەوە بە تۆمەتى سیخوڕیی کردن دەستگیرکراون.

ڕاپۆرتە رۆژنامەوانییەکان باس لەوە دەکەن مۆسکۆ بە لایەوە مامەڵەى گۆڕینەوەکە جێی بایەخەوە دەیەوێت یاریزانەکەى باسکە بگۆڕێتەوە لەگەڵ بازرگانەکەى چەک کە لە لایەن ئەمریکیەکانەوە دەستگیرکراوە و تۆمەتبارە بە بازرگانى نایاسایی بە چەکى ڕوسییەوە. بەڵام ناکۆکییەکانیان لەسەر گۆڕێنەوەى سەربازە ئەمریکیەکەیە نەک یاریزانەکەى باسکەى ئەمریکی، کە تەمەنى 31 ساڵەو لە مانگی شوباتى ڕابوردوەوە لەنێو فرۆکەخانەى مۆسکۆدا هەندێک گیراوەیان دەستگیرکردوەو کە گومانی مادەى سڕکەری نایاساییان لێکردوەو دواتر دەرکەوتوە کە بۆ کەمکردنەوەى ئازار بەکارى دەهێنێت و سەربازەکەش کە ناوى ویلانە لە ساڵی 2020 ەوە لە روسیا بە تۆمەتى سیخوڕیی بۆ ئەمریکا دەستگیرکراوە .

راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان باس لەوە دەکەن بوتى بازرگانى چەک و تەقەمەنى روسی کە ئێستا دەستگیرکراوە لە ئەمریکا پێشتر لەنێو سوپاى روس دا کارى کردوەو ناوبانگێکی خراپی هەیە، خراپەکارییەکانى هێندە دەنگیان داوەتەوە تەنانەت ئیدارەى هۆڵێۆد ویستویانە لەبارەى ژیانییەوە فیلمێکی سینەمایی دروست بکەن لەبەر ئەوەى پیشەکەى ئەوەندە ترسناک و پڕ لەسەرەڕۆیی بوەو ناویان لێناوە بازرگانى مەرگ و چیرۆکی دەستگیرکردنەکەى دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2010 کە لە وڵاتى تایلەند لە لایەن هێزی قەڵاچۆکردنى مادە هۆشبەرکانى ئەمریکاوە دەستگیرکراوەو و خۆیان وانیشانداوە کە هێزی شۆڕشگێڕی تایلەندین کە بە (فارک) ناسراون و لە لیستى هێزە تیرۆرستییەکانى ئەمریکاشدایە.

بوت کاتێک لە پەیمانگاى مۆسکۆ بۆ توێژینەوە سەربازییەکان لە کۆتایی نەوەدەکان بڕوانامەى دەرچوونى بەدەستهێناوە بە پلەى ڕائید لە نێو دەزگاى هەواڵگریی روسی (کەى جی بی)دا کاری پێدراوەو ئەوەش دەرخەرى ئەو ڕاستییەکە لەنێو کایەکەدا چ کارەیە.

بە پێى ڕاپۆرتێکی ڕیکخراوى هیومان رایتس ووچ کە لە ساڵی 2005 بڵاوکراوەتەوە، بوت دیارترین ئەو کەسانە بوو کە لە ڕێگەى بازرگانى چەکەوە و ناردنی بۆ بلوگاریا، سلۆفاکیا و ئۆکرانیا، گەمارۆی چەکی سەر ئەو وڵاتانەیان شکاندووە. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە بوت خاوەنى کۆمپانیایەکی ڕێگە پێدراوى گواستنەوەیە لە سەر ئاستى هەموو جیهان و تۆمەتبار کراوە بە چەکدارکردنى هەندێک کەس و گروپى هەڵگەڕاوەو ئۆپۆزسیۆنى ئەمریکاى باشوور و ئەوانى کردوەتە تێشووی خۆی و لە دژى ئەمریکا بەکاری هێناون و لە کاتى گفت و گۆی لەگەڵ ئەو گروپ و کەسانەدا گوتویەتى هەردولامان یەک دوژمنمان هەیە.

بوت هاوڵاتییەکى روسی بەڕەگەز تاجیکستانى یە، کە ئەو کات تاجیکستان سەر بە یەکێتى سۆڤیەتی هەڵوەىشاوە بووە، لە نەوەدەکانەوە کۆمپانیاى گواستنەوەى ڕێگە پێدراوى ئاسمانى هەیە و بە پێى بەداوادا چوونەکان بوت هەندێک لە فرۆکەخانە لاوەکییەکان و هەندێک لەو فرۆکانەى بۆ کارەکەى بەکارهێناوە کە کۆن بوون و هی سەردەمی سۆڤیەت بووە، بەتایبەتى ئەوانەیان کە توانى فرین و نیشتنەوەیان هەیە لە نێو قوڕو جادەى خۆڵ و شوێنە سەختەکاندا، لە تەمەنی 45 ساڵیدا سزاى لە سێدارەدانێکی هەیە لە ئەفەریقا لەبەر ئەوەى چەکی قاچاخی گەیاندووەتە ئەو کیشوەرەو بوەتە هۆی لەبەر یەک هەڵوەشاندنەوەی هەندێک وڵات و دروستبوونى ناکۆکی و جەنگ. هەروەها نەتەوە یەکگرتوەکان لە ساڵی 2012 دا تاوانباری کردوە بە دەستێوەردان لە جەنگە ناوخۆییەکانی سیرالیۆن دا، هەروەها لە پڕچەککردنى قاعیدە و تاڵیباندا ڕۆڵی سەرەکی هەبووە و لە جەنگی ئەنگۆلا و کۆنگۆی دیموکراتى و سودان و لیبیادا رۆڵی سەرەکی هەبووە.

بوت لە ساڵی 2004 دا لە ڕێی تەلەفزیۆنێکی بەریتانییەوە هەموو ئەو تۆمەتانەى ڕەتکرددوەتەوە کە چەکی بە قاعیدەو تاڵیبان فرۆشتبێت و لە بەرامبەر دا گوتویەتى بۆچى باسی ئەوە ناکەن چۆن هاوکاریی حکومەتى فەرەنسیم کردوە کاتێک هاوکارییە مرۆییەکانى لە ژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتوەکاندا گەیەنراوەتە روەندا و گواستنەووى هێزی ئاشتى پارێزی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ ئەو وڵاتە؟

ئاماژە بەوە کراوە تا ئەو کاتەى بوت وێنەکەى بڵاونەکرابوویەوە، لە ژێر ناوى جۆراوجۆر و شێوەى ڕوخسارى جیاواز و پاسپۆرتى جۆراوجۆردا سەردانى ژمارەیەک وڵاتى کردوە لەوانەش ئیمارات، باشورى ئەفریقا.

نەتەوە یەکگرتوەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە بوت خاوەنى تۆڕێکی جاڵجاڵۆکەیی ناردنى چەک و تەقەمەنییە و لەگەڵ ئەوەشدا بازرگانی ئەڵماسیش دەکات و یەکێکە لەوانەى هۆکارى بەردەوامی جەنگە لە سەر ئاستى جیهان . بە پێی ڕاپۆرتێکى نەتەوەکگرتووەکان بوت پەیمانى 100موشکى زەمین بە ئاسمان و 20 هەزار پارچە چەک و 10 ملیۆن فیشەکى داوە بە هەڵگەڕاوەکانى کۆڵۆمبیا کە لە دژى ئەمریکیەکان لە جەنگدا بوون.

بوت لە چاوپێکەوتنێکدا لە نێو زیندان ڕایگەیاندووە کە ئەمریکیەکان پێیان گوتوە سزاى زیندانییەکەى کەم دەکرێـتەوە ئەگەر هاوکاریی ئەمریکیەکان بکات و لە دژى روسیا بکەوێتە کارکردن و هەروەها گوتویەتى ئەمریکیەکان کار بۆ ناشیرینکردنى ناوبانگی من دەکەن و لە هەمانکاتیشدا چاوەڕێی ئەوە ناکات لەنێو ئەمریکادا دادگاییەکی دادپەروەرانە بکرێت.

حکومەتى ڕوسیاش بە تەواوى کارى بۆ ئەوە کردوە بیگەڕێنێتەوە وڵاتەکەی، بوت لە مانگی 4/2012 دا سزاى 25 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە، کێشەى ئاڵوگۆری هاوڵاتیانى هەردوولا بەیەکێک لە گفتوگۆ بەردەوامەکانى نێوان روسیا و ئەمریکا دادەنرێت و تا ئێستاش بەردەوامییان هەیە، یاریزانە ئەمریکیەکە دەڵێت نازانم ئەو شتانەى کە مادەى هۆشبەرن چی دەکەن لەنێو جانتاکەى مندا و سەربازە ئەمریکیەکەش لەنێو ڕیزی هێزی دەریایی ئەمریکادا خزمەتى سەربازی کردوەو بە گەشتێکی ئاسایی چوەتە مۆسکۆ و دەەسەڵاتدارانى روسیاش تۆمەتى سیخوڕییان داوەتە پاڵ.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP