هەرچەندە تەکنۆلۆژیای سەردەم و داهێنانەکانی لە نمونەی سوشیاڵ میدیا جۆرێک لە بینەری تەلەفزیۆنی کەمکردووەتەوە، بەڵام بەشێک لە رەخنەگران باس لەوە دەکەن هۆکاری تۆرانی بینەر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە تەلەفزیۆن هەندێک بواری خێزانی چۆڵکردوە گرنگترینیان نەبونی درامایە، لەبەر ئەوەی تەلەفزیۆن زیاتر لە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی وەک کۆمپیوتەر، ئایپاد و مۆبایل خێزانی ترە، هەربۆیە دەبێت بەڕێوەبەرانی تەلەفزێۆنەکان، تیپە هونەرییەکان، خەمخۆرانی کۆمەڵگە، ناوەندە خێزانییەکان دەبێت گرنگی زیاتر بە ئاشتکردنەوەی بینەری کورد بدەن لەگەڵ تەلەفزیۆنە کوردییەکان و بەتایبەتی ئەوانەیان کە خەمی کۆمەڵگەیان هەڵگرتوە و خوازیاری پاراستنی ڕەسەنایەتی و کەلتووری کۆمەڵگەی کوردین و نیگەرانن لەپەخشی دراما بیانییەکان کە نامۆن بەهەموو جومگەکانی کۆمەڵگەی کوردیی...
بۆ ئەوەی لە گۆشەیەکەوە بڕۆینە نێو بابەتەکەوە دەبێت سوژەیەک لەنێو دراما کوردییەکاندا بدۆزینەوە، ئەویش درامای سەمەرەیە.
سەمەرە یەکێکە لە دراما سەرکەوتووەکان کە لە ریزی کۆمیدیای رەشدا ئەژمار دەکرێن، چوون دیمەنە تراژیدییەکانی نێو کۆمەڵگەی لە ڕێگەی کۆمیدیاوە هێناوەتەوە نێو هونەری کوردیی.... ئومێد كەمال دەقی دراماکەی نووسیوە و دەرهێنانەکەی کاری جەمیل مەفاخرییە و کەناڵی کوردساتیش پەخشی کردووە، لەدوای گەردەلول و ماڵەکەی مەعروف پڕبینەرترین درامای کوردی بووە و تەنها لە یوتوب زیاتر لە حەوت ملیۆن بینەری هەبووە، ئیتر جگە لە پلاتفۆرمەکانی تری سۆشیاڵ میدیا.
لەم درامایەدا ژمارەیەك ئەكتەری ناسراو و بەناوبانگی كوردستان بەشدارن. مستەفا ئەحمەد، ئەحمەد جۆڵا، زاهیر عەبدوڵا، ئیبراهیم حەكیم، سیروان عوسمان بەیان بۆمبا، بەیان عەلی، فەریدوون حەمەساڵح، عوسمان حاجی و چەند هونەرمەندێكی دیكەشی تێدا بەشدارە.
لەگەڵ ئەوەشدا بەشێکی زۆر لە هونەرمەندانی پارێزگاکانی باشووری کوردستانی لەخۆگرتوەو دەرهینەریش کوردێکی رۆژهەڵاتی کوردستانە و خاوەنی ئەزمونێکی دوورودرێژی بواری دەرهێنانی درامایە و بەوەش گوڕوتینێکی زۆرتر دراوە بە دراماکە...
لەگەڵ ئەوەشدا سەمەرە وەک بەرهەمێکی خۆماڵی بێزیانی کۆمەڵگەی کوردیی بوەتە سەرەتایەک بۆ کەمکردنەوەی بینەری ئەو دراما بیانییانەی لە لایەن دوژمنانی نەتەوەکەمانەوە بەرهەم هێنراون و نەک هەر سودێکیان بۆ بینەری کوردیی نییە، بەڵکو دەبێت ئاگاداری ئەوەبین کە هونەر هێزێکی نەرمه و دەتوانێت لە دوور مەودا دا کاریگەریی نەرێنی لەسەر بینەری کوردی دابنێت و داگیرمان بکات و بەخۆشمان نەزانین...
هەربۆیە ئەم خەمە دەبێت لەنێو پلان و بەرنامەکانی وەزارەتی ڕۆشنبیریشدا جێگەی خۆی بکاتەوە و بودجەی تایبەتی بۆ دیاری بکات و برەوی زیاتریان پێ بدات و ڕێگریش بکات لە بڵاوبونەوەی ئەو فیلم و درامایانەی کێشەی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی و خێزانیمان بۆدروست دەکەن و وەبەرهێنان لە بەرهەمی خۆماڵیدا یەكێك بێت لە كاری سەرەكی وەزارەتی رۆشنبیری و گروپە هونەرییەكان، چونكە ناكرێت داگیركەران لەڕێگەی شاشەكانەوە كۆنتڕۆڵی عەقڵ و هەڵسوكەوتی هاوڵاتی كوردستان بكەن، لەكاتێكدا 80%ی كەناڵەكان درامای بیانین.
ئەگەر ئەوانە لەڕووی تەكنیكیشەوە باش بن، بەڵام هەر زیانمان پێدەگەیەنن، چونكە وڵاتانی نەیارمان دەیانەوێت لەڕێگەی هێزی نەرمەوە كۆنتڕۆڵی عەقڵیەتمان بكەن، بەڵام ئێمە دەتوانین لەڕێگەی بەرهەمی خۆماڵییەوە كاری هونەریی پێش بخەین، ئەوەش واتە پێشخستنی كۆمەڵگەی کوردی و گەڕانەوە بۆ ئەساڵەت...
ئەڵقەكانی ئەم درامایە هەریەكە و چیرۆكێكی تایبەت بە خۆی هەیە، ناوەڕۆكەكەی كارێكی زۆر جوانە، مەفاخیریی دەرهێنەر هەستی بەو مەترسییە گەورەیە کردووە بۆیە لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت“ئێمە بەرپرسیارێتی كۆمەڵایەتیمان هەیە، نامانەوێت تەنها شاشە پڕبكەینەوە، بەڵكو ئەو بەرپرسیارێتییەی بەرامبەر بینەر هەمانە، دەیخەینەڕ گەڕ”.
وەک لە پێشەوەش ئاماژەمان پێدا، ئەگەر سیاسەت و دەستی دەرەکی و کێشەی لابەلایی وایکردبێت کە جیاوازیی لەنێوان هونەرمەندان و شارەکان و پارچەکانی کوردستانیش دا دروست بکات، ئەوە هونەر دەتوانێت بە پێچەوانەکەیەوە کاربکات و هونەرمەندانی شارو پارچەکانی کوردستان کۆبکاتەوە و بە زمانێکی هونەرییانە پێمان بڵێت دەتوانیین باشتر و تۆکمەتر پێکەوە کاربکەین و وەبیری سیاسییەکانیشی بێننەوە کە ئەسڵەکە ئەمەیانە نەک ئەوەی تر...
هەر بۆیە دەکرێت درامای سەمەرە ببێتە تەوەرێکی گرنگ بۆ چەند تەوەرێک و رەخنەگرانیش تیشکی زیاتری بخەنەسەر لەوانەش:
گرنگیدان بە هونەری خۆماڵی و پشتکردنە بەرهەمە بیانییەکان، بەتایبەتی ئەوانەیان کە زیانی نەتەوەییان هەیە و وەک هێزێکی نەرم لە دوورمەودادا کارمان لەسەردەکەن.
بەگەڕخستنی هونەرمەندانی ناوخۆیی و دورکەوتنەوە لە کۆپی بابەتە کۆمەڵایەتی و درامییەکان..
لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا پاشخانێک بۆ سینەما و درامای کوردی بونیادبنرێت و ببێتەهۆی ئەوەی ئەزنەقێک بە هونەری کوردی بدرێت و بچێتە ریزی وڵاتانی پێشکەوتوەوە و ڕومان بێت بڵێین کوردیش وەک هەموو گەلانی دونیا خاوەنی هونەری درامی و سینەمایی و شانۆی خۆیەتی..
سەرمایەدارانیش بەشێک لە سەرمایەکانیان لە بواری هونەردا بخەنە کارو لەوە تێبگەن کە دەکرێت هونەریش ڕەهەندی ئابوری بەهێزی هەبێت و دەروازەیەکیش بێت بۆ سەرمایەخڕکردنەوە، بەڕێگەی دروست و خەڵکیش لەگەڵ تەلەفزێۆن، هۆڵی سینەما و شانۆکان ئاشت بکەنەوە...
ناکرێت ئەوەش لەبیر بکەین کەکەناڵی کوردسات یەکێکە لەو کەناڵانەی بەبەردەوامی بایەخێکی زۆری بەدرامای کوردی داوە و رۆڵی گرنگی لەپێشخستنی درامادا هەبووە.