دواین هەواڵ

کوردستان‌

 31/08/2022

بڕیاری قەدەغەکردنی هاوردەی (تەماتە و خەیار) بۆ نێوخۆی هەرێم درێژکرایەوە

هەرێم نیوز

وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا، تا کاتێکی نادیار قەدەغەی سەر هاوردەکردنی بەرهەمەکانی (تەماتە و خەیار) لە خاڵە سنوورییەکان درێژ بکرێتەوە.

لە نوسراوێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاودا، کە ئەمڕۆ چوارشەممە دەرکراوە و بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ واژووی کردووە ئاماژە بەوەدراوە، کە پاڵپشت بە یاسای پاراستن و پێشخستنی بەروبوومی کشتوکاڵی و نوسراوی ئەنجوومەنی وەزیران و بەدواداچوون بۆ بازاڕ و عەلوەکان، بەمەبەستی پاراستنی بەروبوومی خۆماڵی جوتیاران، بڕیاردراوە بەوەی قەدەغەی هاوردەکردنی بەرهەمەکانی (تەماتە و خەیار) تا کاتێکی نادیار درێژ بکرێتەوە.

هەروەها وەزارەتە بڕیاریداوە، باج لەسەر بەرهەمی قۆخی هاوردەکراو هەڵبگیرێت.

ساڵانە لەکاتی پێگەیشتنی بەرهەمە کشتووکاڵییە جیاوازەکاندا، وەزارەتی کشتوکاڵ بەگوێرەی ئاستی بەرهەمی ناوخۆیی بڕیار دەردەکات، بۆ قەدەغەکردنی هاوردەکردنی بەرهەمی وڵاتانی دیکە، یان باج خستنە سەری، ئەوەش بە مەبەستی ساغکردنەوەی بەرهەمی خۆماڵی لە بازاڕەکاندا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP