ئیدریس عەبدی
فیلمی سینەمایی پەیکەری دڵ ، یەکێک لەو فیلمانەیە کە لەچوارچێوەی سینەمای تیجاری جێگای خۆی دەکاتەوە هەر چەند شوان عەتووف هەوڵیداوە ، لەهەندێک تایبەتمەندی سینەمای هونەری بۆ بەجێهێشتنی کاریگەری زۆرتر لەسەر بەردەنگ کەڵک وەربگرێت.بەڕای من ، ئەم جۆرە لەسینەما، یەکێک لەو ڕێگایانەیە کە نەتەوەی کورد ئەبێت بۆ گەیشتن بە سینەمای نەتەوەیی بیپێوێت. کرافتز یەکێک لەتیوریسیەنەکانی چەمکی سینەمایی نەتەوەیی باس لەوە دەکات، ئاستی بەرهەمهێنان یەکێک لەوە خاڵانەیە بۆ هەر نەتەوەیەک کە ئامانجی گەیشتن بە سینەمایی نەتەوەییە.بۆیە گرینگە ، ئاستی بەرهەمهێنانی فیلمی لە کوردستان پەرە بستێنێت.و بەرهەمهێنانیش ئەبێت هەموو ژانر و شێوازەکانی سینەما لە خۆ بگرێت.
هەر بۆیە، هەر جۆرە بەرهەمهێنانی فیلمێک وەکوو پەیکەری دڵ یان شیرین و ... کەخۆیان لە چوارچێوەی سینەمای بازەرگانی ئەڵبەت بە لەبەر چاو گرتنی ڕەهەندە جوانیناسیەکانی سینەما هەنگاوێکی گرینگ و پڕ بایەخن.
لەم نووسراوە خۆم ئەبوێرم لە گێرانەوەی چیرۆکی فیلمی پەیکەری دڵ و لەو شوێنانەی بۆ باشتر تێگەیشتنی ئێوە خوێنەرانی بەرێز، لەوانەیە ئاماژە بە هەندێک لە دیمەنەکانی فیلمەکە بدەم.
فیلمی سینەمایی پەیکەری دڵ ، مێلۆدرامێکی موزیکاڵە، ودەبێت بەپێی تایبەتمەندیەکانی ئەم ژانرە لەسینەما شیکاری و ڕەخنەی لەسەر بنووسین.ئەوە یەکێک لەو کێشانەیە لە ماوەی ڕابردوودا لەزۆرێک لەکۆڕ و کۆبوونەوەکانی وتووێژ و شیکاری فیلم بینیوومە. بە داخەوە بۆ هەموو فیلمێک وەکوو درامێکی رئالیستی شیکاری ئەکرێت یان باشترە بڵێم کە بینەر، کەبەشێکیشیان هەر فیلمسازانن ، چاوەڕوانیان لەهەموو فیلمەکان ، ئەوەیە کە تایبەتمەندیەکانی درامێکی ڕئالیزمی لە بەرچاو بگرن.ئەم جۆرە خوێندنەوانە بۆ هەموو فیلمێک هەڵەیە، لەوانەیە فیلمێک لەچوارچێوەی سینەمای مودێرن یان پۆست مۆدێرنیزم بەرهەم هات بێت کە بە تەواوەتی یاسا و ڕێساکانی جیاوازترن لە سینەمای کلاسیک.
یان فیلم ئەتوانێت سەر بە قوتابخانە جیاوازەکانی سینەما بێت و هەر بۆیە پێویستە کە لانیکەم تایبەتمەندی ئەم قوتابخانە سینەمایەنە بزانین تاکوو بتوانین شیکاری و ڕەخنە بگرین.
هەر وەکوو ئاماژەم پێدا، فیلمی پەیکەری دڵ، مێلۆدرامێکی موزیکاڵە و هەوڵ ئەدەم لەچوارچێوەی ئەم جۆرە لە سینەما خوێندنەوە و شیکاری بۆ بکەم.
مێلۆدرام ژانرێکە لەسینەما و بە گشتی لە ئەدەبیاتی نەمایشی کە هەست و ئیحساس لە کاراکتەر گرینگترە. چوون کاراکتەرەکان لەم جۆرە لەسینەمادا سادە و بە گشتیی دووپاتەن.
مێلۆدرام لەڕێگای کاراکتەری سادە کە یان زۆر خراون یان زۆر باشن (ئانتاگۆنیست و پرۆتاگۆنیست) و زۆر جار بە زمانێکی دەستکرد و زەق چیرۆکێکمان بۆ ئەگێرێتەوە. هەروەها چوون کاراکتەری هەڵوێست لەم فیلەمەدا گۆرانی ئەڵێت و موزیک دەور و کاریگەری زۆری هەیە لە فیلەمەکەدا ئەتوانین وەکوو مێلۆدرامێکی موزیکاڵ پێناسەی بکەین.
لە شۆتی کرانەوەی فیلمەکە،بەمردنی باوکی هەڵوێست ،ئاماژەمان پێ ئەدات کە ئێوە خەرێکن تماشای فیلمێکن بە تایبەتمەندی مێلۆدرامێکی موزیکاڵ.و دواتر بەرە بەرە بە چوونە پێشی چیرۆکی فیلمەکە ئەوەمان بۆ ئەسەلمێت.کاراکتەرەکان لەم فیلمەدا، کاراکتەرگەلێک کلیشەیی و سادەن و دیالۆگی کاراکتەرەکان و زمانی سینەمایی پەیکەری دڵ، زۆر زەق و ئێغراقی زۆری تێدایە، هەموو ئەمانەش بۆ ئەوەیە کاریگەری لەسەر هەست و ئیحساسی بەردەنگ دابنێت. هەر بۆیە ژوانەکانی هەڵوێست و کەویار دیمەنگەلێکی ئیغراق ئامێز و سەرنج ڕاکێشن هەر لە دیمەنی ڕەنگ کردنی ئۆتۆمبیلەکە تا ئازادکردنی کۆترەکان.ئەوە یەکێک لەتایبەتمەندیەکان مێلۆدرامە کە بە دیزاین و نیشاندانی وەها دیمەنگەلێک ئەیەوەێت ئیحساس و هەستی بەردەنگ ، تێکەڵ بە ئیحساس و هەستی کاراکتەرەکانی فیلم بکات.
هەڵوێست وەکوو کاراکتەری پرۆتاگۆنیستی و شێرزاد وەکوو کاراکتەرەی ئانتاگۆنیستی فیلمەکە چیرۆکی فیلمەکە بەرەوە پێش ئەبەن. وها باوە کە بەردەنگ لەگەڵ پاڵەوانی سەرەکی (پرۆتاگۆنیست) کاتارسیزم بکات و بەجۆرێک کاراکتەرەی دژە پاڵەوانی (ئانتاگۆنیست)، هەوڵ ئەدات پاڵەوانی سەرەکی کە نوێنەری خێر و بە گشتی کاراکتەری پوزیتیڤە بە ئامانجەکانی نەگات. کاراکتەری ئانتاگۆنیستی فیلمی پەیکەری دڵ کە شێرزادە و بۆ گەیشتن بە کەویار هەوڵ ئەدات و ھەروەھا ئامانجی کاراکتەرەی پرۆتاگۆنیستشە کە هەلوێست دەوەری ئەبینێت.بە شێوەیەکی باو، ئەبێت بەردەنگ زۆرتر، هەڵوێستی خۆش بووێت و کاتارسیزمی لەگەڵ درووست بکات بەڵام لەڕاستیدا ئەوەی سەرنج ڕاکێشە بۆ من ئەوە بوو، من وەکوو بەردەنگێک هەندێک جار بە ڕاستی دڵم ئەسووتا بۆ شێرزاد هەرچەند کاراکتەری ئانتاگۆنیستی فیلمەکە بوو و دیار بوو کە بە چ مەبەستێک ئەیەوێت لەگەڵ کەویار ژیانی هاوبەشی پێکبێنێت.ئەوەش هەڵئەگەرێتەوە بۆ دیزاینی کاراکتەری شێرزاد و ئەوە کارانەی کە بۆ گەیشتن بە کەویار ئەیکرد.
وا دەر ئەکەوت شێرزاد بۆ گەیشتن بە پارە و میراتی کەویار ئەیەوێت دڵی بەدەست بێنێت و کاراکتەرێکە بە دوای ماڵی دونیایە و پارە گرینگترین شتە لە ژیانیدا و لەولاشەوە هەڵوێست کە ئەوێندارێکی ڕاستەقینەی کەویارە هەوڵ ئەدات بە خۆشەویستەکەی بگات.یەکێک لەو ڕەخنانەی لەسەر سناریۆی فیلمەکە ئەوەیە کە هەڵوێست وەکوو کاراکتەری پرۆتاگۆنیست لەبەرانبەر ئەو کارانەی کە شێرزاد وەکوو کاراکتەری ئانتاگۆنیستی ئەیکات پاسیڤە و بە جۆرێک تەسلیمی شێرزاد ئەبێت.ئەگەر کاراکتەری هەڵوێست ئەکتیڤ بووایەت لەبەرانبەر شێڕزاد دا،ئەو کاتە ئەیتوانی درامێکی سەرنج ڕاکێشتر پێشکەش بە بەردەنگ بکات.
یەکێک تر لەو ڕەخنانەی لەسەر سناریۆی ئەم فیلمە هەیە ئەوەیە لە درووست کردنی گڕی سەرەکی فیلمەکە، ئەوەی کە باوکی کەویار دژی ئەوەیە کە هەڵوێست لەگەڵ کەویار ژیانی هاوبەشی پێکبێنێت ،ئەکرا کەمێک وردتر دیزاینی ئەم کێشە بکرایەت بۆ ئەوەی گرێی درامەکە ئەوەند کلیشەیی و زەق نەبووایەت، هەر چەندە یەکێک لەتایبەتمەندیەکانی مێلۆدرام ئەوەیە کە پارادۆکسەکان نیشان بدات و شوان عەتووف لەڕەواڵەتدا ئەم کارەی کردووە بۆ نموونە بارودۆخی بنەماڵەیی کەویار و هەڵوێست، دەوڵەمەندی و هەژاری ، کاراکتەری پۆزیتیڤ و نێگاتیڤ بەڵام ئەکرا، بەم شێوازە زەق و کلیشەییە، گرێی فیلمەکە شتێکی تر بووایەت.
یەکێک لەتایبەتمەندییە باشەکانی فیلمی پەیکەری دڵ، دیزاینی هەندێک دیمەنی ڕۆمانسی و سەرنج ڕاکێشە کە بەردەنگ لەژیانی واقیعی نایانبینێت.بۆ نموونە دیمەن ڕۆمانسی و هەندێک جار بە هێنانەوە ئێلمانگەلێکی شاعیرانە وەکوو ماسی سوور، وەکوو ئەوە هەڵبژاردنی ڕەنگی ئۆتۆمۆبیلەکە کەلە ژوانەکەیان ڕەنگی ئەکەن،دیمەنگەلی سەرنج ڕاکێش و پڕ لەهەست بە منی بەردەنگ نیشان ئەدات.
هەروەها کە سەرەتا ئاماژەم پێدا، شوان عەتووف هەر چەندە مێلۆدرامێکی موزیکاڵی بەرهەم هێناوە بەڵام هەوڵێداوە جوانیناسی لەسینەمای هونەریش بەرچاو بگرێت. بۆ نموونە دیمەنێک کەهەڵوێست و کەویار لەبەرزایەک تماشای شار ئەکەن و گۆشە نیگای کامێرا لەپشتیانەوە شەری و موناقشەی ئەم دوو کاراکتەرە نیشان ئەدات. لەم دیمەنەدا شوان عەتووف جامپ کەتی بەکار هێناوە و هەر بەم جۆرە جامپ کەتانە، ئاڵۆزی و شڵەژاوی زیهینی کەویار و هەڵوێستمان نیشان ئەدا.ئەم جامپ کەتانە وای کردووە کە باری دراماتیکی چیرۆکەکە زۆرتر بکات.
لە سێکۆنسی کۆتایی فیلمی پەیکەری دڵ، کاتێک هەڵوێست لە هوڵی کۆنسێرت گۆران ئەڵێت و کەویاریش لە هەوڵەکە ئامادەیە و لەلایەکی دیکەوە شێرزاد لەڕێگادایە بەرەو هۆڵی کۆنسێرتەکە شوان عەتووف ،تەکنیکی مونتاژی پارادوکسیکاڵی بەکار هێناوە.بە جۆرە بەم دیمەنە جەژنی سەرکەوتنی کاراکتەری پرۆتاگۆنیستمان بە سەر کاراکتەری ئانتاگۆنیست نیشان ئەدات.دیمەنی کۆنسێرت و ڕۆیشتنی شێرزاد بەرەو هۆڵەکە بە شێوەی هاوتەریب باری ئیحساسی و دراماتیکی دیمەنەکی زۆرتر کردووە.
بەم جۆرە شوان عەتووف بەرئاوردی دۆزی هەڵوێست و شێرزادمان بۆ ڕوون ئەکاتەوە.بەڵام خاڵێک گرینگە ئاماژەی پێ بدەم ئەوەیە، بە شێوەیەکی ئاسایی ئەم دوو دیمەنە هاوتەریبە ئەبێت لەجێگایەک یەکتر ببڕن بەڵام بە شێوەیەکی داهێنەرانە ئەم یەکتربڕینە لەدیمەنی دواتر ئەبینین.لەو دیمەنی کە هەڵوێست و شێرزاد لە نەخۆشخانە ڕووبەرووی یەک ئەبنەوە. مونتاژی پارادوکسیکاڵ مونتاژی دوو دیمەن یان چەند دیمەنە بە پێی بنەمای دژایەتی یان باشترە بڵێم کە کۆنتراستی دیمەنەکان دەیخوڵقێنن.ئەم جۆرە لە مونتاژە لەفیلمی گادفازێریش بەکار هاتووە.
یەکێکی دیکە لەتایبەتمەندیەکانی مێلۆدرامی موزیکاڵ مونتاژی ڕیتمیکە،لەم جۆرە لەمونتاژدا گرتەکان بە پێی موزیک کەت ئەکرێن و بەردەنگ ئەم جۆرە کەتانە چەندین جار لەکاتی گۆرانی وتنی هەڵوێست ئەبینێت.
لەکۆتاییدا پێویستە ئاماژە بەوە بدەین شوان عەتووف، شارەزای ئەم جۆرە لەسینەمایە بۆیە تایبەتمەندی ئەم جۆرە لەسینەمای بە لە بەرچاو گرتنی ڕەهەندی جوانیناسانەی سینەمای هونەری باش زانیووە.