ڤینۆس فایەق
نیتشە دەڵێ: «جوانترین شتەکان ئەوانەن شێتی پێشنیازیان دەکات و عەقڵ دەیاننووسێتەوە» باوەڕیشی وایە باوەڕکردن بە حەقیقەت خۆی لە خۆیدا شێتییە.
نیتشە لە باوەڕی قووڵییەوە بە ئەستەمی گەیشتن بە حەقیقەت و تێگەیشتنی لە ئێلێمێنتە تردیسۆنالەکان باوەڕێکی قووڵی هەبوو کە هەرگیز بە ئینسترومێنتە ترادیسۆنالەکان ناگەی بەوەی پێی دەڵێن حەقیقەت کە هەموو خەڵک لێی تێدەگەن، بەڵکو بە ئینسترومێنتە نائاساییەکان پێی دەگەیت یەکێک لەوانەش شێتییە.
دایکیشی درکی بەمە کردبوو و بلیتی بە خەڵک دەفرۆشت بچن سەیری نیتشەی شێت بکەن کە لەسەر جێگەکەی دادەنیشت و خەیاڵ دەیبردەوە و ئەو قسانەی دەکرد.
لەڕووی زانستییەوە شێتی بریتییە لەوەی کەسی شێت توانای کۆنترۆلکردنی ئەقڵی خۆی نییە، کۆمەڵێ هەڵسوکەوتی لێ دەوەشێتەوە کە شاز دەردەکەوێت چونکە هەندێجار پێوەرە کۆمەڵایەتییەکان پێشێل دەکات، و زۆرجاریش ئەو کەسانە دەبنە سەرچاوەی خەتەرناکی بۆ سەر خۆیان و دەوروبەریان. بەڵام پەیوەندیی شێتی بە شیعرەوە چییە؟
شیعر زۆرترین خەیاڵی تێدایە، سیخناخە بە پرسیار و لێکدانەوە و نیگەرانی و قووڵبوونەوە. لە دەرەوەی واقیعەوە وێنە شیعرییەکان بە وشەکان دروست دەبن، بۆیە لە زۆر کەس وایە شاعیربوون جۆرێکە لە شێتی. کەچی یۆنانییەکان شێتیی شیعریان بە ئەفسانە پێناسە کردووە و بەلایانەوە داهێنانی شیعری وەکو مەتەڵێک وابووە، هەتا ئێستاش هەر وایە و باوەڕیان وایە ئەو مەتەڵە هەڵناهێنرێ، چونکە هەرچی لێی نزیک دەبیتەوە دەچێتەوە دۆخی مەتەڵەکەوە.
رامبۆ لە قۆناغێک لە قۆناغەکانیدا گەیشتە حاڵەتێک گوتی: من ئیتر شاعیر نیم، چونکە چیدی شێت نیم.
جا ئەگەر پێشی نەزانیبێت یان نکوڵیشی لێ بکات لەناو هەموو شاعیرێکدا بڕێک لە شێتی هەیە، کە دیوەکانی تری دەروبەری دەبینێت و خەیاڵی زۆرجار دەیگەیەنێتە شوێنێک ئادەمیزادی ئاسایی هەرگیز رێی تێی ناکەوێت و بە زمانێک تەعبیر دەکات کە زمانی ئاسایی تێدەپەڕێنێت و لە ئەقڵ لادەدات. جیا لە ئادەمیزادە ئاساییە کان شاعیرە «حەقیقیەکان» شتێک لە شیتییان تێدایە، کە دەبێتە سەرچاوەی داهێنانیان.
شێتی بەو مانایە نا هاوار بکەن و بە جلوبەرگی دڕاوەوە بەسەر شەقامەکاندا وێڵ بن و منداڵ بەردیان تێگرێ، بەڵکو بەو مانایەی شاعیر شتێک دەبینێت چاوی ئادەمیزادی ئاسایی نایبینێت، بە زمانێک تەعبیر دەکات لای ئادەمیزادی ئاساییبوونی نییە، زمانێک تایبەت بە تۆمارکردنی ئەوەی دەیبینێت و ئەو چرکەساتانە کە زۆر کەس نەک تەنها لێی تێناگات، بەڵکو رەنگە حەزیشی پێی نەبێت.
هەرچەندە ئەفلاتوون قەدەغەی کرد شاعیرەکان توخنی کۆمارەکەی بکەون، بەڵام ئەو بێ ئاگا بوو لەوەی شیعر نووسین بۆ خۆی کۆمارێکی کەونییە، لە کۆمارەکەی ئەفلاتوون خۆشی گەورەتر. لای شاعیر هیچ سنوورێک نامێنێت، هەموو شتێک قابیلی ئەوەیە تەعبیری لێبکرێ بەڵام بەو زمانەی کە رەنگە بەهۆیەوە سیفەتی شێتی بەسەردا درابێت.
ئاخر نیتشە خۆی کرد بەناو مەلەکوتی خوداوەنددا و بانگی مردنی دا و لە جیهانی خۆی راوەدووی نا. بەهۆیەوە بوو بەو شێتەی کە خەڵک بلیتیان لە دایکی دەکڕی و دەچوونە سەیری، چونکە کەس باوەڕی نەدەکرد کەسێک هەبێت بۆی هەبێت بڵێت «خودا مرد».
زۆربەی شاعیرەکان کە بە شێت وەسفکراون، لەبەر ئەوە بووە بەرگەی واقیعێکیان نەگرتووە و ئامادە نەبوون لەگەڵیدا مامەڵە بکەن، زۆربەی ئەو شاعیرانە لەزەتیان لە نشوستییەکانیان هێناوە و لە واقیعێک کە رەتیان کردۆتەوە پێیان باشتر بووە ، چونکە ئەوەی چاوی ئەوان دەیبینێت و درکی پێدەکات، چاوی ئاسایی نایبینێت و زمانی ئاسایی ناتوانێ تەعبیری لێبکات.
فرۆیدیش گوتوویەتی کەسە داهێنەرەکانی بواری ئەدەب و هونەر زیرەکییەکیان هەیە کە درک بە شتێک دەکەن ئادەمیزادی ئاسایی درکی پێناکات، و زۆربەیان کێشەی دەروونیان هەیە بەهۆی ئەو واقیعەی بەرگەی ناگرن.