دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 31/12/2021

کۆنەفرۆشی بەهانەیە

هێمن عەبدولقادر

هەموو شتێک لە دنیادا (ئەصڵ) و (فەرع)ی هەیە ، ئەسڵ بناغەی کارەکەیە و فەرع هەڵچنراوەکەیەتی، هەموو فەرعێک بیانووە بۆ راگرتنی ئەسڵێک.

ڕۆیشتن ئەسڵە و ڕێگاکانی ڕۆشتن فەرع ، عیشق ئەسڵە و شەڕفرۆشتنەکانی عیشق ، بیانووەکانی عیشق فەرعە.

جیاوازییەکی گەورە هەیە لە نێوان (ئەسڵ) و (فەرع)دا ، هەر وەکو چۆن جیاوازییەکی گەورە هەیە لە نێوان (عیشق) و (حەز)دا

حەز بابەتێکە مامەڵە لەگەڵ ڕووکاری دەرەوەی جەستەدا دەکات بەڵام عیشق سەرو کاری لەگەڵ (ماتەر) و (بایۆلۆجیا) و (هۆرمۆن) و (کیمیا)دا نیە ، حەز واتە (شەهەوەت) ، (ئیشتیها) ،( ئارەزوو)، بەڵام عیشق واتە (فڕین) ، (ئاگاهی) ، (بێ دەنگی) (سەما) (گۆرانی)

هەر بەو چەشنە

ئەسڵ واتا (گەڕان) (نیهان) (بیرنەچونەوە) (بیرکردن) (دۆشدامان) ، فەرع واتا (کۆنەفرۆشی) (کۆڵانگەڕی) (بەهانە) (بیانوو)
......................
ئەها (مستەفا بەگی کوردی) چەند جوان دەڵێ :-
(ئەو عەزیزی نامرێ، بگرین بەبێ خۆف و خەتەر
بەو بەهانە قوڕ بپێوین تێر لە چیغان داوەرین)

هەر پێمان خۆشە جار جار کەسێکی نزیکیت بمرێ ، تا هیچ نەبێت ، ئێمە بە هۆی ئەو کەسەوە بیانوویەکمان هەبێت و بێین و لە نزیکتەوە لە بەردەستدا تێر تێر بگرین ، بەڵام بۆ تۆ نەک بۆ کەسە مردووەکەت،

هاتن و گریان و بینینی تۆ پێویستیەو ئەصڵە و ،مردنی خەڵکی تر یش تەنها فەرعە و بەهانەیە و بیانوو بۆ بینینی تۆ.

واتا هیچ ئەسڵێک نایەتە دی هەتا فەرعێکی نەبێت ، هەر بەوچەشنەی ناگەیتە هیچ شوێنێک تا رێگایەک نەبێت
(خرید ضایعات بهانه است ،
کوچه به کوچه شهر راه میگردم بلکه تو را پیدا کنم)

کۆنەفرۆشی بۆ من پیشە نیە، بەڵکو بەهانەیە ، کۆڵان بەکۆڵان گەڕان ئەسڵی مەبەست و پیشەی سەرەکی دڵمە بۆ ئەوەی لە ماڵێکدا تۆ بتدۆزمەوە
نوقتە سەری دێڕ ...

*دۆستایەتی لەگەڵ خەڵکیدا ئەسڵە و ،نیاز و مەبەست بەخەڵکی فەرع ، مرۆڤایەتی و ڕەوشت بەرزی ئەسڵن ، لەقەب و خێڵ و نازناوی زانستی و ژمارەی بانک و پلە و پایە فەرعن
**(نیاز باشترە لە کردەوە) ، چونکە نیەت ئەسڵە و کردەوە فەرع ، مرۆڤیش بە گوێرەی نیەتی پاداشت دەدرێتەوە نەک کردەوەکانی واتا بە گوێرەی ئەسڵ نەک فەرع ، دڵ نەک زوبان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP