دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 24/12/2021

ڕێگریکردن لە خۆکوژی لە ڕێگەی پەروەردەوە!

د.جەعفەر عومەر پزیشکی پسپۆری دەروونی

(١٠\٩)ی هەموو ساڵێک ڕۆژی جیهانی ڕێگریکردنە لە خۆکوژی (World Suicide Prevention Day)، ڕێگاکانی ڕێگریکردن زۆر و هەمەچەشنن و چەندین ئاستی جیاوازیان هەیە.

یەکێک لە ڕێگە کاریگەرەکان بریتییە لە پەروەردەکردنی منداڵ. دەتوانین بەم ڕێگا پەروەردەییانە هاوکاربین لە کەمکردنەوەی خۆکوژی نەوەکانمان: دوورکەوتنەوە لە ڕەفتاری هاندەرانە بۆ خۆکوژی؛ پێویستە دایباب لە ژیانیاندا خۆیان لە هەموو ڕەفتارێکی خۆکوژی بەدوربگرن، هەتا منداڵەکانیان لە داهاتوو دووبارەی نەکەنەوە، هەر لە وتەکانی "ئەمە کەی ژیانە" "مردن باشترە" "خۆزگە بمردمایە" هەتا هەوڵدان و ڕەفتاری توندوتیژی دژ بە خودی خۆیان.

چاندنی بەها و باوەڕی ئومێدەواری و هیواداربوون؛ پێویستە هەوڵبدەن منداڵەکانیان کەسانی خاوەن ئومێد و پڕهیوابن و لە بێهیوایی بیانپارێزن. فێرکردنی لێهاتووییەکانی ژیان؛ ئەو لێهاتووییانەی پێویست کە مرۆڤ بۆ خۆشبەختی و بەختەوەری ژیانی بیانزانێت، بەتایبەت چۆنییەتی چارەسەری کێشە، کۆنتڕۆڵی توڕەیی، و کۆنتڕۆڵ و چارەسەری فشارەکان.

گرنگیدان بە دەرووندروستی منداڵەکان؛ هەرکات کێشەیەکی دەرووندروستییان هەبوو بە گرنگییەوە سەرنجی بخەینە سەر و هەوڵی چارەسەرکردنی بدەین، بەتایبەت لە تەمەنی نەوجەوانی کە پڕە لە گرفتی دەروونی و ڕەفتاری. پەیوەندی هەڵچوونی بەهێز؛ دەبێت دایباب بۆندێکی بەهێز لەگەڵ منداڵەکانیان درووستبکەن، بەشێوەیەک ببنە سەرچاوەی ئارامی و ئاسودەیی منداڵەکان.

پاراستنیان لە فشار و زەبرەکان؛ فشارە بەهێزەکان و زەبرە دەروونی و جەستەیی و سێسکسییەکان لەتەمەنی منداڵیدا کاریگەری گەورە دەخەنە سەر داهاتوی دەرووندروستی تاک، ئەرکی دایبابە منداڵەکانیان بپارێزن. بەهێزکردنی لایەنی ڕۆحی و ئاینی؛ پێویستە لە منداڵییەوە گرنگی بە لایەنی روحی منداڵ بدرێت لە وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی بوون و ژیان و نەزاندراوەکان هەتا پشتبەستن بە خودا و ژیانی داهاتوو! ئەمەش لەسەر بنەمای تەمەن ئەنجامدەدرێت و کردەیەکی ڕەمەکی نییە.

ئەو خاڵانەی سەرەوە هۆکارن بۆ دروستکردنی منداڵێک کە دەروندروستبێت و لە داهاتوو بەدوربێت لە گرفتە دەروونییەکان و بەتایبەت خۆکوژی! 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP