دواین هەواڵ

کوردستان‌

 27/11/2021

دەرباز کۆسرەت رەسول: لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەسەر كوژرانی موراد کانی کوردەیی دروستبکرێت

هەرێم نیوز

دەرباز کۆسرەت رەسول، كارگێری مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كورستان بەشداری لە پرسەی عەمید موراد کانی کوردەیی کردو رایگەیاند، هیواخوازین لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی تایبەتمەند  لەسەر رووداوەكە پێکبهێنرێ و رێکارە یاساییەکان بگیرێتە بەر.

پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، دەرباز کۆسرەت رەسول کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانلە شاری کۆیە بەشداری کرد لە پرسەی عەمید موراد کانی کوردەیی.

لەمیانی بەشداریکردنی لە پرسەکەدا، دەرباز کۆسرەت رەسول پرسەو سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی خانەوادەی موراد کانی کوردەیی کردوە و رایگەیاندوە، پەیوەست بە تێبینی و سەرنجەکانی سەر رووداوەکە بۆ لابردنی تەمومژ لەسەر رووداوەکەو دەرکەوتنی راستییەکان هیواخوازین لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی تایبەتمەند پێکبهێنرێ و رێکارە یاساییەکان بگیرێتە بەر.

ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە ،25ی نۆڤێمبەر، موراد عەبدولڕەحمان عەوڵا، ناسراو بە موراد کانی کوردەیی لە نێو سەنتەری شاری رانیەلەلایەن هێزێکەوە تەقەیان لێکرا و بە هۆیەوە گیانیان لەدەستدا.

لەبارەی رووداوەكەشەوە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان  لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند،لەکاتی جێبەجێکردنی بڕیاری دەستگیرکردنی، موراد کانی کوردەیی و پاسەوانەکانی رووبەڕووی هێزێکی ئەمنیی فەرمی دەبنەوە. بەهۆیەوە کارمەندێک دەکوژن و سێ کەسیش بریندار دەکەن. هاوکات خۆی و دوو پاسەوانی دەکوژرێن.

دوێنێش، هەینی بنه‌ماڵه‌ی موراد كانی کوردەیی رایانگەیاند، عەمید کانی کوردەیی دوای ئەوەی تەقەی لێکراوە و بریندارکراوە، بە برینداری رفێندراوە، دواتر لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستداوە.

هەر ئەمرۆش، سەرکان فاخیر خەتی كەیەكێك بوو لە پاسەوانەكانی موراد کانی کوردەیی  و لەرووداوەكەدا برینداربوبو، گیانی لەدەستدا.




Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP