دواین هەواڵ

وەرزش‌

 24/11/2021

بنزیما بەساڵێک زیندانی و 75 هەزار یۆرۆ سزادەدرێت

بەهۆی ئەو کێشانەی لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا لەنێوان کەریم بنزیما و ماتیۆ ڤالبوێنا روویاندا، سزای زیندانیکردن بۆ ساڵێک بۆ بنزیما دەرچوو.

میدیای فەرەنسا بڵاویکردەوە، کەریم بنزیما بەهۆی کێشەکانی لەگەڵ ئەو یاریزانەی پێشووی فەرەنسا، لەلایەن دادگای فەرەنساوە بڕیاری زیندانیکردنی بۆ ماوەی یەک ساڵ بۆ دەرچوو، بەڵام بڕیارەکە جێبەجێ ناکرێت و یاریزانەکە بە کەفالەت ئازا دەکرێت، جگە لەوەش یاریزانەکە بەبڕی 75 هەزار یۆرۆ سزادەدرێت.

دادوەری تایبەت بە دۆسێیەکەی کەریم بنزیما دەڵێت " بنزیما لە لێکۆڵینەوەکاندا درۆی لە دادگا کردووە، دوای ئەوەش دەرکەوتووە کە لە دۆسێیەکەدا تاوانبارە و پەیوەندیی بە موستەفا زواوییەوە هەبووە، کە تۆمەتباری سەرەکییە لە پرسی بڵاوکردنەوەی کاسێتە ئابڕووبەرانەکەی تایبەت بە ماتیۆ ڤالبوێنا."

بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، چوار کەسی دیکە بەهۆی ئەو دۆسێیەوە سزادراون، یەکێک لەوانە ئاکسێل ئاژنۆیە کە 18 مانگ سزای زیندانیی بەسەردا سەپێندرا و موستەفا زواوی کە سزای زیندانیکردنی بۆ ماوەی 4 ساڵ بەسەردا سەپێندراوە و بە 15 هەزار یۆرۆش سزادراوە، یونس حەواز، یەکێکی دیکەیە لەو کەسانەی کە بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ ماتیۆ ڤالبوێنا کردووە و هەڕەشەی کردووە و بە 18 مانگ زیندانی سزادرا و کەسەکەی دیکەش کەریم زیناتی، هاوڕێی منداڵیی کەریم بنزیمایە، لە رێگەی ئەمەوە بنزیما لە دۆسێیەکەدا تێوەگلاوە سزای زیندانیی بۆ دوو ساڵی بەسەردا سەپێندرا."

سیلڤان کۆرمێیی پارێزەری کەریم بنزیما لەبارەی بڕیارەکەی دادگاوە دەڵێت " ئەو بڕیارەی لەبارەی بنزیماوە دراوە دادپەروەرانە نییە، بۆیە تانە لە بڕیارەکە دەدەین و دڵنیاین لەوەی کە بنزیما سەردەکەوێت."

بنزیما هەموو ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵی رەتیدەکاتەوە و لە دادگا ئامادەنەبووە، یاریزانەکە لەگەڵ یانەی ریال مەدرید لە مۆڵدۆڤایە و ئەمشەو لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپادا بەرامبەر یانەی شێریف تیراسپۆل یارییدەکات.

ساڵی 2015 بنزیما بەوە تۆمەتبارکرا کە دەستی هەبووە لە هەوڵێک بۆ ئابڕووبردنی ڤالبوینا، دوای ئەوەی ڤیدیۆیەکی ئابڕووبەرانەی ڤالبوینا کەوتە دەستی 3 کەس و هەڕەشەی بڵاوکردنەوەیان کرد ئەگەر ئەو یاریزانە بە پارە رازییان نەکات، کەریمیش دانی بەوەدا نا کە لەسەر داوای هاوڕێیەکی منداڵیی کە ئەو 3 کەسە دەناسێت، ویستوویەتی کێشەکە چارەسەربکات، داوای لە ڤالبوینا کردووە پارەیان پێبدات بۆ ئەوەی ڤیدیۆیەکەی بڵاونەکەنەوە، بەڵام ئەوە خراپ بەسەر کەریمدا شکایەوە و بەوە تۆمەتبارکرا کە دەستی لەو کارەدا هەیە، تەنانەت دواتر خودی ڤالبویناش بنزیمای بەوە تۆماتبارکرد کە رۆڵێکی خراپی هەبووە لەو پرسەدا.

ئەو رووداوە بووە هۆکاری دوورخستنەوەی هەردوو یاریزانەکە لە هەڵبژاردەی فەرەنسا لە ساڵی 2015، کە دوای 7 ساڵ بنزیما گەڕایەوە ریزەکانی هەڵبژاردەی کەڵەشێرەکان و لەگەڵیدا نازناوی نەیشنلیگی بردەوە.

کاتێک لە سەرەتای ئەمساڵدا کەریم بنزیما درایە دادگای ڤێرسای، سیلڤان کۆرمێیی پارێزەری کەریم، سەرکۆنەی ئەو بڕیارەی کرد و رایگەیاند "بڕیارێکی بێمانا و هیچە".



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP