دواین هەواڵ

کوردستان‌

 21/10/2021

قوباد تاڵەبانی داوای هاوکاری لە باڵوێزخانەی سوید دەکات لە ڕێکخستنی باجدا

هەرێم نیوز
جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم، ئەمڕۆ پێنجشەممە، داوایكرد حكومەتی سوید هاوكاریی هەرێمی كوردستان بێت لە بواری رێكخستنەوەی باجداو باڵیۆزی سویدیش لە عێراق، ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ ئەو مەبەستە دەربڕی.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێم، ئەمڕۆ پێنجشەممە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ یوناس لۆڤێن، باڵیۆزی نوێی سوید لە عێراق كۆبوەوەو دەربارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و پتەوکردنی پەیوەندییە دو قۆڵییەکانی نێوان هەرێم و سوید گفتوگۆیان كرد.

لە کۆبونەوەکەدا كە لە هەولێر بەڕێوەچو، جێگری سەرۆک وەزیران بە بۆنەی دەستبەکاربونییەوە پیرۆزبایی لە باڵیۆزی نوێی سوید کرد، هیواشی خواست لە ماوەی کارکردنیدا هاوکاربێت لە پێشخستنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی سوید.

لە بەشێکیتری کۆبونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی داوایکرد حکومەتی سوید زیاتر هاوکاربێت لە پرۆسەی چاکسازی لە حوکمڕانی هەرێمی کوردستان و بە تایبەتیش لە بواری رێکخستنەوەی باجدا بەوپێیەی وڵاتی سوید لەم ڕوەوە لەسەر ئاستی جیهاندا لە ڕیزی وڵاتە پێشەنگەکانە. 

لای خۆیەوە باڵیۆزی سوید ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ هاوکاری و ئاماژەی بەوەدا کە حکومەتی سوید ئامادەیە تیمی پسپۆڕ بۆ کاری راوێژکاری رەوانەی هەرێمی کوردستان بکات.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا تاوتوێی قۆناغی دوای هەڵبژاردنەکانی عێراق کراو هەردولا هاوڕابون کە عێراق بە قۆناغێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت و هیوایان خواست لایەنە عێراقییەکان بە شێوەیەکی ئاشتیانە دانوستان بکەن بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی کارا و خزمەتگوزار کە لە ئاستی چاوەڕوانی هەمو پێکهاتەکانی عێراقدا بێت. 

لەم میانەیەشدا باڵیۆزی سوید ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕی یارمەتی سەرجەم لایەنە عێراقییەکان بدات بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP