دواین هەواڵ

کوردستان‌

 23/09/2021

بانگهێشتی نێچیرڤان بارزانی دەکرێت بۆ بەنگلادیش

هەرێم نیوز
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ باڵیۆزی نوێی بەنگلادش لە عێراق کۆبووەوە و هیوای سەركەوتنی لە ئەركی نوێیدا بۆ خواست و پشتیوانیی هەرێمی كوردستانى بۆ سەرخستنی ئەرك و كارەكانی نیشان دا. باڵیۆزی بەنگلادش بانگهێشتى سەرۆكی وڵاتەكەی بۆ سەردانى وڵاتەکەی پێشکەش بە نێچیرڤان بارزانى کرد.


رۆژی پێنجشەممە 23-09-2021 ، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە محەممەد فەزل ئەلباری، باڵیۆزی نوێی بەنگلادش لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.

بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە دیدارێكدا "سەرۆك نێچیرڤان پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی لە بەڕێزیان كرد و هیوای سەركەوتنی لە ئەركی نوێیدا بۆ خواست و پشتیوانیی هەرێمی كوردستانى بۆ سەرخستنی ئەرك و كارەكانی نیشان دا."

سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەنگلادش لە بوارە جیاكاندا كردەوە و ئاماژەى بە کارامەیی دەستی كاری بەنگلادشی لە هەرێمی كوردستان کرد.

هەر بە پێی راگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان "باڵیۆزی بەنگلادش سڵاو و رێز و بانگهێشتى سەرۆكی وڵاتەكەی بۆ سەردانى بەنگلادش پێشکەش بە سەرۆک نێچیرڤان بارزانى کرد و سوپاسی هەرێمی كوردستانی بە خەڵك و حكومەتەوە کرد بۆ پێشوازی و هاوكارییان لەگەڵ دەستی كاری بەنگلادشى."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باڵیۆزی بەنگلادش خواستى بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكان، بەتایبەتى لە بوارى بازرگانیدا دووپاتكردەوە.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا هەڵبژاردنەكانی عێراق، دۆخى ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان و بەنگلادش، پێویستی كردنەوەی نووسینگە یان كۆنسوڵگەریی بەنگلادش لە هەولێر تاوتوێكرا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP