هەرێم نیوز
گالیسکەی پریزێرڤنسی ناسا لەسەر مەریخ، بۆ یەکەمجار بەردێکى سەرمەریخ هەڵدەگرێت و ناساش دەڵێت: "ئەمە هەنگاوێکی گەورەیە بەرەو ئەو ئامانجەی کە ماوەی زیاتر لە 50 ساڵە کۆمەڵگەی زانستی هەوڵی بەدەستهێنانی دەدات.
گالیسکەی
پریزێرڤنسی ناسا لەسەر مەریخ، زیاتر لە 359 ملیۆن کیلۆمەتر لە هەسارەی زەوییەوە
دوورە، بەڵام لە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکاوە دەجوڵێندرێت.
لە
سەرەتای مانگی ئەیلوول، گالیسکەکە توانیی بۆ یەکەمجار بە سەرکەوتوویی نموونەیەک لە
بەردی مەریخ هەڵبگرێ. گالیسکەکە بەردەکە دەبڕێت و دواتر لە نێو لوولەیەکدا کە بە
قەبارەی پێنووسێکە هەڵیدەگرێ.
سکۆت
هەبارد، بەڕێوەبەری پێشووی ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی ناسا دەڵێت، "ئەمە
هەنگاوێکی گەورەیە بەرەو ئەو ئامانجەی کە ماوەی زیاتر لە 50 ساڵە کۆمەڵگەی زانستی
هەوڵی بەدەستهێنانی دەدات، کە ئەویش بریتییە لە هێنانەوەی نموونەی بەردی هەسارە
سوورەکە."
زانایانی
ناسا دەیانەوێت لە رێگەی پشکنینی ئەو بەردانەوە وەڵامی دوو پرسیار بدۆزنەوە کە
هەموو مرۆڤایەتی بە پەرۆشەوە دەیانەوێت بیزانن؛ ئەوانیش: ئایا ژیان لەسەر مەریخ
هەیە؟ ئایا پێش ملیاران ساڵ هەسارەی مەریخ چۆن بووە پێش ئەوەی رووبار، دەریا و
زەریاکانی وشک بن؟
کێنێس
فارلی، زانای ناسا دەڵێت، "هێنانەوەی نموونە بۆ سەر زەوی، ماوەی چەندین ساڵە
خەونی زانایان بووە کە بەو بڕوایە گەیشتوون کە هەندێ پرسیاری زۆر گرنگ لەبارەی
مەریخ و مێژووی کۆمەڵەی خۆر هەن کە ئێمە ناتوانین تەنیا بەو ئامرازانە وەڵامیان
بدەینەوە کە دەیانفڕێنین."
بێتانی
ئێهلمان، زانای ناسا دەڵێت، "ئێمە بە چاوی خۆمان و لە نزیکەوە پشکنین دەکەین
بۆئەوەی بزانین ئایا زیندەوەری ورد لەنێو بەردەکانی مەریخدا هەن یان نا، هەروەها
لە نزیکەوە سەیری نیشتووەکانی دەریاچەی جێزرۆ کارتەر و ئاوی ژێرزەوی و ئەو
بەردانەش دەکەین کە بەهۆی ئاو و گەرماوە گۆڕاون."
دەریاچەی
جێزرۆ کارتەر ناوی ئەو بەشەیە کە گالیسکەکە ئێستا نموونەکانی لێ کۆدەکاتەوە. دوای
کۆکردنەوەی نموونەکان لە لایەن گالیسکەی پریزێرڤێنسەوە، گالیسکەیێکی دیکە کە ناوی
فێچەرە کە بە هاوبەشی لە لایەن ناسا و ئاژانسی بۆشایی ئاسمانیی ئەوروپی
دروستدەکرێت، دەنێردرێتە سەر مەریخ بۆئەوەی نموونەکانی لێ وەربگرێت.
ئەگەر
هەموو شتێک بە گوێرەی پلان بڕوات، گالیسکەکە لە ساڵی 2026 گەشتەکەی بەرەو مەریخ
دەستپێدەکات و ساڵی 2028 دەگاتە سەر مەریخ.
دواتر
نموونەکان لە گالیسکەی پریزێرڤنس وەردەگرێت و ساڵی 2031 دەگاتەوە سەر زەوی و زاناکان
دەست بە لێکۆڵینەوە و پشکنینی نموونەی بەردەکان دەکەن.
javascript:WebForm_DoPostBackWithOptions(new WebForm_PostBackOptions("ctl00$Main$FormView1$LinkButton5", "", true, "", "", false, true))