بەشی یەك تابەشی حەوت
لەم ساڵەدا چوار باندی مافیایی هەرە ترسناکی تورکی لە چوار گۆشەی دونیا گورزییان بەرکەوت. لە ئەمریکا، لە ئەڵمانیا و لە تورکیا و ئەم هەفتەیەش لە ئوسترالیا... هەر چوار باندەکە بەشێک بوون لە دەوڵەتی قوڵی تورکی و پەیوەندییەکی سیستیماتیکییان لەگەڵ کاربەدەستانی رژێمەکەی ئەردۆغان هەبووە.
چوار باند و چوار چیرۆکی سەرنج راکێش، هەوڵ دەدەم لەچەند بەشێکدا ئەم چیرۆکانە بگێڕمەوە.
سەرەتا با بە چیرۆکی سەزگین باران کۆرکماز دەست پێ بکەم. کۆرکماز سەلامەتترینی ناو ئەو چوار باندەیە.
تا پار ئەو کاتانەش، کۆرکماز ئەستێرەیەکی دونیای بزنس و خێرخوایی و دیبلۆماتی رێزلێگیراوی تورکیا و ئەمریکا، خێرخوازێکی دڵ ئاوا، براوەی خەڵاتی نەتەوە یەکگرتووەکان، پاڵەوانی پشت پەردەی ئازادکردنی قەشەی ئەمریکی ئەندرێ برانسەن، یەکێک لە لۆبیستەکانی نزیکبوونەوەی ئەردۆغان و ترەمپ، خاوەنی فرۆکەیەکی هەرە نایاب و سپانسۆری سەدان خوێندکاری هەژار و یەکێک لەو پیاوانەشە کە لەزۆر موناسەبە لەتەنیشت ئەردۆغاندا دەردەکەوت (لە وێنەی هاوپێچدا لەتەنیشت ئەردۆغاندا وەستاوە).
لەهەمووی سەرنج راکێشتر دەربارەی کۆرکماز ئەوەیە، ئەو کوڕە هەژارێکی کوردی بە تورکبووی شاری قارس بوو، بە منداڵی پێڵاوی خەڵکی بۆیاغ دەکرد. بەڵام لە سای حوکمڕانی ئەردۆغاندا دەرووی خێری بەروودا کرایەوە و لە پڕێک بوو بە کوڕێک... کوڕ ئەمما کوڕ، دەوڵەمەند، بەڕێز، خێرخوا، خزمەتکاری تورک و دڵسۆزی وڵات، لەهەر بوارێک کە تۆ بەخەیاڵتدا دێت ئەم بزنسی هەبوو، لەبواری داو و دەرمان، فرۆکەوانی، کەشتیەوانی، گەشتیاری، خانوبەرە، بیناسازی هتد و سەرجەم پتر لە ٥٠٠٠ کەس موچەخۆری کۆرکماز بوون...
لە نکاوڕا، لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٠دا ئەردۆغان فەرمانی بەدادگا کرد کە بڕێارێک دەربکەن و هەرچی وێنەی لەگەڵ کۆرکماز هەیە لە تۆڕی ئینتەرنێتدا بسڕێتەوە.
هەڵبەت، ئەردۆغان ناهەقی نەبوو... هەر ئەو کوڕە لە پڕێکدا بوو بەگەورەترین بار بەسەر ئەردۆغان و رژێمەکەیدا.
بێننە پێش چاوی خۆتان، ئەمریکا کل لەچاوی سەرۆک و پادشایانی جیهان دەدزێت، بەڵام کۆرکماز لەماوەی چەند ساڵێکدا نیو ملیار دۆلاری رێکی بە فڕ و فێڵ لە حکومەتی ئەمریکا دزی و هێنایەوە بۆ تورکیا.
دیوە وتراوەکەی چیرۆکی کۆرکماز ئەوەیە، ئەو لەگەڵ مۆرمۆنەکان شەریک بوو (ئەوەی لەوێنەکەدا لەتەنیشت کۆرکماز و ئەردۆغان وەستاوە یاقوب کینگستۆن، سەرۆکی مافیای مۆرمۆنەکانە).
مۆرمۆنەکان هەم مافیان و هەم سەکتێکی دینین. لەلایەکەوە، ئەوان یەکێک لەگەورەترین مافیاکانی ویلایەتی ئوتاهی ئەمریکان و سەدان ملیۆن دۆلار داهاتی باندەکەیانە. لەلایەکی تریشەوە، ئەوان بەرەگەز ئەرمەنین و سەر بە سەکتێکی ئایینی مەسیحی نامۆن کە وەک مەلا لەتیفی سەلەفی لەمەڕ خۆمان دڵییان تەڕە و باوەڕیان بە سێ چوار ژنی شەرعییە لەیەک کاتدا.
شەراکەتی کۆرکماز و مۆرمۆنەکان بەو جۆرە بوو، بەیەکەوە بە فێڵ و ئیختیلاس پارەی ناشەرعی پەیدا بکەن و کۆرکمازیش ئەو پارەیە لە تورکیا سپی بکاتەوە.
دیوە نەوتراوەکەی چیرۆکەکەش، ئەوەیە دەوڵەتی تورک هەموو ئاسانکارییەکی بۆ کۆرکماز کردووە تا ئەو پارە ناشەرعییە (پارە رەشە) لە تورکیا سپی بکاتەوە. هەموو ئەو بزنس و کارە خێرخوازییانەی کۆرکماز و تەنانەت خەڵاتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکانیشی، کە لەسەرەوە ئاماژەم پێدان، بەو پارە ناشەرعییە کراون.
بیرتان دێت ئەو رۆژەی ئەردۆغان لە ئەمریکا بوو و کوردەکان لە پێش هۆتێلەکەی ئەودا خۆپیشاندانییان کرد و باندەکەی ئەردۆغان لە ئەمریکا پەلاماری خۆپیشاندەرە کوردەکانییان دا؟ چالاکوانە موعاریزەکانی ئەردۆغان دەڵێن لەو سەفەرەی ئەردۆغاندا کۆرکماز سەدان ملیۆن دۆلاری بە هەمان ئەو فرۆکەی ئەردۆغاندا هێنایەوە تورکیا.
پەیوەندییەکە روونە...؟
ئەگەر هێشتا روون نییە،با بگەڕێینەوە بۆ تویتەر و ڤیدیۆکانی سەدات پەکەر، گەورە مافیاکەی تورک و کەسی نزیکی سلێمان سۆیلۆی وەزیری ناوخۆی تورک.
مانگی ١٢ی ٢٠٢٠ ئەمریکا، فەرمانی دەسگیرکردنی کۆرکماز. بە تۆمەتی بردنی ٤٧٠ ملیۆن دۆلاری حکومەتی ئەمریکا، دەرکرد.
سەدات لە چەندین ڤیدیۆ و تویتدا پێداگری دەکات کە سلێمان سۆیلۆ و بەرپرسەکانی تری رژێمەکەی ئەردۆغان لەگەڵ کۆرکماز دەستیان تێکەڵە. بەگوێرەی پەکەر، بۆ ئەوەی کۆرکماز نەکەوێتە دەست ئەمریکییەکان و رۆڵی رژێمەکەی ئەردۆغان لەو کارە مافیاییەدا ئاشکرا نەبێت، سۆیلۆ لە رۆژی ٤ی مانگی ١٢ی ٢٠٢٠ بانگهێشتی کۆرکماز دەکات بۆ وەزارەتی ناوخۆ و پێی دەڵێت را بکە و فرمانی دەسگیرکردنی تۆم پێیە.
کۆرکماز رۆژی دواتر را دەکات و دەربازی دەبێت و کە رایکرد ئەوسا تورکیا فەرمانی دەسگیرکردنی کۆرکمازی دەرکرد. لە گروپێکی ١٨ کەسی سەر بە کۆرکماز کە لەلیستی داواکراوەکان بوون هەر هەموویان دەربازییان بوو، جگە لەیەک کەس بۆ چاوبەستەگی گیراوە، کە ئەویش لەناو بازنەی یەکەمدا نییە و گرتنی گرنگ نییە.
چیرۆکی مافیای تورک لە ئەڵمانیا (گروپی عوسمانییەکانی ئەڵمانیا).
با لە پاڵەوانێکی ناو چیرۆکەکەمانەوە دەست پێ بکەین، چیرۆکی کەسایەتییەکی زۆر بەڕێز، ماقوڵ، موسوڵمانێکی لە خواترس و بەتەقییە و سیاسەتمەدارێکی ناوداری تورک، چیرۆکی "مەتین کوڵونک"ی تەمەن ٦١ ساڵە.
گیانێک لەدوو جەستەدا...
مەتین کوڵونک خزم و هاوشاری رەجەب ئەردۆغانە. جگە لە خزمایەتی و هاوشارێتی کوڵونک هەر لە منداڵییەوە تا ئێستا هاوڕێیەکی هەرە نزیک و جێ متمانەی هەموو قۆناغەکانی ژیانی ئەردۆغانیشە. هەردوکیان لە شاری ریزا لەدایک بوون و ماڵباتی هەردووکیشیان بەیەکەوە هاتنە ئەستەنبۆڵ و لەوێش لە قاسم پاشای ئەستەنبۆڵ بەیەکەوە گەورەبوون و بەیەکەوە دەچونە مزگەوت و بەیەکەوە بوونە قوتابی نەجمەدین ئەربەکان. دوای دامەزراندنی ئاکەپەش لەیەک دانەبڕان وکوڵونک ئەندامی ناوەندی بڕیاردانی ئاکەپەیە، کە بەرزترین ئۆرگانی بڕیاردان و بەڕێوەبەرییە لەناو ئەو حیزبەدا و چاو و گوێ و بەرگریکاری سەرسەختی ئەردۆغانیشە لەو ناوەندەدا.
هەروەک لە هەر دۆستێکی وەفادار و متمانە پێکراو چاوەڕی دەکرێت، کوڵونک لە سکانداڵی گەندەڵی ئاکپارتی ساڵی ٢٠١٣ کە گولەنییەکان لەدژی ئەردۆغانییان جوڵاند، بێ هیچ دوودڵییەک لە پشت ئەردۆغان و ئەندامانی خانەوادەکەی وەستا. هەر کوڵونک بوو کە لە کودەتاکەی ٢٠١٥ و لە ریفراندۆمەکەی ٢٠١٧ شدا پشتیوان و بەرگریکارێکی سەرسەختی رەجەب ئەردۆغان بوو..
هاوڕێیەتی بۆ رۆژگەلی وا سەخت نەبێت بۆچی باشە. مەگەر کوڵنوک هەرگیز لەبیری دەچێتەوە کە ئەردۆغانی هاوڕێی منداڵی لە ساڵی ٢٠٠٧ چۆن فریای کەوت..؟
لە ساڵی ٢٠٠٣دا دوو کەنیسەی جوولەکەکان لە ئەستەنبۆڵ تەقێنرانەوە. رێکخراوێکی سەر بە ئەلقاعیدە بەناوی بەرەی نیشتەجێکانی رۆژهەڵاتی مەزن بەرپرسیارێتی تەقینەوەکەی گرتە ئەستۆ. لە درێژەی لێکۆڵینەوەدا، پۆلیسی تورک ریکۆردێکی دەنگی دەست کەوت کە کوڵونک لەگەڵ ئەو رێکخراوەدا دەستی تێکەڵ کردووە و لە تەقینەوەکەشدا دەستی هەبووە. ئەردۆغان هاتە سەر هێڵ و ئەو حاکم و بەڕێوەبەرانەی لێکۆڵینەوەیان لە کۆڵنوک کرد سزا دا و کوڵنوکیش لەو تۆمەتانە رزگاری بوو.
کاری نهێنی بۆ پیاوی جێ متمانە
دوای هاتنی ئەحمەد داودئۆغڵۆ بە تیۆرییە نیۆ-عوسمانییەکەیەوە، ئەردۆغان کەڵکەڵەی سوڵتانی لەکەللەی دەدات. بۆ ئەو مەبەستەش پێویستی بە لۆبی و هێز هەبوو بۆ نماییشکردن و کاریگەریدانان لە ئەوروپا. ئەم کەڵکەڵەیە هاوتا بوو لەگەڵ هەڵکشانی چالاکی جالییەی کوردی لە ئەوروپا. رێکخستنی تورکەکانی ئەوروپا بەئاراستەی خەونەکانی ئەردۆغان لەلایەک و ئیحتیواکردنی کورد لەلایەکی تر دەبێتە ئەرکێکی لەپێشینە و گرنگ. ئەرکی ئاواش لەسەرەتادا پێویستی بەهەنگاوی نهێنی و چەسپاو هەیە.
هەڵبەت هەر خزم و هاوڕێی باوەڕ پێکراو، کاری نهێنی و جێ متمانەی پێڕادەسپێردرێت، جگە لەوەش، شارەزایی و تێکەڵی کوڵونک لەگەڵ جالییەی تورک لە ئەوروپا دەگەڕیتەوە بۆ حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی رابردوو. بەگوێرەی عەبدوڵا بۆزکورت، لەوساوە کوڵونک لەگەڵ رێکخراوێکی توندرەوی ئیسلامی تورکەکان بەناوی "دۆغو ئاکنجیلەر- نیشتەجێکانی رۆژهەڵات" دەستی تێکەڵە و چەک و پارەی بۆ دابین کردوون... لەسەر ئەو بنەمایە، ئەردۆغان کوڵونک دەکاتە بەرپرسی مەلەفی تورکەکانی ئەڵمانیا و ئەوروپا.
سەرەتا ئەردۆغان بە نهێنی کوڵونک رادەسپێرێت بۆ بەرپرسارێتی لاوانی ئیسلامی لە ئەڵمانیا و هۆڵەندا، کە زۆرترین جالییەی تورکی لێیە. بودجەیەکی باشی حکومەتی تورکی و رێکخراوە ناحکومییەکانی سەر بە ئاکەپەی دەخاتە بەردەست. ئامانجی ئەردۆغان لەم هەوڵەیدا، وەک بۆزکورت دەڵێت، هەرکاتێک ئەردۆغان بییەوێت نماییشی هێز بەرامبەر ئەوروپییەکان یان کوردی ئەوروپا بکات، بتوانێت بەئاسانی تورکەکانی ئەو وڵاتانە بخاتە سەر شەقام.
کۆڵونک، دوای گرتنە ئەستۆی ئەم ئەرکەی ئیتر خاوەن هێزە و هەمو سەرەداو و سەرچاوەکانی هێزی تورکەکانی لە ئەوروپا بەدەستەوەیە.
دوو لە گرنگترین ئەو سەرچاوانەی هێزە رێکخراوی میت و لۆبیستی یەکێتی تورکەکانی دیموکراتە لە ئەوروپا.
میتی تورکی، کە بەگوێرەی دۆتچڤیلە جگە لەسەدان ئەندامی میت، زیاتر لە ٦٠٠٠ سیخوڕی چالاکی لە ئەڵمانیا هەیە یەکێتی تورکەکانی دیموکراتیش یەکێک لە گەورەترین لۆبیستەکانە لە ئەوروپا، هەردوکییان پەیوەندییان بە کۆڵونکەوە کرد و ن هاوکاری ئەون. وەک دوچڤیلە دەڵێت، ئامانجی سەرەکی میت لە ئەڵمانیا کوردە و لە ساڵانی دواییشدا گولەنییەکانن. کورد لە ئەڵمانیا بە دەوری ٦٠٠ هەزار کەس مەزەندە دەکرێت، بەواتایەکی تر، هەر ١٠٠ کوردێک سیخوڕێکی میتی بەردەکەوێت.
کۆڵونک پێویستی بەرێکخراوێکی تریش هەبوو بۆ لێدانی راستەوخۆی کورد و پشتیوانی ئەردۆغان، بەڵام رێکخراوێکی مافییایی. کوڵونک لە ٢٠١٥دا مافییای "عوسمانیەکانی ئەڵمانیا" دادەمەزرێنێت. کۆڵونک، بە پارە، و چەک و یارمەتی لۆجیستی هاوکاری عوسمانییەکانی ئەڵمانیا دەکات.
ئەم مافیایە لەژێر ناوی یانەی بۆکسێن دادەمەزرێت و بە ئاشکرا لە سەرجەم شارەکانی ئەڵمانیا بنکە دەکاتەوە و لەماوەیەکی زۆر کەمدا دەبێتە خاوەنی ٢٠ لق و ٢٥٠٠ ئەندامی چالاک.
مافیای تورکی لە ئەڵمانیا لە مافیای ئاسایی ناچێت
گروپی مافیایی عوسمانییەکانی ئەڵمانیا لە ژێر سەرپەرەشتی کوڵونگ، وەک دۆچڤیلە دەڵێت، هەرزوو بووە یەکێک لە رێکخراوە ترسناکەکانی ئەوروپا، کە جگە لە چەک و تلیاک و هەڕەشەی کوشتن و زەبروزەنگ دژی کورد و لاقەکردنی ژن، لەهەمان کاتدا رێکخراوێکی نەتەوەپەرستیش بوون و کاری سیاسیشیان دەکرد و لەگەڵ میت و دەوڵەتی تورک و لۆبیستەکانی تورک لە ئەڵمانیاش هەماهەنگ بوون. ئەمەش، گەورەترین جیاوازی نێوان مافیای تورکی و نەتەوەکانی ترە.
لە ئەڵمانییا، عەرەبەکان، کورد، شیشانی، هتد هەر هەموویان مافییایان هەیە، ئەم مافییایانە لە ئەڵمانیا بە مافیای خێڵ دەناسرێن. چونکە لەسەر بنەمای ئینتیمای نەتەوەیی و مەنتیقەیی و تەنانەت خێزانیش دامەزراون. بەڵام هیچییان وەک مافیای تورک وابەستە نین بەدەوڵەت و رژێمەکانی وڵاتی یەکەمییان و بەشێک نین لە دەوڵەتی قوڵ.
پێچەوانەی مافیای عوسمانییەکانی ئەڵمانیا، مافیای خێڵی کۆمونیتییەکانی تر (کورد و عەرەب و چیچانی هتد...) هەر تاوان و نا یاساییەک بکەن تەنها بۆ گروپەکەی خۆیانە و تەنانەت بۆ کۆمونیتییەکەشیان لە ئەڵمانیا نییە و دوور و نزیکیش ناسیونالیست نین.
بەمجۆرە ٢٠١٥ بەدواوە، کؤڵونک بووە بەرپرسی تۆڕێکی فراوانی سێ کوچکەیی لە ئەوروپا.. میت- لۆبیستی تورکەکان- مافیای عوسمانییەکانی ئەڵمانیا و لەوساوە جگە لە کورد گروپێکی تریش بوونە ئامانجی ئەو سێکوچکەیە، گولەنییەکان.
کوڵونک بە بەیەکەوە بەستنەوەی مافیای عوسمانییەکان و میت و لۆبیستەکان، گوڕ و تەوژمێکی فراوانی بەجالییەی تورکی لە ئەڵمانیا دا. گەورەترین ئەگەر سەرنج بدەن، لە ٢٠١٥ بەولاوە، جالییەی کوردی وەک ساڵانی پێشتر لەمەیداندا نییە و پاشەکشەی کردووە و لەبەرامبەریشدا جالییەی تورکی بەردەوام لەسەر پێ بووە.
بە کوتک لەسەری کورد بدەن
پەندە کوردییەکەی "بڕکە زیوان لەپاڵ بڕکە نۆک"دا ئاو دەخواتەوە بۆ کوردەکانی ئەڵمانیا دەگونجێت.
تۆڕی هەواڵگری ئەڵمانی بەهۆی رووداوێکەوە چاوی خستە سەر کوڵونک و رێکخراوەکەی، واتە عوسمانییەکانی ئەڵمانیا. لە یەکی حوزەیرانی ٢٠١٦ کوڵونک لەئەڵمانیا دەبێت. ئەوکات پارلەمانی ئەڵمانیا سەرگەرمی یاسای بەفەرمی ناسینی جینۆسایدی ئەرمەنییەکان دەبێت. ئەمەش وادەکات کە هەواڵگری ئەڵمانی چاودێری بخاتە سەر چالاکی و هاموشۆی کوڵونک و گفتوگۆ تەلەفۆنییەکانی. لەو چاودێری کردنەدا هەواڵگری ئەڵمانی چوار شتی مەترسیدارییان تێبینی کرد:
یەکەم کوڵونک لەگەڵ سەرۆکی مافیای عوسمانییەکانی ئەڵمانیا دیداری کرد و دوو زەرفی پڕ لە پارەی دایە مافیاکە.
دووەم، کوڵونک پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەردۆغاندا کرد و بەگوێرەی پۆلیسی ئەڵمانی لە گفتوگۆکەدا لەسەر ئەوە رێککەوتوون کە تورکەکانی ئەڵمانیا دژی یاسای ناساندنی جینۆسایدی ئەرمەنییەکان خۆپیشاندان بکەن و ئاژاوە دروست بکەن.
سێیەم، کوڵونک تەلەفۆنێک لەگەڵ یەڵماز ئیلکای سەرۆکی ئەوسای رێکخراوی لۆبیستی یەکێتی تورکە دیموکراتەکانی ئەوروپا دەکات. لە تەلەفۆنەکەدا یەڵماز پێشنیاری ئەوە دەکات مافیای عوسمانی ئەڵمانا چەک هەڵگرن و کوردەکانی ئەڵمانیا تەمبێ بکەن. بەڵام کۆڵونک پێشنیاری ئەوە دەکات کە مافیاکانی تورک بە کوتک لە کەللەی کورد بدەن و بە ڤیدیۆش وێنەی ئەو لێدانە بگرن و بۆ کوڵونکی رەوانە بکەن.
کوڵونک بە یەڵماز دەڵێت من ئەو ڤیدیۆیانەم ئیش پێیە و بۆ ئەوەی ببێتە عیبرەت بۆ خەڵکی تر کە دژی ئەردۆغانن بڵاویان دەکەمەوە.
چوارەم: رۆژنامەی نۆیە زووریخەر تسایتونگی نەمسایی لە بەرواری ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ی ئاماژە بە ڕاپۆرتێکی "نهێنی" ساڵی ٢٠١٧ لێکۆڵینەوەی دادی ئەڵمانیا دەکات کە کوڵونک ویستوویەتی نەمسا بکاتە ناوەندێک بۆ دابینکردنی لەدابینکردنی پارەو چەک چالاکی لۆجیستی بۆ ڕێکخراوی ( عوسمانی ئەڵمانی ). "
لێرەوە پۆلیس و هەواڵگری ئەڵمانیا لەمەترسی کۆڵونک و مافیای تورکی وشیار دەبنەوە و کوڵونک و مافیاکانی دەخەنە ژێر چاودێرییەوە و دەبێتە سەرەتایەک بۆ یاساخ کردنی ئەو رێکخراوە مافیاییە.
وەک گۆڤاری دۆچڤیلە و رۆژنامەکانی ستۆکهۆڵم نیوس ئەی پی ئێن نیوز ئاماژەی پێدەدەن، میدیا و پۆلیس و حکومەتی ئەڵمانی لەسەر ئەوە کۆکن کە مافیای عوسمانییەکانی ئەڵمانیا راستەوخۆ پەیوەندییان بە ئەردۆغانەوە هەیە و کار بۆ رژێمەکەی دەکەن. بەم جۆرە و بەرێکەوت، زیوانی بێ نرخی کوردی بەهۆی نۆکی بەنرخی ئەرمەنی سوودمەند بوو.
یاساخ کردنی مافیای عوسمانییەکانی ئەڵمانییا
لە ١٠ی تەموزی ٢٠١٨ حکومەتی ئەڵمانی چالاکی ئەم مافیا ترسناکەی سەر بە کوڵونکی هاوڕێی تەمەنی ئەردۆغان و ئەندامی سەرەکی ناوەندی بڕیاری حیزبەکەی، لە ئەڵمانیا یاساخ کرد.
لە بەیاننامەیەکدا هۆرس سیهۆفەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند کە ئەم گروپە مەترسی سەرەکی لەسەر هەندێک تاک هەیە کە بە یاسا مافەکانییان پارێزراوە (مەبەستی کورد و گولەنییەکانە) و ئاساییشی گشتیش.
پۆلیس هەڵمەت دەسگیرکردنی لەزۆربەی شارەکانی ئەڵمانیا دەست پێکرد و لەگەڵ گرتنی سەدان تورکی سەر بەو مافیایە، پارە و تلیاک و چەک و زێڕیشیان دەست بەسەردا گرت.
سەرۆکی مافیاکە ئەرکی تازەی پێ سپێردراوە
سەرکردەی سەرەکی مافیای عوسمانییەکانی ئەڵمانیا، کە نازناوی "تانەری"ە بەر هەڵمەتی گرتنەکە نەکەوت و گەڕایەوە تورکیا و هەر زوو لەلایەن زۆربەی بەرپرسە باڵاکانی تورک، لەوانەش وەزیری درەوە مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری بەرگری خوڵوسی ئاکار و سلێمان سۆیلۆ وەزیری ناوخۆ پێشوازی لێکرا. بەگوێرەی سایتی "الشئون الترکییە" ئێستا تانەری کراوەتە بەرپرسی چالاکییە تایبەتییەکان...
١٧ هەزار مەلەفی کوشتنی نادیار لە باکور بێننە پێش چاو بۆ ئەوەی لە ئەرکی "چالاکییە تایبەتییەکان" تێبگەن.
بەشی یەکەم تایبەت بوو بە مافیای تورکی لە ئەمریکا و دووەمیش ئەڵمانیا، ئەم بەشەش تایبەتە بە مافیای تورکی لە ئوسترالییا.
بابەیەکەوە سەفەرێکی ئەستەنبۆڵ بکەین. ئەگەر هاوڕێیەکیش دەیەوێت پرچی بڕوێنێتەوە باشتریش. پەیمان بێت بتانبەم بۆ خۆشترین شوێنی ئەستەنبۆڵ، شوێنی بەیەکگەییشتینەوەی ئاسیا و ئەوروپا.
لەوێ لە راقیترین هۆتێل، لە کینگس کڕۆس هۆتێل دادەبەزین. خاوەنەکەی تورکێکە وەک ئوسترالیەکان بەئینگلیزییەکی پاراو و رەوان دەئاخفێت، لە هوتێلەکەی هەموو جۆرە خواردنێک دەخرێتە بەردەمت هەر لە ئەمریکی، ئوسترالی، ئەوروپی، یابانی تا دەگاتە تورکی. ئێوارەش کوباییەکان ئاهەنگێکی خۆش ساز دەکەن.
هەر لە خاوەنی هۆتێلەکەش پرسیاری ناوەندێکی قژ رواندنەوە دەکەین کە چەند سەد مەترێک لەولاترە و خاوەنەکەی ژنێکی هۆڵەندییە...
لەو رێکەوتە سەیرە، خاوەنی هۆتێلەکە هاوسەری ژنە هۆڵەندییەکە و خاوەنی ناوەندەکەیە.
خاوەن هوتێلەکە ٤٠ ساڵ بەرەو سەرەوەیە و ناوی هاکانە و هەندێک لەگەڵی دەوەستین. هاکان دەڵێت باوکم کرێکار بووە و هێشتا مێرمناڵ بووم کە کۆچی دوایی کردووە و جگە لەخەم هیچ میراتێکی تری بۆ بەجێ نەهێشتین.
کەلەگەڵ هاکان وەستاویت وات بەخەیاڵدا دێت لەگەڵ یەکێک لە زیرەکترین و سەرکەوتووترین پیاوی ئەم دونیایە وەستاویت... بەڵام وریابە... تۆ ئێستا لە گەڵ مەترسیدارترین پیاوی دونیا وەستاویت.
رۆژی سێ شەممەی هەفتەی رابردوو، واتە ٨ی حوزەیرانی ٢٠٢١، گەورەترین و فراوانترین ئۆپەراسیۆن لە سەدەی ٢١دا دژی مافیاکانی جیهان کرا.
ئەو هاکانەی تۆ لەگەڵیدا وەستاویت یەکەم داواکراوە لە لیستەکەدا.
جگە لەوەش، هاکان ئایک ١٠ ساڵی رێکە دادگای ئوسترالیا فەرمانی دەسگیرکردنی دەرکردووە... دە ساڵی رێکە لە تورکیا داوای گرتن و رادەستکردنەوەی هاکان دەکات و دەساڵی رێکیشە پۆلیسی ئینتەرپۆڵ فەرمانی گرتنی هاکانی پێیە و وەک چاوئێشە بەدوایدا دەگەڕێت.
سوچی هاکان سەرۆکی گەورەترین و سامناکترین مافیاکانی ئوسترالیا بوو. داهاتی تلیاک و کاری تاوانی ئەو مافیایانەی کە پەیوەندییان بەهاکانەوە هەبوو یەک ملیار و نیو دۆلار بوو. بێننە پێش چاوی خۆتان، بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان داهاتی گشتی وڵاتێکی وەک سۆماڵ یان جیبۆتی لە ٢٠٢٠دا نزیکی یەک ملیار نیو بووە، ئەوسا دەزانن هاکان سەرپەرشتی چ مافیایەکی لە ئوسترالیا کردووە.
لەم ١٠ ساڵەدا، ئوسترالیا لە ژێر ئەرز بێت یان لە ئاسمان هاکانی دەویست، بەڵام وەک دەبینن، هاکان لەم دە ساڵەدا لە خۆشترین و ئارامترین ژیاندا ژیاوە و یەکێکە لە دەوڵەمەندەکانی ئەستەنبۆڵ و ئوتێلێکی راقی و ناوەندێکی قژچاندنی بەناوبانگ بەرێوەدەبات.
سەیرە ها...!
سەیرەکە هەر ئەوە نییە.
ئۆپەراسیۆنەکەی سەدە، واتە ئۆپەراسیۆنەکەی ٨ی حوزەیران بەناوی قەڵغانی تەروادە بوو. سەرتۆپی داواکراوەکان لەم ئۆپەراسیۆنەدا هاکان ئایک بوو.
لەم ئۆپەراسیۆنەدا ٣٠٠ رێکخراوی مافیایی لە ١٠٠ وڵات گرتەوە کە تێیدا پۆلیس هێرشی کردە سەر ٧٠٠ بنکەی مافیایی. لە ئەوروپا ٨٠٠ ئەندامی گروپە مافیاکان گیران و لە ئوسترالیاش زیاتر لە ٢٢٤ کەس.
هەر لە ئۆپەراسیۆنەکەدا ١٤٢ ملیۆن دۆلاری کاش و ٦ تەن کۆکائین و سەدان پارچە چەک و سەدان ماتۆر و ئۆتۆمبێل و سەعاتی گرانبەها دەستی بەسەردا گیرا.
بەڵام وەک دەبینن، هاکان لەناو گیراوەکاندا نییە و ئۆتێلی کینگس کرۆسی هاکان ئایکیش نە پۆلیس بەسەریدا دا و نە پشکێنرا و نە خرایە ژێر چاودێرییەوە.. وەک رۆژانی تر میوان بەرێدەکات و ئاهەنگ و سەمای تێدا دەکرێت.
سەیرەکە هێشتا ماوێتی...
بڵێن چۆن...؟
١٨مانگ لەمەوبەر پۆلیسی ئوسترالی سیخوڕێکی خۆی دەکاتە مافیا و پەیوەندی پێ لەگەڵ هاکاندا دروست دەکات. سیخوڕەکە بە هاکان دەڵێت جیهازێکی مۆبایل پەیدا بووە بەناوی
AN0M
مۆبایلەکە تەنها بە شیفرە کار دەکات و تەنها دەتوانیت گفتوگۆی پێ لەگەڵ کەسێکی تردا بکەیت کە لەهەمان مۆبایلی
AN0M
هەبێت و تۆش قەبوڵت کردبێت کە گفتوگۆی لەگەڵ بکەیت. بەم شێوەیە، نە پۆلیس و نە سی ئای ئەی و نەهیچ هێزێکی ئەم دونیایە ناتوانێت چاودێری گفتوگۆکەمان بکات.
لەراستیدا، مۆبایلەکە ورد و درشتی هەموو مەسیج و گفتوگۆیەکی دەگواستەوە بۆ پۆلیسی ئوسترالی و سی ئای ئەی ئەمریکی.
هاکان مۆبایلەکەی دەچێتە ئەقڵەوە و دەبێتە یەکەم کەس کە بەکاری بێنێت.
هاکان ئێستا خاوەنی مۆبایلی تایبەتە، مۆبایلێک بەخەیاڵی خۆی کەس ناتوانێت چاودێری بکات... لەماوەیەکی کورتدا، راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ بەهۆی هاکان و مافیاکانی هاوڕێیەوە لەو جهیازی مۆبایلە دەگاتە دەستی زیاتر لە ١٢ هەزار مافیا لەسەرتاپای جیهان.
هاکان بێ ئەوەی پێ بزانێت قوڕی خستە سەر هەموو هاوڕێ مافیاکانی لە سەرتاپای جیهان. لەم ماوەیەدا، پۆلیسی ئوسترالی و سی ئای ئەی زیاتر لە ٣٠ ملیۆن مەسیجییان لەلایەن هاکان و هاوڕێکانی پشکنی. وەک ئاماژەم پێدا رۆژی ٨ی حوزەیرانیان هەڵبژارد بۆ ئۆپەراسیۆنەکە و گەورەترین گورزیان لە مافیای جیهانی وەشاند.
بەمشێوەیە، ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی تەروادە کە سەرکەوتووترین ئۆپەراسیۆنەکانی ئەم سەردەمە بوو هاکان ئاک دەبوایە سەری مارەکە بێت و لە گرتنی ئەو دەست پێ بکەن... بەڵام هاکان سەری هاورێکانی خۆی لەسەرتاپای جیهان بەقوڕدا برد و بۆخۆیشی وەک بەرزەکی بانان بۆی دەرچوو.
دیسان دەپرسمەوە سەیرە ها...؟
ئەگەر لەسەدات پەکەری گەورە مافیای تورک بپرسن.. دەڵێت نا سەیر نییە و ئاساییە، لە تورکیا مافیا حوکمڕانە... ئەگەر لە کەمال کلچدار ئۆغڵوی سەرۆکی جەهەپە بپرسن ئەویش دەڵێت زۆر ئاساییە و ئەوەی حوکمڕانی تورکیا دەکات هاوپەیمانی ئاکەپە و مەهەپە و مافیایە... خۆ ئەگەر لە سارۆخان ئۆڵوچی پیرە سیاسی نەبەردی هەدەپەش بپرسی دەڵێت ئەم وڵاتە پڕە لە رەئیس (لە تورکیا بە سەرۆک مافیا دەڵێن رەئیس). سارۆخان گوتی لە کۆشکی کۆماری رەئیسێک هەیە، لە دەرەوەی وڵات رەئیسێک هەیە و لە ناو شارەکانیش دەیان رەئیسی بچکۆلە...
هاکان ئایکی خاوەن هۆتێلی کینگس کرۆسیش یەکێکە لەو رەئیسانە... بیرم نەبوو، ئەو لە ٢٠١٠ کە لەدەستی پۆلیسی ئوسترالی رایکرد، نازناوی خۆی لە هاکان ئایکەوە گۆڕی بۆ هاکان رەئیس.
شتەکە روونە... ئێستا دیارە سەدات پەکەر و کەمال کلیچدارئۆغڵو و سارۆخان ئۆڵوچ بۆچی هاوپەیمانی ئەردۆغان-باخچەلی بە هاوپەیمانی مافیا ناودەبەن..؟
رەئیس سادات پەکەر رۆیی و رەئیس عەلادین چاکیجی هات...
لە تورکیا بە سەرۆک مافیاکان یێژن رەئیس و بە سەرۆک کۆماریش یێژن باشکان.
پرسیار ئەوەیە لە تورکیا کامەیان گرنگترن رەئیس یان باشکان...؟
وەڵامی ئەم پرسیارە لە ناو دێڕەکاندا وەردەگرن، با جارێ چیرۆکێکی تری مافیای تورکی بگێڕینەوە، چیرۆکی رەئیس عەلائەدین چاکجی.
بیرتان دێت لە نیسانی ٢٠٢٠دا باشکان ئەردۆغان ٩٠ هەزار زیندانی ئازاد کرد...؟ هەڵبەت ئەگەر هەڤاڵانی پارتیش بەهۆی سەرقاڵی خۆ ئامادەکردن بۆ شەڕی 'داگیرکەرانی پەکەکە' ئەوەیان لەبیر نەبێت، برایانی ئیخوانی هەرگیز ئەو ئیمانداری و بە بەزەیی و بۆ خوا سوڵحاوی و دادپەروەرییەی سوڵتان ئەردۆغانییان بیر ناچیتەوە.
ئاخر ئیمانداری باشکان ئەردۆغان و بۆ خوا سوڵحاوییەکەی لەوەدایە کە دادەپەروەرە و خەمی تاک بەتاکی رەعییەتەکانییەتی، تەنانەت زیندانییەکانیش.
ساڵی ٢٠٢٠ ڤایرۆسی کوشندەی کۆڕۆنا لە تورکیاش بڵاو بوویەوە و مەترسی تەشەنەکردنی لە زیندانەکانیشدا هەبوو. باشکان ئەردۆغان لێبوردنی گشتی بۆ ٩٠ هەزار زیندانی دەرکرد و لەم رۆژگارە دژوارەدا بە دیداری ماڵ و منداڵییان شاد بوونەوە.
لەخۆڕا نییە، خوشکەزاکەی کاک سەلاحی ئەمینداری یەکگرتوو دوعا دەکات خودایە ئەردۆغانێک بۆ هەموو وڵاتێک بنێرە، هەڵبەت لەبەر ئەم عەدالەتەی ئەردۆغانە ئەو دانایە وای دانایە.
ئا بیرم نەبوو، ڤایرۆسی کۆڕۆنا ناچێتە جەستەی زیندانییە کوردەکانی هەدەپە و گولەنییەکان. بۆیە لێبوردنەکەی سوڵتان ئەردۆغان ٢٥ هەزار کورد و ٢٥ هەزار گولەنی نەگرتەوە.
لێبوردنە گشتییەکە تەنها بۆ ئەوانە بوو کە بە تاوانی پیاوکوژی، دزی و تلیاک و قاچاخچێتی، جەردەیی، مافیایی و لاقەکردنەوە حوکم درابوون.
پاڵەوانی چیرۆکەکەی ئەمڕۆشمان، رەئیس عەلائەدین چاکجی، بەر مرۆڤدۆستی و بەزەیی و دادپەروەری باشکان ئەردۆغان کەوت.
بەڵام ئەگەر لە دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی حیزبی فاشیستی مەهەپە بپرسی و باسی دادپەروەری هاوپەیمانەکەی بکەیت لە پرۆسەی ئازاد کردنی ٩٠ هەزار زیندانییەکە و رەئیس چاکیجیدا رەنگە باخچەلی دوو قۆچ دەربکات.
ئاخر باخچەلی ناهەقیشی نییە...
باخچەلی لە ساڵی ٢٠١٦ بەدواوە کار بۆ ئازادی رەئیس چاکیجی دەکات. لەراستیدا ئازادکردنی چاکیجی مەرجێکی هاوپەیمانێتی نێوان پاخچەلی و ئەردۆغان بوو.
مەرجێک کە ئەردۆغان بەدڵی نەبوو، بەڵام ناچار بوو بڵێت لاریم نییە.
گرفتەکە ئەوەیە، رەئیس چاکیجی رەئیسی باخچەلییە و رەئیسی ئەردۆغان نییە. لەوەش گرفتتر ئەوەیە رەئیسی ئەردۆغان رەئیس پەکەرە. لەهەمووشی گرفتتر ئەوەیە رەئیس چاکیجی و رەئیس پەکەر بەخوێنی یەکتری تینوون و تەقە لە سێبەری یەکتریش دەکەن.
لە هەموو شوێنێکدا دوو سەرکە بەران لەیەک مەنجەڵدا جێگای بێتەوە لەدونیای مافیادا جێی نابێتەوە.
ئەردۆغان بۆ ئەوەی رەئیس چاکیجی ئازاد بکات، دەبوایە رەئیس پەکەر زیندانی بکات. ئاخر ئەوە مەرجی رەئیس جاکیجی بوو و لە زیندانە پێنج ئەستێرەکەیەوە ئەم پەیامەی بۆ رەئیس پەکەر نارد.
تا بالانسی تەرازوو بەلای باشکان ئەردۆغاندا بوو، دەیتوانی خۆی لە مەرجەکەی باخچەلی بدزێتەوە، لە دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکان و قەیرانی قووڵی ئابووری تورک، ئەردۆغان پێویستی زیاتری بە هاوپەیمانی باخچەلی هەبوو، بۆیە ناچار بە پاشەکشە و قەبوڵکردنی مەرجەکەی باخچەلی کرد.
هەمیشە سازش باشە... ئەردۆغان و باخچەلیش سازشیان کرد. ئەردۆغان رازی بوو بە ئازادکردنی چاکیجی، وەک باخچەلی دەیویست، وە باخچەلیش رازی بوو بەوەی پەکەر زیندانی نەکرێت، وەک ئەردۆغان دەیەویست.
لە سەرەتای ٢٠٢٠دا ئەردۆغان و پێوەندەکانی رەئیس پەکەرییان ئاگادار کرد کە دەبێت وڵات بەجێ بێڵێت. پەکەریش وای کرد و هەندێک لە هاوکارەکانیشی گیران.
ئیتر ئەردۆغان بەدوای مەنفەزێک و حیلەیەکی شەرعیدا دەگەڕا تا خواستەکەی باخچەلی بێنێتە دی و چاکیجی ئازاد بکات. کۆڕۆنا ئەو هەلەی رەخساند.
تەنها سێ مانگ دواتر، بە دیاری کراویش لە ١٩ی نیسانی ٢٠٢٠ رەئیس چاکیجی ئازاد کرا. بەهۆی رەئیس جاکیجیشەوە، ٩٠ هەزار پیاوکوژ و دز و چەتە و لاقە و تلیاکچیش ئازاد کران.
ئێستا سەردەمی رەئیس پەکەر بەسەر چوو و دەور دەوری رەئیس چاکیجییە. لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٥، ٢٠١٦ و ٢٠١٨دا رەئیس پەکەر کەمپینی جەماوەری بۆ باشکان ئەردۆغان و ئاکەپە دەکرد و ئەردۆغان بووە باشکان. لە هەڵبژاردنی داهاتوو، لە ٢٠٢٣دا رەئیس چاکیجی کەمپین بۆ باخچەلی دەکات، بزانین کێ دەبێتە باشکان..؟
دەوڵەتی تورک دەوڵەتی کارتەڵە...
تێزی دەوڵەتی کارتەڵ، لەلایەن حەمید بۆز ئەرسەڵانەوە، کە ئەکادیمییەکی بەتوانای کوردی باکورە، بۆ دەوڵەتی تورک بەکار هاتووە و هەر ئەویش پەرەی بەو تێزە داوە...
دەوڵەتی کارتەڵ چییە...؟
بۆ ئەوەی لە دەوڵەتی کارتەل تێبگەن با چەند باندێکی تاوان و تیرۆری رێکخراوی دەوڵەتی تورکتان، لە دەمی چەند کەسایەتییەکی کوردی باکور، کە قوربانی دەستی ئەم رێکخراوانەن پێبناسێنم....
ژیتەم
من ناوم موسا عەنتەرە، بە ئاپێ موسا ناسراوم و تەمەنم ٧٢ ساڵە. قەڵەم هاوڕێی هەمیشەیی ئەم گەشتە ٧٢ ساڵەیەی منە. قەڵەمەکەم خەم و ئازارەکانی نەتەوە ژێردەستەکەم دەکاتە وشە و ستەمی داگیرکەریش دەکاتە ساتیرە. بەر لەمەرگم، عەوداڵی نوسینەوەی ئازارە رۆمانێکی تری نەتەوەکەمم. ئەمڕۆ ٢٠ی ئەیلول کە دوا رۆژی وەرزی هاوینی ساڵی ١٩٩٢، چاوەڕوانی نەسیمی پایزی ئەمساڵم تا ئیلهامە خەمێکم بۆ بێنێت و قەڵەمەکشم بیخاتە سەر روپەلی رۆژنامەیەک. ژیتەمی تورک هاتن و منییان رفاند و لەدەرەوەی دیاربەکرد دەسترێژی گوللەیان لێکردم و لاشەکەیان لەوێ فرێدام و بۆ هەمیشە منییان لەقەڵەمەکەم و دابڕی.
ژیتەم کێن؟
رێکخراوی هەواڵگری ژاندرمە و بەرەنگاری تیرۆرە، باڵێکی نافەرمی هەواڵگری ژاندرمەیە و سەر بە وەزارەتی ناوخۆیە. بۆ ئەوەی بەرپرس نەبێت لە تاوانەکانی ژیتەم، دەوڵەتی تورک بەفەرمی ژیتەم ناناسێت. ژیتەم بەرپرسە لە کوشتن و ونکردنی هەزاران چالاکوانی وڵاتپارێزی کورد.
جاشی قوروجو
من ناوم یونس ئۆناڵە، جوتیارم و خەڵکی گوندی نۆردینی ناوچەی موشم. هەموو ئاواتم ئەوەیە جارێکی تر بە ئاسوودەیی بگەڕێمەوە بۆ گوندەکەم نۆردین، زێدی خۆم و مناڵەکانم و باوک و باپیرانم. دەوڵەتی تورک نۆردینی سوتاند و ئێمەی ئاوارە و بێ ئیش و کارکرد و لە ئاوارەیی و هەژاریدا لە ژیانێکی کولەمەرگیدا دەژین. ئەمڕۆ ٩ی تەموزی ٢٠٠٢، لەگەڵ عەبدولرەحمانی کوڕم و عەبدولسەمەدی برام چووینەوە نۆردین بۆ دوورینەوەی گیای زەوییەکانمان بە ئومێدی ئەوەی گیاکە بفرۆشین و بە پارەکەی نانێکی رەق بخەینە سەر سفرەی هەژارانەی ماڵەکانمان.
بەڵام، کۆمەڵێک جاشی قۆروجوو هاتن و سەرەتا قۆناغە تفەنگێکییان لە نێوچاوان دام و ئینجا دەسرێژی گوللەیان لێ کردین و من و براکەم و کوڕەکەمییان کوشت. خەڵک و خوا هاتن و لاشەی من و کوڕەکەم و براکەمییان هەڵگرت و خەونن و خوێنی ئێمەش لە نۆردین بەجێما.
جاشی قوروجو کێن؟
هاوشێوەی فەوجە خەفیفەکانی باشور، لە سەرۆک خێڵە خۆفرۆشە کوردەکان پێکهاتووە و سەر بە رێکخراوی ژیتەمن. لە نەوەتەکاندا زیاتر لە ١٢٠ هەزار کەس دەبوون، دەستیان ئاوەڵایە لە کوشتن و بڕین و دزین و بەرپرسنن لە هەزاران دۆسیەی کوشتن و داگیرکردن و لاقەکردن.
حیزبوڵڵای کوردی/تورکی
من ناوم خالید گونگەنە، رۆژنامەنووسم و خەڵکی دیاربەکرم. دەمێکە بەدواداچوون بۆ پەیوەندی نێوان رێکخراوی تیرۆریستی حیزبوڵا و دەوڵەتی داگیرکەری تورک دەکەم. دەوڵەتی تورک حیزبوڵای وەک کەمتیار و سەگی هار بەرۆژی رووناک بەرداوەتە گیانی ولاتپارێزانی باکور و رۆژنییە دەیان چالاکوان، رۆژنامەنووس، وڵاتپارێز و نوسەر نەکوژن.. پێرێ، ١٦ی شوباتی ١٩٩٢، لە رۆژنامەی ٢٠٠٠ دۆغروو راپۆرتەکەم بڵاوکردەوە.
لە راپۆرتەکەتەدا بە پشتبەستن بە گەواهی دەیان شاهید شوێن و لایەنی مەشق و دەماغ شۆرینەوە و ئەرکدارکردنی ئەندامانی حیزبوڵڵام ئاشکراد. لەراپۆرتەکەدا بەبەڵگە تەئکیدم لەسەر ئەوە کردبوو کە ئەندامانی حیزبوڵا لە لایەن هێزەکانی خێرای سوپای تورک (چەڤیک قوەت) لە سەربازگەی سەرەکی مەشقی سوپای تورک لە دیاربەکر مەشق و راهێنانییان پێدەکرێت. ئەمڕۆ ١٨ی شوبات دوو تیرۆریستی حیزبوڵڵا هاتن لە پێشچاوی پۆلیس و ژاندرمەی تورک منییان خەڵتانی خوێن کرد. لەمرۆوە چیتر راپۆرت و نوسینەکانی من لەسەر روپەلی رۆژنامەکان نابینن.
حیزبوڵا كێن؟
رێکخراوێکی تیرۆریستی ئیسلامییە و دوای راگەیاندنی خەباتی چەکداری لەلایەن پەکەکەوە، بە پشتیوانی و چاودێری دەزگای کۆنترا-گەریلای سەر بە دەوڵەتی تورک کەوتە چالاکی سیاسی و سەربازی. حیزبوڵا بەرپرسە لە شەهیدکردنی هەزاران کوردی وڵاتپارێز. ئێستا حیزبوڵا لەژێر ناوی هودا-پار بە فەرمی کار دەکات.
کۆنترا-گەریلا
من ناوم حەفیز ئاکدەمیرە، لە رژۆنامەی ئۆزگور گوندەم کاردەکەم. منیش وەک خالید گونگەنی هاوڕێم لەسەر پێوەندی نێوان حیزبوڵای کوردی و گروپی تیرۆریستی کۆنترا-گەریلا دەنووسی و زۆرشتی نهێنی و ترسناکم ئاشکرا کرد. دوا نوسینم لە ٣٠ی ئایاری ١٩٩٢دا بوو. لەماوەی هەفتەی رابردوودا رۆژانە لەرێگای تەلەفۆنەوە هەڕەشەی مەرگم لێدەکرا. ئەمڕۆ ٦ی حوزەیرانی ١٩٩٢ لەماڵ چوومە دەرەوە و تەنها ٥٠ مەتر لەولای ماڵی خۆمان تیرۆریستێکی سەر بە کۆنترا-گەریلا خەڵتانی خوێنی کردم و هەر لەو شوێنە گیانم لەدەست دا. ئەوەی خۆشحاڵم دەکات، پێش شەهیدبوونم دوو راپۆرتی ترم لەسەر پەیوەندی حیزبوڵا و کۆنترا-گەریلا ئامادەکردبوو و دوای شەهیدبوونم ئۆزگورگوندەم بەبڵاوکردنەوەی دوو راپۆرتەکەم رۆحیان شاد کردم.
کۆنترا-گەریلا كێن؟
وەک ژیتەم رێکخراوێکی نافەرمی و سێبەرییە بەڵام سەر بە سوپایە. سەرەتا وەک رێکخراوێکی دژە-کۆمۆنیستەکان لەلایەن سی ئای ئەی ئەمریکی دروستکرا. دوای راگەیاندنی خەباتی چەکداری باکور، بە دیاریکراویش لە ١٩٩٤دا کۆنترا گەریلا خرایە ژێر فەرماندەی هێزی تایبەتییەکان و شەڕی کوردی کردە ئامانجی سەرەکی خۆی و بەرپرسە لە هەزاران تاوانی کوشتن و رفاندن لە باکور.
گورگە بۆرەکان
من ناوم عەبدی ئیپەکچییە، تورکێکی چەپم و سەرنوسەری رۆژنامەی میللیەتم. لەبەر ئەوەی ماوەیەکە کار لەسەر دروستکردنی پەیوەندی نێوان رۆژنامەنوسە تورک و یۆنانییەکاندا دەکەم، ئەمڕۆ گورگەبۆرەکان لەبەردەم ماڵەکەی خۆمدا لە ئەستەنبوڵ کمنییان کوشت. کوشتنی من لە هی کوردەکان جیاواز بوو. لە ١٠٠ ساڵی رابردوودا یەک تاکە تورک لەسەر کوشتنی کوردێک نەگیراوە و هەرگیزیش ئەمە روو نادات. بەڵام چونکە من تورکم هەرزوو ئاشکرا بوو کە سەرۆک مافیا محەمەد عەلی ئاغجا منی کوشتووە و بەو تۆمەتەش دەسگیرکرا. ئاغجاش هەر تورکە و ئەندامێکی دیار و دەستبەخوێنی رێکخراوی گورگەبۆرەکانە. ئەو لای سوپای تورک زیندانی کرا. بەڵام چونکە ئەندامی گورگەبۆرەکان بوو، ئەفسەرانی سوپا یارمەتی ئاغجایان دا لە زیندان رابکات و چووە ئیتاڵیا.
گورگە بۆرەکان کێن؟
باڵی مافیایی رێکخراوی فاشیستی مەهەپەن کە دەوڵەت باخچەلی سەرۆکایەتی دەکات و ئێستا لەگەڵ ئەردۆغاندا هاوپەیمانن و بەیەکەوە حوکمڕانی تورکیا دەکەن. لەتورکیا جۆرێک لە مافی پارێزبەندییان هەیە و ئەندامانی گورگەبۆرە و دەستیان ئاوەڵایە لە کوشتن و تیرۆری کورد و عەلەوی و چەپەکان بێ ئەوەی هیچ لێپێچینەوەیان لێ بکرێت.
ئەرگەنەکۆن
من ناوم هرانت دینکە و ئەرمەنیم و خەڵکی مالاتیام و لە ئەستەنبوڵ دادەنیشم. من یەکێکم لە پاشماوەکانی ئەو ملیۆن و نیو ئەرمەنییەی کە لە ١٩١٥دا جینۆساید کران. ئێستا تەنها ٥٠ هەزار ئەرمەنی لەم وڵاتە ماون، من یەکێکم لەوان. من دامەزرێنەر و سەرنوسەری گۆڤاری ئاگۆسم، کە بەهەردوو زمانی ئەرمەنی و تورکی دەردەچیت. ماسمیدیای تورکی کار لەسەر پەیوەندی گوماناوی نێوان ئەرمەنییەکان و پەکەکە دەکات. ئەرمەنی بوون لە تورکیا بۆ خۆی تاوانێکی گەورەیە، ئەرمەنی بیت و پەکەکەش بیت دەبێتە دەبڵ تاوانی مەزن. من گۆڤاری ئاگۆسم لەو ژینگەیەدا و بەمەبەستی گۆڕینی رای گشتی تورک لەسەر ئەرمەنییەکانی تورکیا دامەزراند.
بەڵام ئەوە دادی منی نەدا، رژێمەکانی تورک لە ژێر بەندی ٣٠١ی دەستورەکەیان سێ جار مییان بەتۆمەتی بێڕێزیکردن بە تورکبوون مەحکەمە کرد و زیندانی کرد. دواجار رۆژی ١٩ی ژانیوەری ٢٠٠٧ ئەندامێکی ئەرگەنەکۆن بەناوی ئۆگون ساماست بە سێ گوللە منی کوشت.
ئەرگەنەکۆن کێن؟
رێکخراوێکی ژێرزەمینی (نهێنی) میلیتانتە و لەلایەن فەرماندە و سوپاسالارەکانی سوپا و پۆلیسی تورکەوە دامەزراوە. ئەندامەکانی ئەگەنەکۆن نەتەوەپەرەستی عەلمانین و پایەی سەرەکی دەوڵەتی قووڵی تورک پێک دێنێت. ئەرگەنەکۆن لەرێی سلێمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورک و کەسی دووەمی ناو ئاکەپە، لە رژێمەکەی ئەردۆغاندا بەشداری حوکمن.
مافیای سەر بەدەوڵەتی قووڵ
من ناوم تاهیر ئاڵچییە تەمەنم ٤٩ ساڵە و ٢٥ ساڵە پارێزەری کوردانم و ئێستاش سەرۆکی هۆبەی دیاربەکری رێکخراوی مافی مرۆڤم. ژمارەی ئەو وڵاتپارێزانەی بەدەستی ئەو رێکخراوانەی کە لەسەرەوە ناسێندراون شەهید کراون ١٧ هەزار کەسە. من ژیانم دادگایی کردنی بکوژانی ئەو ١٧ هەزار کەسە تەرخان کردبوو. ئەمرۆ ٢٨ی مانگی ١١ی ٢٠١٥، زۆر سەرقاڵم کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیم هەیە و زۆربەی کەناڵەکان لێرەن و پۆلیس چواردەورەی ئێمەی داوە. دوو مافیا لە پێش چاوی پۆلیس و کامیرای تەلەفەزیۆنەکان گوایە لەناو خۆیاندا بەشەڕ دێن و تەقە دەکەن، بەڵام دەوروخولی من دەدەن.
یەکێکیان زەفەری هێناو لە پشتەوە گوللەیەکی لەسەردام و هەر لەجێدا شەهید بووم. من بەنیازبووم تاوانبارانی ١٧ هەزار دۆسییەی کوشتن ئاشکرابکەم و دادگایی بکرێن، کەچی خۆشم چوومە ریزی ئەو ١٧ هەزار کەسە.
مافیای سەر بە دەوڵەتی قوڵ کێن؟
هەر یەک لە ژیتەم و گورگەبۆرەکان و ئەرگەنەکۆن و میت باندی مافییایی تایبەت بەخۆیان هەن. ئەوانە لەپاڵ تاوانی رۆتینی وەک کوشتن و دزی، تاوانی سیاسیش دەکەن و زۆربەیان وەک ئایدیۆلۆژیا فاشیست و نەتەوە پەرەستن. ئەم مافییایە بەرپرسن لە سەدان دۆسییەی کوشتن.
خاڵی هاوبەشی ئەو باندە تاوانکارانە
هەمو وئەو رێکخراوانەی سەرەوە، هەر لە ژیتەم، قوروجو، حیزبوڵای کوردی، کۆنترا گەریلا تا دەگاتە ئەرگەنەکۆن و گورگەبۆرەکان و مافیای رێکخراو چەند خاڵێکی لەیەکچوون و هاوبەشییان هەیە، لەوانەش:
هەموویان باندی تاوانکاری رێکخراون
هەموویان دژی کوردن و بە پلەی دووەم و سێیەمیش دژی عەلەوی و چەپەکانن.
هەموویان جۆرێک لە سەربەخۆییان لە کارکردندا هەیە، هەڵبەت لە چوارچێوەی ئایدیۆلۆژیا و ستراتیژی دەوڵەتی تورکدا.
دەوڵەتی تورک خۆی ناکاتە خاوەنی هیچ کام لەو رێکخراوانە
هەر کامێکییان لەلایەن دامەزراوەیەکی یان ئاراستەیەکی دیاریکراوی دەوڵەتی قووڵی تورکیەوە ئاراستە دەکرێن.
جگە لە حیزبوڵا، هەموویان رێکخراوی نەتەوەپەرەست و فاشیستین.
جگە لە حیزبوڵا، هەموویان بەرگری لە نەتەوەی تورک سەرچاوەی شەرعییەت و تاوانەکانییانە.
پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە دەوڵەتی کارتەڵ چییە..؟
دەوڵەتی کارتەڵ، وەک حەمید بۆزئەرسەلان پێناسەی دەکات،
ئەو دەوڵەتەیە کە مانەوەی پەیوەستە بە هاوپەیمانی راستەوخۆ و ناراستەوخۆی گروپ و باندە تاوانکار و خاوەن نەفوزەکانەوە هەیە.
لە تورکیا لەودیو پەردەی دەوڵەتی یاسا و دەستور و موئەسەساتی حکومی، کۆمەڵێک رێکخراوی تاوانکار و خاوەن هەژموون بەشێوەیەکی چالاک و نیمچە ئاشکرا کار لەناو دەوڵەتدا و لەبری دەوڵەت چالاکی دەکەن.
ئەو گروپ و رێکخراوانە شەرعییەتی خۆیان لەسەر بنەمای پاراستن و باڵادەستی نەتەوەی تورک دەکەن.
لەسەردەمی سوڵتان عەبدولحەمیدەوە تا ئەمڕۆ ئەم سیما و ماهییەتی دەوڵەتی تورکە.
بەکورتی، باندە تاوانکارەکانی سەرەوە بەشێکن لە بەدەنە و ستراکتەری دەوڵەتی تورک و هۆکاری مانەوە و باڵادەستی تورک و دەوڵەتەکەیانن لە تورکیا. بەواتایەکی تر، دەوڵەتی تورک، دەوڵەتی کارتەڵە.
با ئاهەنگی ریشەکێشکردنی ئەرگەنەکۆن و دەوڵەتی قووڵ بگێڕین
ئەمرۆ، ٦ی ئابی ٢٠١٣، رۆژێکی هاوینەی ئەستەنبۆڵە. ئەمرۆ ئاهەنگێکی خۆش بەڕێوەیە، خۆشترین و راقیترین ئاهەنگی تورکی. ئاهەنگی تورک خۆی خۆشە، دەبێت خۆشترین و راقیترینی چۆن بێت؟ با بەیەکەوە سەرێک بکەین بە ئاهەنگەکەدا، فەرموون ئێوەش داوەتن.
ئەو گۆرانیبێژە دەبینن؟ ئەوە ئیسماعیل توروتە. رێک هاوتای عەزیزی وەیسییەکەی خۆمانە، وەک ئەو بەجۆش و خرۆشەوە ئاهەنگ گەرم دەکات.
ببینن چ هۆڵێکی گرانبەها و شاهانەیە، لانی کەم ٩٠٪ی خەڵکی تورکیا توانای گرتنی ئەم هۆڵەیان نییە.
ئەم ئاهەنگە زۆر گرنگە، خەڵکی گرنگ و هۆقە هۆقە لێرەدا ئامادەن، لەوانەش تانسۆ چیلەر و مێردەکەی و بەداخەوە کەنعان ئیڤرینیش بڕیاربوو بێت، نەیتوانی بێت و پەیامێکی گەرمی نارد. پەیامی ئیڤرین بایەخی خۆی هەیە لە ئاهەنگێکی ئاوادا، چونکە ئیڤرین سەرۆک کۆماری پێشوتر و دارێژەری دەستوری ئێستای تورکیایە.
خەڵکی تری گرنگیش لێرەن، دواتر عوسمان یڵدرم و حاجی ئینان، دوو کەسی گرنگی بەرەچەڵک کوردتتان پێدەناسێنم.
بەڵام بابزانین کێ ئەم ئاهەنگەی سازکردووە؟
بەڕێز محەمەد ئاغار، ئاهەنگەکەی لەسەر شەرەفی میوانەکان سازکردووە.
محەمەد ئاغار دەناسن؟
ئاغار تاماوەیەک لەمەوبەریش سەرۆکی پارتی دیموکرات بوو، کە لەیەکگرتنەوەی هەردوو حیزبەکەی تۆرکۆت ئۆزال و سلێمان دەمیریل پێکهاتبوو. دە ساڵ لەمەوبەریش وەزیری داد و وەزیری ناوخۆی تورکیا بوو. وەزیرێک بەتامی سەرۆک، هەر لەسەرۆکی وڵات و سەرەک وەزیران تا سەرۆک مافییا هەرەگرنگەکانی وڵات بایەخی پێ دەدەن و خۆیان بەدۆست و هاوڕێی ئەو دەناسن. ئاغار دەمێکە مرخی لە پۆستی سەرۆک کۆماری خۆشکردووە. ئەو دەزانێت رۆژێک دەبێتە سەرۆکی وڵات، بەڵام تا ئێستا خوا نەیکردۆتە قسمەت.
بۆنەی ئاهەنگەکە چییە، لەدایکبوونە، هاوسەرگیرییە یان بۆنەیەکی سیاسی؟
محمەمەد ئاغار ئێستا وتەیەکی هەیە، با بەیەکەوە گوێی لێبگرین و هەموو شتێکمان بۆ رووندەبێتەوە.
گوێبگرن:
"ئێستا، بەدڵنییایییەوە، ریشەکێشکردنی دەوڵەتی قووڵ لەوڵاتێک وەک تورکیا کە رابردوویەکەی رەشی هەیە روداوێکی مێژووییە. دەستی هەموو ئەوانە ماچ دەکەم کە بەشداربوون [لەریشەکێشکردنەکە]، بەتایبەتی بۆردی دادگا... هاهاهاها... بەهەرحاڵ من ناتوانم بەردەوام بم [لە قسەکردن]، با کێکەکە پارچە بکەین."
خۆ چاک تێگەییشتن... ئەو ئاهەنگە جەنابی ئاغار بەبۆنەی ریشەکێشکردنی دەوڵەتی قوڵی تورک سازی کردووە. ئەو کەس و لایەنانەش کە ئاغار دەیەوێت دەستیان ماچ بکات سەرۆکی وڵات و حیزبی حاکم و دادگاکانی دەوڵەتن.
جا محەمەد ئاغارێک کە خۆی وەزیری داد و وەزیری ناوخۆی تورک بووە و هەموو ژیانیشی وەک بەرپرسێکی ئاساییش بۆ سەپاندنی یاسا و ریشەکێشکردنی چەتە و مافیاکان بەسەربردبێت، ئەگەر ئەو دەستی ئەردۆغان و دادوەرەکان ماچ نەکات بۆ چەسپاندنی یاسا و دادپەروەری و کۆتایی هێنانی دەوڵەتی قووڵ کێ ئەو کارە بکات...؟
بوەستن، دەزانم هەندێک لەئێوە شارەزای وەزعەکەن و دەتانەوێت چ پرسیارێک بکەن...
دەتانەوێت بڵێن، جا محەمەد ئاغار خۆی سەرکردە و رابەر و ئەندازییاری یەکەمی دەوڵەتی قوڵە لە تورکیا و تۆمەتی هەزاران کەیسی کوشتنی نایاسایی، بازرگانی تلیاک، بەرتیلخۆری و کاری نایاسایی تری خراوەتە پاڵ... ئەگەر دەوڵەتی قوڵ ریشەکێش کرابێت، ئەو کابرایە چی دەکات لێرە، یان دەبوایە لەژێر گڵ بێت یان لەزیندان... ئەوەش قەیناکات، ئەو ئەگەر نە لەژێر گڵە و نە لەزیندانیشە چۆن و بۆچی ئاهەنگی ریشەکێشکردنی خۆیی و هاوڕێکانی و دەوڵەتە قوڵەکەیان دەکات...؟
بەر لەوەی وەڵام وەرگرن و تا لەبیرم نەچووە با یەکێک لە کەسە دیارەکانی ئەو ئاهەنگەتان پێ بناسێنم. ئەو پیاوە رەشتاڵەیە دەبیین کە لەگەڵ ئاغار بەیەکەوە لەسەر یەک مێز کێکی ریشەکێشکردنی دەوڵەتی قوڵ و کۆتایی ئەرگەنەکۆن نۆش دەکەن...؟
ئەمە عوسمان یەلدرمە و بەرەچەڵەک خەڵکی پارێزگای قارسە و تورکییەکی وەها قسە دەکات هەرچەندە حاشا دەکات، بەڵام یەکسەر دەزانیت کوردە. دوای ساین ئاغار دووەم کەس بوو قسە بکات. ئەم پیاوە بە لوتف و مەرحەمەتە، بە قسە خۆشەکانی هەموو ئامادەبووانی کۆڕەکەی هێناوەتە پێکەنین و رەونەقێکی داوەتە ئاهەنگەکە. ئاخر عوسمان یڵدرم خۆشەویستی هەموو ئەوانەیە کە لە ئاهەنگەکەدا ئامادەن.
هەڵبەت، لەم کاتە پڕ جۆش و خرۆشەدا، عوسمان یەڵدرم دایک و باوکی خۆی لەبیر بوو و سوپاس گوزارییان بوو کە ئەویان گەیاندۆتە ئەو رۆژە و لەریزی پیاوە هەرە کاریگەر و ماقوڵەکانی تورک ببینرێت. ئەولادی حەڵاڵ ئاوایە. یەڵدرم سوپاسی دایک و باوکی کرد کە رێگەیان نەداوە لە سەرەتایی زیاتر بخوێنێت و بە کۆلکە خوێندەوارییان هێشتۆتەوە.
یڵدرم ناهەقی نییە.. ئەو ئێستا خاوەنی ملیۆنان دۆلارە. ئاخر ئەگەر بیخوێندایە ئەوپەڕی دەبووە مامۆستایەک یان برینپێچێک یان فەرمانبەرێکی میری و ئەگەر تەمەنی نوحیشی هەبوایە و ٩٠٠ ساڵ تەمەنی بووایە نەدەبووە خاوەنی ئەو سەروەت و سامانە.
بەڵام یڵدرم ئەو سامان و شۆرەتەی لەکوێ هێنا...؟
ئاسانە، لە تورکیا گروپێکی مافییاییت هەبێت، پارە و پوڵ و سامان بۆخۆی دەبارێت بەسەرتا... عوسمان یڵدرمیش وایکرد. ئەو هێندە مافییایەکی کارا و کارامە بوو ژەنەڕاڵەکانی ناو دەوڵەتی قوڵ، بەدیاریکراویش رێکخراوی ئەرگەنەکۆن، حەزیان لە هاوڕێیەتی دەکرد. راستە عوسمان وەک خۆی لەم ئاهەنگەدا گوتی نازانێت قەڵەم بگرێت، بەڵام کێت دەوێت لەم تورکیایە بۆت دەکوژێت، بۆ نموونە، هەر لەم ساڵانەدا یڵدرمی بەڕێز مستەفا یوجەل ئۆزبیلگینی کوشت، کە ئەندامی سەرەکی ئەنجومەنی دەوڵەتی تورکە.
ئەنجومەنی دەوڵەتی تورک باڵاترین ئەنجوومەنی دادوەرییە لە تورکیا و هەموو دامەزراوە دادوەرییەکان، بە دادوەری گشتیشەوە لەژێر چاودێری ئەو ئەنجومەنەن. کاک عوسمان هەر بەئارەزووش بۆمبێکی خستە ناو رۆژنامەی جمهورییەت، رۆژنامە بەناوبانگ و یادگارییەکەی ئەتاتورک. هەر بەهۆی ئەو ئازایەتی و پیاوکوژییەشیەوەیە عوسمان ئێستا بەشێکە لە دەوڵەتی قوڵ و سیمبۆلێکی دیاری ئەرگەنەکۆنیشە.
رەنگە بپرسن ئەگەر عوسمان یلدرم ئەو تاوانانەی ئەنجام دابێت چۆن دادگایی نەکراوە و لە زیندان نییە؟
ئێ چوار ساڵ لەمەو بەر، هەم بەهۆی ئەم تاوانە و دەیان تاوانی تر و هەم بەهۆی ئەندامبوونی لە دەوڵەتی قووڵ و ئەرگەنەکۆن دادگایی کرا و حوکمی زیندانی هەتا هەتایی بەسەردا سەپێنرا.
کەوابێت چی دەکات لەدەرەوەی زیندان...؟ کە لەدەرەوەی زیندانیشە بۆچی ئاهەنگی چەسپاندنی یاسا و سەرکەوتنی ئاکپارتی و سوڵتان ئەردۆغان بەسەر ئەرگەنەکۆن و دەوڵەتی قوڵ و ریشەکێشکردنییاندا دەگێڕێت..؟
پەلەی وەرگرتنی وەڵام مەکەن، با کەسایەتییەکی تری هەرە گرنگتان پێ بناسێنم، حاجی ئینان، ناسینی حاجی ئینان لەدەست خۆتان مەدەن...
حاجی ئینانیش وەک عوسمان یلدرم بەرەچەڵەک کوردە و خەڵکی گوندێکی ئادیامانە... ئەویش میوانی شەڕەفی بەرێز محەمەد ئاغارە. حاجی پیاوێکی ئیماندار و خوێندەوارە. ئەو ئێستا سەرگەرمی نووسینی کتێبێکە بەناوی "قورئانی کەریم وە خۆراکی باڵا". ئەگەر ئاهەنگەکە بۆ ریشەکێشکردنی دەوڵەتی قوڵ و ئەرگەنەکۆن وە چەسپاندنی دادپەروەری و یاسا نەبوایە هەرگیز حاجی بانگهێشتی ئەم دۆستە دێرینەی قەبوڵ نەدەکرد، بەتایبەتیش ئاهەنگێک کە ئەو هەموو مەشروبەی لێ دەخورێتەوە و ئەو هەموو ژنە تورکە سەفورەی لێیە. لەبەینی خۆمان بێت، حاجی بەرپرسیارێتی تریشی هەیە. ئەو موفەکیری حیزب و دوای شەهیدبوونی حوسێن وەلی ئۆغڵۆ بەرپرسیارێتی حیزبیشی کەوتۆتە ئەستۆ، ئەو ئێستا سەرۆکی حیزبە.
حیزب؟ کامە حیزب..؟
ئێوە گوێ لە میدیای تورک و کورد مەگرن، وە بەتایبەتیش گوێ لە ئیدیعای پەکەکە مەگرن..
راستە حاجی سەرۆکی حیزبە، حیزبوڵڵای کوردی، بەڵام کێ دەتوانێت بیسەلمێنێت کە ئەو دەستی سوورە بە کوشتنی ١٨٦ کورد، وەک میدیاکان و عەوام باسی دەکەن. هەر بیریشی لێ مەکەوە، جا خۆ لە تورکیا نەک ١٨٦ کورد، ١٨٦ هەزار کوردیش بکوژیت بە تاوان هەژمار ناکرێت.. ئێ حاجیش هەر وای کردووە. لەهەمووشی گرنگتر ئەو لە پێناوی خوادا ئەم کوشتارەی کردووە.
ئاهەنگێکی خۆشە ها... ئاهەنگی ریشەکێشکردنی دەوڵەتی قوڵ، ئاهەنگی ریشەکێشکردنی ئەرگەنەکۆن... دەوڵەتی قوڵ و ئەرگەنەکۆنێک کە محەمەد ئاغار دامەزرێنەر و رابەرییەتی و سەدانی وەک عوسمان یڵدرم و حاجی ئینانیش ئەندام و چالاکوانی ئەم دەوڵەتە قوڵە و ئەم ئەرگەنەکۆنەن.
دوا پرسیار ئەوەیە، ئەگەر ئەو لەتە وێنانەی سەرەوە لەتەک یەک دابنێین چ تابلۆیەک و چ ئاهەنگێک دەردەچێت...؟
زۆر سادەیە. ئەوەی لەو شەوەدا روویدا هەر بەراستیش ئاهەنگ بوو. بەڵام ئاهەنگی ریشەکێشکردنی دەوڵەتی قوڵ و ئەرگەنەکۆن نا، وەک محەمەد ئاغار بەتەوسەوە گوتی... ئاهەنگی هاوپەیمانی نێوان ئەرگەنەکۆن و دەوڵەتی قوڵ لەگەڵ ئەردۆغان و ئاکەپەدا. ئاهەنگی گەڕانەوەی دەوڵەتی قوڵ و ئەرگەنەکۆن بۆ ناو کرۆکی حوکمرانی لە تورکیا.. ئاهەنگی کۆتایی هاوپەیمانی دەوڵەتی قوڵی گولەنییەکان و ئاکەپە و دەستپێکردنی هاوپەیمانی دەوڵەتی قوڵی ئەرگەنەکۆنەکان و ئاکەپە.
حوکمڕانی ئەمڕؤی تورکیا، حومکڕانی پشت پەردە ئەرگەنەکۆنە. واجیهەی ئەرگەنەکۆنیش لە رژێمەکەی ئەردۆغاندا سلێمان سۆیلوی وەزیری ناوخۆ و دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپەی هاوپەیمانی ئاکەپە و تۆغلا ئاغار، کوڕە نازدارەکەی محەمەد ئاغار، کە لەسەر لیستی ئاکەپە پەرلەمانتارێکی خاوەن بڕیار و رێزلێگیراوە.
خەتای هەدەپە و دەمیرتاش بوو....
هەمووی دەڵێت خەتای هەدەپە و دەمیرتاش بوو ئەردۆغان بەلای مەهەپە و گورگەبۆرەکاندا شکایەوە و هاوپەیمانی لەگەڵ پێک هێنان.
ئەی کوشتنی دوو پۆلیسەکە لەلایەن گەریلاوە...؟ ئاخر بۆ پاساویان دایە ئەردۆغان پرۆسەی سیاسی هەڵبوەشێنێتەوە....؟ ئەو دەسکەوتانەی کورد لەسایەی ئەردۆغان بەدەستی هێنابوون بێ هاوتا و بێ وێنەبوون. چی دەبوو هەدەپە و کورد دوژمنایەتی ئەردۆغانییان کەردبا... ئەوە حاڵە ئێستا کورد لە باکور تێیدایە...؟
هەمووی وا دەڵێت، هەندێکییان لە دڵسۆزی و هەندێکیشیان لە بڵحی... ئەوەی بە ئاشکراش نەیڵێت لەدڵی خۆیدا دەمیرتاش و هەدەپە و گەریلا لە هەڵگەڕانەوەی ئەردۆغان خەتابار دەزانن...
منیش دەڵێم خەتای هەدەپە و دەمیرتاش بوو... بەڵام چۆن..؟
وەڵامی ئەم پرسیارە لەکۆتایی بابەتەکەمدا وەردەگرن... بەڵام با جارێ سەر لەمەحکەمەی تورک بدەین... یەکێک لە گرنگترین کەیسەکان و سەختترین دۆسییەکانی مێژووی تورکیا.
دۆسییەکە دۆسییەی ١٠ ملیار دۆلارە... سکانداڵێکی ١٠ ملیاری... سکانداڵێک کە ئەردۆغان و کوڕەکەی بیلال، زاوا نازدارەکەی بەرات ئەلبەیراق و وەزیری ناوخۆ موعەمەر گولەر و کورەکەی باریش، وە وەزیری ئابوری و کوڕەکەی و زەفەر چاگلایان وە وەزیری یەکێتی ئەوروپا ئەگەمەن باغیش وە محەمەد هاکان ئەتیلا و سەرۆکی بانکی هەڵک بانک و باشترین و بەسومعەترین رێکخراوی خێرخوازی تورک، تەرگیڤ، کە کوڕەکەی ئەردۆغانیش ئەندامی بۆردەکەیەتی.
کێسەکە گەورەیە ها...؟
هێشتا ماویەتی، پاڵەوانی ئەم سکانداڵە رەزا زەڕابە، عەجەمە ئێرانییە ساختەچییەکە. سەرمایەی زەڕابیش نەوت و غازی ئێرانە کە بە قاچاخ بە دەوڵەتی تورکی فرۆشتووە و ئەو ١٠ ملیار دۆلار سکانداڵەش پەیوەندی بەو پرسەوە هەیە...
پرۆسەکە بە پرۆسەی غاز بەرامبەر زێڕ ناسراوە... زەڕاب غازی ئێرانی ساغ دەکاتەوە و ئەم وەزیر و گزیرانەی تورکیش داهاتەکەیان بۆ زەڕاب دەکردە قاڵبی زێڕ.
تورکەکان پیاوی چاکن و هاوکاری هاوسێ ئێرانییەکەیان دەکەن.. مەگەر هاوسێ ئەجری بەسەر هاوسێوە نییە...؟ ئێ لەبەرامبەریشدا، مامە زەڕاب یۆرۆی وەک دیاری دەدایە ئەو وەزیرانە. هەر بۆ نموونە، زەڕاب ٥٢ ملیۆن یورۆی وەک بەخشیش دایە زەفەر جاگلەیان، ئەوانی تریش هەروا، دەست و دیاری زەڕاپییان پێگەییشتووە.
هەر بۆیەش، ئەوانە دراونەتە مەحکەمە...
دیسان سکانداڵەکە ماوییەتی...
ئەم سکانداڵەی ئەردۆغان و پێوەندەکانی تێی گلاون پەیوەندی بە ئێران و سزاکانی سەر ئێران و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە هەیە. بەکورتی ئەردۆغان و تاقمەکەی و کوڕ و مناڵەکانییان هەم لە گەندەڵییەکی گەورە و هەم لە سەرپێچی سزاکانی سەر ئێران.
ئێستا ئەمریکاش لەسەر خەتە. ئەگەر تورکیا ئەندامە نازدارەکەی ناتۆ و هاوپەیمانە ستراتیژییەکەی ئەمریکا و ئەگەر رژێمەکەی ئەردۆغانیش مۆدیلە دیموکراتییەکەی وڵاتە ئیسلامییەکان نەبوایە، ئەمریکا ئابوری تورکیاشی وەک ئێران دادەروخاند...
ئێستا دەزانن سکانداڵەکە چەند گەورەیە...
هەر بۆیەش ئەردۆغان ٧٠ کۆماندۆی پڕ چەکی لە هێزە ناوخۆییەکان ناردۆتە مەحکەمە... هەڵە تێ مەگەن، ئەو کۆماندۆیانە بۆ پاراستنی دادگا و ئەو دادوەرانە نییە کە داگایی ئەو وەزیر و گزیرانە دەکەن... کۆماندۆکانی ئەردۆغان بۆ رێگرتن لەو دادوەرانە و لە دادگایی کردنی کوڕەکەی و وەزیرەکانی لەوێن.
مەگەر ئەردۆغان خۆی سەرەک وەزیر نییە؟حاکمی ئەوەڵ و ئەخیر و ببڕ و بکوژ خۆی نییە؟ ئەی کێ ئەم دۆسییەی جوڵاندووە...؟
ئا بیرم نەبوو ئێستا کۆتایی ساڵی ٢٠١٣ و دوا رۆژەکانی مانگی ١٢ی ئەمساڵە... ئاهەنگەکەی ئەرگەنەکۆنتان بیرماوە... ئەها ئەو ئاهەنگەی محەمەد ئاغار و ئەرگەنەکۆنییەکان بەبۆنەی گەڕانەوەی ئەرگەنەکۆن بۆ ناو دڵی حوکمڕانی تورکیا و بەدەستخستنەوەی رۆڵە سەرەکییەکەی، واتە رۆڵی دەوڵەتی قووڵ گێڕایان...؟ ئەگەر بیرتان نەماوە، هەڵقەی شەشەمی ئەم زنجیرە وتارە بخوێننەوە.
نوێ هاتن و کۆن خەڵاتن...
لە تورکیا دوو هێزی نادیار و ناتەبا و دژ بەیەک رۆڵی دەوڵەتی قووڵ دەگێڕن... ئەرگەنەکۆنی عەلمانی و خزمەت (گولەنییەکان)ی ئیسلامی. لەماوەی ١١ ساڵی رابردوودا، واتە لە ٢٠٠٢ تا ئەمرۆژەی کۆتایی مانگی ٢١ی ٢٠١٣ کە ئەم مەحکەمەیەی تێدا دەکرێت، گولەنییەکان رۆڵی دەوڵەتی قووڵیان دەگێڕا... ئێستا، ئەرگەنەکۆنییەکان ئەو کۆنتراکتەیان بردەوە و گولەنییەکان ئاوت کران.
ئەو پێکەی محەمەد ئاغار لە ئاهەنگی ئەرگەنەکۆن و لەسەر شەرەفی هەموو ئەرگەنەکۆنییەکانی ساز کردبوو و عوسمان یەڵدرمی پیاو کوژ و حاجی ئینانی تیرۆریستیش تێیدا میوانی شەڕەف بوون نۆشی کرد، هەر هەمان پێک ژەهرێک بوو فەتحوڵا گولەن و گولەنیستەکان تاڵییەکەیان چێشت.
ئەو مەحکەمەیە کە تێیدا هەم ئابرووی دەوڵەتی تورک و هەم ئابڕووی رژێمەکەی ئەردۆغانی تێدا چوو، تۆڵەی گولەنییەکانە لەو خیانەتەی ئەردۆغان کە دڵی دایە دۆستە تازەکەی ئەرگەنەکۆن.
ئێستا گولەنی ئەردۆغان چەقۆ لەیەکتری دەسوون... خۆ هەر مانگێک پێش مەحکەمەکە بوو ئەردۆغان فەرمانی دەرکرد کە هەندێک لە خوێندنگاکانی گولەن دابخات...
گولەن ئەختەبووتە نەوەد و نۆ پەلی هەیە...
ئەو پەلانەی بە ئاسیا و ئەفریقا و ئەوروپا و تەنانەت ئەمریکا و ئوسترالیاشدا بڵاوبۆتەوە.. پەلەکانی ئەو ئەختەبووتە لە باشوری کوردستانیش پێخوستی ئەو ئەختەبووتە دیارە.
لەراستیدا ئەوە گولەن بوو لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٢دا ئاکەپەی هێنایە سەر حوکم... وەک بارچین ینانج، کچە نووسەری تورک دەڵێت، ئەو رۆژەی ئەنجامی راگەیاندنەکان راگەیەنرا، ئەردۆغان و هاوەڵەکانی باوەڕییان نەدەکرد... چونکە ئەنجامێکییان بەدەست هێناوە کە هی ئەوان نەبوو. گەورەترین گرفتی ئاکەپەیەکان ئەوە بوو کە ئەزموونی حوکمڕانییان نەبوو. گولەن پێی گوتن، خەمتان نەبێت ئەو کەلێنەشتان بۆ پڕ دەکەمەوە.
ئێستا سیناریۆی هاوپەیمانی گولەن و ئەردۆغان و هاتنە سەرکاری ئاکەپە و حوكمڕانی سەرکەوتوویی ئاکەپە و بوژاندنەوەی ئابووری تورکیا و پاشەکشە پێکردنی عەسکەر دیارە...
سم سمی کەرێ و چەنگ چەنگی هەیاسێ...
لە تورکیاش سمی حوکمڕانی سمی ئەردۆغان و چەنگیش چەنگی گولەنە... ئەی دەوڵەتی قووڵ یانی چی...؟ گولەن ئێستا لە پشت پەردەوە حوکمڕانی تورکیایە و ئەردۆگان واجیهەی ئەو حوکمڕانییەیە.
گولەن لەبەرامبەر ئەو خزمەتە گەورەیەدا تەنها یەک مەرجی لە ئەردۆغان هەبوو... دەروازەی دزەکردن و تەشەنەکردنی بۆ ناو سیستەمی دادوەری و سیستەمی پۆلیس و سوپای بۆ ئاوەڵا بکات. رەنگە ئەو داوایە بەکەم بێتە پێش چاو، بەڵام لەسایەی دەوڵەتی قووڵی ئەرگەنەکۆندا ئەم دزەکردن و تەشەنەکردنە ئەستەم بوو.
ئێستا گولەن سیستەمی دادوەری کۆنترۆڵ کردووە. پۆلیس و سوپاشی شڕ کردووە و وەها تەشەنەی کردۆتە ناو خەریکە نووزەی تێدا نامێنێت.
ئێستا تێدەگەن کێ و دادگای کێ ئەردۆغان و تاقمە بەرتیلخۆرەکەی لە پرسی زەڕابدا دادگایی دەکات.
بیرتان بێت، هێشتا ئێمە لەقۆناغی ئاشتی داین، واتە ئاشتی تەڤگەری باکور لەگەڵ دەوڵەتی تورک.. هێشتا نە هەڵبژاردن کراوە، نە دوو پۆلیسەکە کوژراون... نە شەڕی خەندەقەکان و وێرانکردنی کوردستان کراوە و نە هەڵبژاردن کراوە و نە هەدەپە بەربەستی ١٠٪ی دەنگەکانی شکاندووە و نە دەمیرتاشیش وەک سەرکردەی کاریزمای هەدەپە دەرکەوتووە.
لەم سەروبەندەدا، ئەردۆغان بۆ رزگاکردنی خۆی دەست لەگەڵ ئەرگەنەکۆن و گورگەبۆرەکان تێکەڵ دەکات و دەوڵەتی قووڵی گولەنی دەگۆڕێت بە دەوڵەتی قووڵی ئەرگەنەکۆن.
لەگەڵ ئەم گۆڕینەدا، ئەردۆغان مێزی یارییەکەی بەسەر گولەنییەکان و کورددا قڵپ دەکاتەوە و خوێن و زنجیر تێکەڵ دەکات... وەک گوتم، هێشتا هەدەپە وەک دووەم هیزی ئۆپۆزسیۆن نەهاتۆتە مەیدان.
ئێستا دەزانن چەندە ساویلکەییە کە خەتای وەرچەرخانی ئەردۆغان بەلای گورگەبۆرەکان و پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ باخچەلی و ئەرگەنەکۆن بخرێتە پاڵ هەدەپە و دەمیرتاش و گەریلا...؟
وەک لەسەرەوە گوتم، هەدەپە و دەمیرتاش خەتابارن...
بەڵام خەتای وەرچەرخانی ئەردۆغان بەلای فاشیزمدا نین، بەڵکو خەتاباری ئەوەن لە پێگەیەکی جوگرافیدا و لە بڕگەیەکی زەمەنی میژوویدا هاتوونەتە مەیدان و گەورەترین غەدری جوگرافی و مێژوویان لێدەکرێت و نەک هەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەڵکو هاوخوێنەکانیشی لە کوردی باشور ناتوانن ئیستیعابەی ئەم دۆخەی ئەوان بکەن و بەخەتابارییان دەزانن.