دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 19/06/2021

نازناوی قەیرەیی وەک شۆکێک بۆ ئافرەتان

‎دکتۆرە دیلمان ئازاد حەسەن
‎پسپۆڕی پزیشکی دادوەری 
‎مامۆستا لەکۆلێژی پزیشکی

‎لەکۆمەڵگەی ئێمە هەر کچێک، تەمەنی لە 35 ساڵ تێپەڕی کردبێت و نەچوبێتە نێو ژیانی هاوسەرییەوە، ئەوا پاشناوێکی ڕوخێنەرو ناشیرینی لێ دەنێین، ئەویش پاشناوی (قەیرە کچ)ە یاخود گەورە کچ.

زۆرێک لەئافرەتەکانمان لەو پاشناوە دەترسن و ترسیان هەیە بگەنە ئەو تەمەنەی ئەو ناوەیان لەسەر بسەپێندرێت.

رەنگە لەخۆمان نەپرسی بێت بۆچی لەوڵاتانی ڕۆژئاوا، کاتێک ئافرەتێک بتوانێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت، بەئافرەتێکی بەهێزو سەرکەوتوو دەبینرێت، بەڵام لەکۆمەڵگەی ئێمەدا دەڕوخێنرێت هێندەی بەرێگەی جۆراو جۆرەوە توانجیان لێبدەین؟ لەبەکارهێنانی پاشناوی جیاوازەوە بگرە تا دەگاتە خستنە پاڵی چەندین جۆرە لەککەی کۆمەڵایەتی؟

‎لەکاتێکدا زۆرێک لەو ئافرەتانە، لەڕووی لێهاتوویەوە ئاستێکی زۆر بەرز نیشان دەدەن و لەنێو خێزاندا زۆر سەرکەوتووانە ڕۆڵ دەگێڕن.

‎قەیرە کچ یان گەورە کچ، وشەیەکە لەکۆمەڵگەی ئێمە کاتێک بەکاری دەهێنین زیاتر لەتوانجگرتن و قسە پێوتن دەچێت تا بەکارهێنانی پاشگرێکی ئاسایی.

بەشێوەیەک لەرێگەی ئەو وشەیەوە دەویسترێت لەشکۆی ئافرەت کەمبکرێتەوە... بێ ئەوەی لەخۆمان بپریسین ئەم بەکارهێنانە خراپە لەبەر چی و لەپای چی؟
‎ئایا شو نەکردن تاوانە؟ یا چارەنوسێکە لەدەرەوەی ئیرادەی خۆ؟

‎ئایا شونەکردنی ئەو ئافرەتە پەیوەندی بەپلانی خۆیەوە هەبوە کە حەزی نەکردوە بچێتە نێو پڕۆسەی هاوسەرگیرییەوە؟

‎بێگومان وانیەو ئەو ئافرەتانەش حەزیان لێبووە هاوسەرگیری بکەن و بتوانن وەک هەر ئافرەتێکی دیکە ژیانێکی ئارامیان هەبێت، بەڵام ئیدی بۆی ڕێک نەکەوتووە.. یاخود وەک لەکوردەواری دەڵێن قسمەتی هەڵنەستاوە.

خۆ دەشکرێت ئەو کچانە، گەوهەری بیرکردنەوەیان لەتەمەنی خۆیان گەورەتر بوبێت و هەڵبژاردنی هاوسەری ژیانیان ئاسان نەبوبێت بۆیان، ئەمەش شتێکی زۆر ئاساییە، چونکە ئاستی بیرکردنەوەی هەمو کەس وەک یەک نییەو ناتوانین بیرکردنەوەی کەسەکان بگۆڕین...
لەبەرامبەر ئەو قسانەی بەئافرەت دەوترێت بۆچی تاکو ئێستا بۆ جارێکیش گوێمان لەوشەی گەورە کوڕ یان قەیرە کوڕ نەبوە؟ بەرامبەر ئەو کوڕانە بەکاربێت کە تەمەنیان هەڵکشاوەو هاوسەرگیرییان نەکردووە؟

‎با لەخۆمان بپرسین بەشێکی زۆرمان خاوەن کچین بۆ وایان لێبکەین بەو وشانە بکەونە بارێکی دەروونی خراپ؟

‎یاخود بۆچی کوڕی گەورە دەتوانێت کچێکی تەمەن بچوک بخوازێت؟ بەڵام کچی گەورە دەبێت بۆ ژنی دووەم دابنرێت؟
‎ئەمە لەبەرچی؟

بەراستی بەکارهێنانی وشەی قەیرە بۆ کچ یاخود بۆ هەر ڕەگەزێک وشەیەکی زۆر ناشیرینەو هیچ مانایەکی نییە.

‎تەمەن هەر تەمەنە بۆ کچ و کوڕ واتا ئەگەر کچ گەورە بێت، کوڕیش گەورە دەبێت. نەڵێن ئەم بابەتە پەیوەندی بە هۆڕمۆناتەوە هەیە!، ئێمە پزیشکین و دەزانین کێشەی تەندروستی هەیە توشی پیاوان دەبێت لەهەندێک تەمەن، وەک چۆن توشی ئافرەتانیش دەبێت...

‎کەواتە چۆن ژن و پیاو وەک یەکن لە تەمەن بەهەمان شێوە لەروی تەندروستیشەوە وەک یەکن.

‎پێویستە کچ و کوڕانمان فێربکەین هاوسەرگیری تەنها وێنەگرتن و چونە دەرەوەو خۆڕازاندنەوەو چێشت لێنان نییە. بەڵکو پڕۆسەیەکی زۆر لەوە گەورەترەو بگرە پڕۆسەیەکە هەڵبژاردنی وردی دەوێت لەتەمەنێکی گونجاودا.

من دیوومە کچی (۱٤-۱٥) ساڵی و بگرە بچوکتریش شویان کردوە، باشە ئەوانە چی دەزانن لەسەر هاوسەرگیری؟ چی دەزانن سەبارەت بەمنداڵ دروستکردن و پاشان بەخێوکردنی و لەدوایشدا پەروەردەکردنیان؟

‎بۆیە دەبینین بەشێکی پڕۆسەی هاوسەرگیری فەشەل دێنێت و ڕێژەی لێک جیابونەوە لەدادگاکان زۆر بوە. ئەمەش بەشێکی دەرەنجامی ئەو پەلەکردنەیە لەلایەن کچانەوە تا نەگەنە ئەو پرسیارەی کۆمەڵگە کە پێیان دەڵێن بۆچی مێردت نەکردووە؟

پێویستە لەسەر ئاستی تاک و بگرە کۆی کۆمەڵگە بیرکردنەوەمان لەبارەی ئەو وشەیەوە بگۆڕین کە بەرامبەر ئافرەتان بەکاردەهێنرێت و هەوڵ بدەین هەر کەس لەبواری خۆی ڕۆشنبیری و هۆشیاری بڵاو بکاتەوە.

‎چەند جوانە وشەکە بگۆڕین و پێیان بڵێین ئەو گەوهەرو بیرکردنەوەیەی لەتەمەنی ئەو جۆرە کچانە هەیە، لەکچی دیکە نییە واتا شکۆیان بپارێزین.

ئەم نوسینەم دەرەنجامی ئەوەیە ڕۆژانە وەک دەردە دڵێک زۆربەیان نامەم بۆ دەنێرن دەڵێن دکتۆرە باری دەرونیمان خراپە بە هۆی ئەو وشە ناشرینە..

ئامانجی من ئەوەیە کە هەر یەکێک لای خۆمانەوە ئەو تێڕوانینە هەڵەیە راست بکەینەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP