هەرێم نیوز
بانکی ناوەندیی عێراق
دەڵێت، نرخی فرۆشتنی دۆلار نەگۆڕە و هیچ نیازێک بۆ گۆڕینی نییە و ئاماژە بەوەش
دەکات، ئەوەی باس دەکرێت سەبارەت بە نیازی گۆڕینی نرخی فرۆشتنی دۆلار راست نییە.
بانکی ناوەندیی عێراق، ئەمڕۆ هەینی لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند: "نرخی فرۆشتنی دۆلار
نەگۆڕە و هیچ نیازێک بۆ گۆڕینی نییە، ئەوەشی باس دەکرێت راست نییە، چونکە ئەو
نرخەی کە لە کۆتایی ساڵی 2020 دا بۆ دۆلار دیاریکرا بە پشتبەستن بە توێژینەوەی
قووڵ و پێویستیی دۆخی ئابووری و دارایی دیاریکرا بۆ ئامانجەکانی سیاسەتی نەختینەیی".
بانکی ناوەندی راشیگەیاند: "زیادکردنی
فرۆشتنی دراوی بیانی لە بانکەکەمان بەهۆی زیادبوونی یەدەگی دراوی بیانیمانە بۆ
دابینکردنی دراو بۆ هەموو ئەو داواکارییە یاساییانەی پێشکەشمان دەکرێن، بۆیە لە
ئەنجامی رێکارەکانی ئەم دواییەی بانکی ناوەندی و رێکارەکانی لە ئایندەدا نرخی
دۆلار جێگیر دەبێتەوە".
بانکی ناوەندیی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد:
"لێدوانەکان سەبارەت بەنرخی فرۆشتنی دۆلار بۆ ئەوە بڵاودەکرێنەوە کە کەسانێک
سوودمەندبن، چونکە بانکی ناوەندی ئامرازی پەیوەندیی تایبەت بە خۆی هەیە؛ کە
سەرچاوەی زانیاریی فەرمین".
هاوکات ئیحسان یاسری، جێگری پارێزگاری بانکی
ناوەندیی عێراق، ئەمڕۆ لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند: "ئەو هەواڵەی کە لە
زاری منەوە بڵاوکراوەتەوە سەبارەت بەوەی کە گوایە بەهای راستەقینەی دینار بەرامبەر
یەک دۆلار 2400 دینارە راست نییە و دروستکراوی سوپا ئەلیکترۆنییەکانە کە دووژمنی
گەلی عێراقن و باشبوونی ئابووریی عێراق ناوێ".
ئەمە لە کاتێکدایە وەزارەتی دارایی عێراق، دوێنێ
پێنجشەممە لە راگەیەندراوێکدا ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە لە چەند دەزگایەکی
راگەیاندن بڵاوکراونەتەوە کە گوایە عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی عێراق گوتوویەتی:
"بەهای راستەقینەی دیناری عێراقی بەرامبەر 100 دۆلاری ئەمریکی 300 هەزار
دینارە، ئەو جۆرە هەواڵە نابەرپرسانە کە بێ بنەمان ئامانجیان شڵەژاندنی دۆخی
ئابوورییە؛ لەگەڵ سەرلێشێواندنی رای گشتی؛ بۆیە داوا دەکەین هەواڵ و زانیارییەکان
لە رێگەی نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی داراییەوە وەربگرن یان لە ماڵپەڕ و
هەژماری فەرمیمان لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک و تویتەر".
ئێستا لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق 100
دۆلاری ئەمریکی بە زیاتر لە 150 هەزار دیناری عێراقی دەفرۆشرێت. بانکی ناوەندیی
عێراق، لە 19ی کانوونی یەکەمی 2020 دا بڕیاری دا، نرخی فرۆشتنی هەر دۆلارێکی
ئەمریکی لە 1180 دینارەوە بۆ 1460 دینار زیاد بکات.