هەرێم نیوز
دوای ئەوەی دەرکەوت هێرشە درۆنییەکەی سەر هێڵی بۆریی نەوتی سعوودیە لە خاکی عێراقەوە ئەنجام دراوە، هێزە ئەمنییەکان چەند سەکۆیەکی هەڵدانی درۆنیان لە نزیک سنووری ئێران دۆزییەوە و سەرۆکوەزیرانی عێراقیش فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی میسانی لەکارەکەی دوورخستەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 12ـی ئەیلوولی 2026، سەرچاوە ئەمنییەکانی عێراق ئاشکرایان کرد کە هێزە ئەمنییەکان چەند سەکۆیەکی هەڵدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان (درۆن) لە ناوچەی 'تییب'ـی دوورەدەست لە پارێزگای میسان لە باشووری عێراق و لە نزیک سنوورەکانی ئێران دۆزیوەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری داوە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەسەر ئەدای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای میسان.
هاوکات فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگاکەشی لە کارەکەی دوورخستووەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی سەلمێندراوە کە ئەو هێرشەی کراوەتە سەر سعوودیە، لە یەکێک لە ناوچەکانی ئەو پارێزگایەوە سەرچاوەی گرتووە.
هاوکات، شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق بڵاویکردەوە کە دەسەڵاتداران دەستیان بە گرتنەبەری ڕێکاری کارگێڕی و ئەمنی لە ژمارەیەک دەروازەی سنووری کردووە و بۆ ئەو مەبەستەش دەروازەکانیان داخستووە بۆ لێکۆڵینەوە لە "پێشێلکاری و سەرپێچییەکان".
میدیا عێراقییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە هەریەک لە دەروازەکانی شیب، شەلەمچە و مهران داخراون و هاتوچۆی گەشتیاران و بازرگانی تێیاندا تا کاتێکی نادیار ڕاگیراوە، بەڵام دەروازەکانی زرباتیە و مونزیرییە بەڕووی گەشتیاراندا کراوەن.
ئەم ڕێکارانەش ڕاستەوخۆ بەستراونەتەوە بە لێکۆڵینەوەکان لەو هێرشەی کە کرایە سەر هێڵی بۆریی نەوتی نێوان ڕیاز و مەدینە لە عەرەبستانی سعوودیە.