ئا:ڕوخسار كەریم
جەستەی دەرھێنەرێکی سینەمایی بە پارچەپارچەکراوی لە سەتڵی زبڵی گەڕەکەکەیاندا دۆزرایەوە.
دوێنێ بڵاوبوونەوەی ھەواڵی کوژرانی (بابک خرمدین) دەرھێنەری سینەمایی ئێران ئەو وڵاتەی ھەژاند، بەڵام ئەوەی بووەتە جێی سەرسوڕمان و مشتومڕ لای خەڵک و پۆلیس، دەستگیرکردنی بکوژانی بوو ئەمڕۆ، کە دوای لێکۆڵینەوە و سەیرکردنی کامێراکانی چاودێری دەرکەوت دەرھێنەرە ٤٧ ساڵەکە لەلایەن دایک و باوکە پیرەکەیەوە کوژراوە و پاش کوشتنی بەشێوەیەکی زۆر دڕندانە جەستەی پارچەپارچەکراوە و شێوێندراوە.
پاش برینەوەی دەست و قاچ و بەشەکانی تری جەستەی کورەکەیان دایک و باوکەکە ھەستاون بە جیاکردنەوەی ئەندامەکان و دانانیان لەچەند کیسەیەکی جیاواز و پاشان فڕێیان داوەتە ناو زبڵدانەکان.
دوای دۆزینەوەی کیسە فرێدراوەکان لەلایەن شارەوانیەوە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و ناردنی بۆ پزیشکی یاسایی، دوێنێ دەرکەوت کە کوژراو (بابک خرمدین) دەرھێنەری فیلمە سینەماییەکانە، ھەر لەگەڵ گەیشتنی پۆلیس بە ماڵەکەیان دایک و باوکی کوژراو دانیان بەتاوانەکەیاندا نا، لەدرێژەی دانپێدانانەکەشدا باوکەکە باسی لەوە کرد کە ناکۆکی لەگەڵ کوڕەکەی تەنھا لەسەر ھاوسەرگیری نەکردن و مانەوەی بووە بە سەڵتی تا تەمەنی کە ٤٧ ساڵی.
تاکو ئێستاش وەڵامێک نییە بۆ ئەو پرسیارەی کە بۆچی دەبێت ھاوسەرگیری نەکردنی کورەکەیان بەوجۆرە دنەی ئەو دایک و باوکەی دابێت کە دەستیان بچێتە خوێنی جگەرگۆشەکەیان؟!