هەرێم نیوز
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، ڕەتیدەکەینەوە ئەو گەنجە دهۆکییەی کە کوژرا بەهۆی قسەکردن بە زمانی کوردیەوە بێت ئامانج لەو بانگەشانە، هاندانی خەڵکە بۆ رق و دوژمنایەتی.
ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی زانیاریی نادروست کە سەر بە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیایە لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، ئەو تۆمەتانەی باس لەوە دەکەن گوایە ئەو هاونیشتمانییەی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەوەی "بە کوردی قسەی کردووە، کوژراوە، راست نین و شەڕەکە بە هۆکارێکی دیکە سەریهەڵداوە."
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان، دەرکەوتووە، ئەو سێ گەشتیارە لە ناوچەی فاتح لە شوێنێكی مەیخواردنەوە دانیشتوون و لەگەڵ دوو برا کە خەڵکی باتمان (ـی باکووری کوردستانن) لەسەر سەیرکردنی ژنان بە لاچاو بووەتە شەڕیان.
ئاشکراشیکرد، پاسەوانی شوێنەکە لە سێ گەشتیارەکەی داوە و کردوونییەتە دەرەوە، دواتر کە حەکیم لە هۆتێلەکە چووەتە دەرەوە لەلایەن یەکێك لەو دوو برایەوە بە چەقۆ لێی دراوە و دوو شوێنی جەستەی بریندارکراوە.
ئەوەشی خستەڕوو، حەکیم "لە شوێنی رووداوەکە گیانی لەدەستداوە و دوو براکە و پاسەوانەکەش هەڵاتوون."
ئەمە لە کاتێکدایە، حەکیم، شەوی 31ـی ئاب لە دوبەیەوە لەگەڵ ئامۆزا و برایەکی چووبووە ئیستەنبووڵ. دوو کاتژمێر دوای گەیشتنی هێرشی کراوەتە سەر و کوژراوە.