دواین هەواڵ

گەڕانەوەی جەنگ لە سەردەمی جیهانگیریدا

‌د. شکۆ کاوسین

پێش 2 هەفتە

گڵۆباڵیزم یاخود جیهانگیری لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە بەتایبەتیش لە دوو دەیەی ڕابردوودا گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆوە بینی بەشێوەیەک کە خەڵک بە یەقینەوە باوەڕی بەوە هەبوو کە جەنگ و ململانێی چەک و داگیرکاری لە نێوان دەوڵەتان کۆتایی هاتووە و سەردەمی بەربەریزم کۆتایی هاتووە. 

باوەڕ وابوو کە ئیتر ئەوەی مرۆڤەکان لە ئاژەڵەکان جیادەکاتەوە ئەقڵی لێکتێگەشتن و ئاکاری دیپلۆماسی و قسەکردنە لەگەڵ یەکتری.  وە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و یارمەتی دارایی لەنێوان وڵاتان بۆتە ڕەمزی یەکگرتنێکی لیبراڵی جیهانی کە ئیتر بەرەکەت و ئاسوودەیی دەگەڕێتەوە بۆ هەموو نەتەوەکانی سەر زەوی.

بەداخەوە هەموو جیهان لەم خەوە قووڵە بەخەبەرهات لە ٢٤ی ٢ی ٢٠٢٢ کاتێک سوپای ڕووسیا پێی نایە ناو خاکی سەربەخۆی ئۆکراینا.  ئەمەش بووە هۆی سەدمەیەکی گەورەی جیهانی و ئاوارەبوونی چەندان خێزانی ئەو وڵاتە.

دووەم بزمار لە تابووتی گلۆباڵیزمی لیبراڵی درابێ دەسپێکی شەڕی ئیسرایل و چەکدارەکانی حەماسی فەلەستینی بوو کە بووە هۆی وێرانکردنی شاری غەزە لەلایەن ئیسڕایلەوە. 

چیتر ئەندازیارانی گڵۆباڵیزم شانازیان نەدەکرد بەوەی جیهانیان لە مەترسی پاراستووە . چیتریش خاکی هیچ نەتەوەیەک پارێزراو نییە و ئیمپێریالیزمی سەدەکانی ناوەڕاست زیندوو بۆتەوە.

دەرهاویشتەکانی جیهانگیری زۆرن، یەکێکیان نادادپەروەریە لە داهات و دارایی وڵاتانی جیاجیا.  بۆ نموونە کۆمپانیای گەورە وڵاتێکی وەکو ئەڵمانیا بۆ ئەوەی بە کەمترین تێچوو زۆرترین قازانج بکات پەنا دەباتە بەر دەستی کاری وڵاتانی دواکەوتووی وەک تایلاند بەمەش گەورە وڵاتەکە گەشەی بەرچاوی زیاتر و زیاتری دەبێت لەکاتێکدا وڵاتەکەی تریش کە خودی دەستەبەرکاری هێزی کارە هەر وەکوو خۆی دەمێنێتەوە.

دەرهاویشتەی تر تۆخ بوونەوەی ناسیۆنالیزم و ئیستیغلال کردنی خەڵکی عەوامە لەلایەن سەرکردە پۆپولیست و هەلپەرستەکان کە وا پیشانی دەدەن کەلتوری وڵاتە زلهێزەکان خەریکە زاڵ دەبێ بەسەر کەلتوری ئەواندا و ئەمەش مەترسیەکی گەورەیە بۆ سەر شوناسی نەتەوەکەی . ئەمەش زیاتر جۆرێکە لە کاردانەوە و ڕق و کینەش بەدوای خۆیدا دێنێ کە دوور نییە جەنگی لێبکەوێتەوە.

فەیلەسوفی مۆدێرن جۆن گرای یەکێکە لە ڕەخنەگرە سەرسەختەکانی جیهانگیری کە ڕەخنەکانی لە سێ خاڵدا خۆیان دەبیننەوە:

1. زاڵبوونی هەژموونی ڕۆژئاوا بەسەر کەلتورەکانی تردا لە ڕێگەی براند و مارکە و لۆگۆی بزنسەکانی ئەو وڵاتانە.

2. تێکدان و ژەهراویکردنی ژینگە لەلایەن زلهێزەکانەوە بەهۆی تەرکیزی زۆریان لەسەر گەشەی ئابووری و قازانج.

3. سوودگەیاندن بە هەندێک وڵاتی گەشەسەندوو و گوێنەدان بە وڵاتانی جیهانی سێیەم.

 نووسەری بەناوبانگ یوڤال نوح هەراری لە چاوپێکەوتنێکیدا هۆکاری جەنگی جیهانی لە سەردەمی جیهانگیریدا دەگێڕێتەوە بۆ فرەجەمسەرێتی هێز، بەواتای ئەوەی هێزی گەورە و زەبەلاح زۆر بوون و کایەی سیاسی لە ئێستادا کۆمەڵێک یاریکەر لە کێشی قورس یاری تێدا دەکەن وەکو چین و ڕووسیا و ئەمریکا و بەریتانیا. ئەمەش بۆتە هۆی ڕکابەرێتی سەخت و مەترسیدار کە بۆنی خوێنی لێدێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP