دواین هەواڵ

تێگەیشتنی وێرانکەری کورد دەسەڵاتی ئیتحادی وەک نموونە

‌سه‌ردار عه‌بدوڵڵا

پێش 2 هەفتە

تێگەیشتنی هەڵە لەهەر بابەتێک کارەسات و زەمینەی وێرانکاری بەدوای خۆیدا دێنێت، هەر وەک نموونەیەکی سەرەتایی ئەو کەسەی کە وا تێدەگات وەزیفەی چەقۆ تەنها کوشتن و چەقۆکێشییە، لەکاتێکدا کە مرۆڤایەتی ناتوانێ بەبێ بەکارهێنانی چەقۆ بەردەوام بێت. لەم حاڵەتەدا تێگەیشتنی وا وێرانکەرە. لەم سۆنگەیەوە تێنەگەیشتنی کورد لە دەستەواژەی دەسەڵاتی ئیتحادی لە ئێراق و لە مانا و پێکهاتە و ئەرکەکانی، وەک ئێستا دەیبینین و بەدەستیەوە دەناڵێنین، ئەنجامەکەی کارەسات و ماڵوێرانییە بۆ ئێمەی گەلی کوردستان. بۆیە دەبێ بپرسین ئایا دەسەڵاتی ئیتحادی چییە و چۆن چۆنی کورد زۆر خراپ و ناڕاست تێیگەیشتووە، کە ئەم دۆخە ترسناکەی لێکەوتۆتەوە.

ساڵی ٢٠١٣، ئەو کاتەی لەسەر بڕینی بودجەی هەرێمی کوردستان وەکو وەفدی کوردستانیی لەماڵی دکتۆر ئیبراهیم جەعفەری لەگەڵ سەرکردەکانی هەموو لایەنە شیعەکان کۆ بووینەوە، دکتۆر جەعفەری لە قسەکانیدا بە تەوسەوە گوتی: “ئێوە تەنها بۆ مەسەلەی بودجە دانوستاندنمان لەگەڵ دەکەن”.

ئەو دەمە وێڕای ئەوەی دکتۆر جەعفەری هاوڕێی نزیکم بوو، هەروەها من سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان بووم کە ئۆپۆزیسیۆن بوو، من وەڵامم دایەوە:

“فیدرالی چییە، جگە لەدابەشکردنی دەسەڵات و سامان؟ ئەگەر سامانی ئەم وڵاتە بە تەنیا هی ئێوەیە ئەوا خێرمان پێ مەکەن، خۆ گەر هی خۆشمانە وەکو کورد هاوبەشین لەم وڵاتە بە چ حەقێک لێمان دەبڕن و ئینجا منەتیشمان بەسەردا دەکەن؟”.

لێرەوە دووپاتی دەکەمەوە کە بەڵێ: فیدرالییەت بریتییە لە دابەشکردنی عادیلانەی دەسەڵات و سامان. لێرەشدا جەخت لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات دەکەمەوە، چونکە ئەوە خۆی سەرچاوەی کێشە و هەر خۆشی چارەسەرە بۆ هەر غەدرێک کە لەمەسەلەی دابەشکردنی ساماندا بکرێتە سەر هەرێمێک یان پێکهاتەیەکی دەوڵەتی فیدراڵی.

جۆرێکی ئەم دابەشکردنە، دابەشکردنی دەسەڵاتە لەنێوان هەرێمەکان لەلایەک و دەسەڵاتی ئیتحادیی لەلایەکی ترەوە، واتا بەخشینی دەسەڵاتی تەواو بە هەرێمەکان بۆ ڕاپەڕاندنی کاروبارەکانی هەرێمەکە. جۆرەکەی تریشی بریتییە لە شەراکەتی ڕاستەقینەی هەرێمەکان لە دەسەڵاتی فیدراڵیدا، یان وەک هەندێک پێیان خۆشە بە دەسەڵاتی ئیتحادی ناوی بەرن. تێگەیشتنی نادروست و خراپی کورد لەم مەسەلە جەوهەریی و بنەڕەتییانە کارەساتی زۆر گەورەی دروست کردوە و تا ئەم تێگەیشتنە خراپەش ڕاست نەکرێتەوە کارەساتی خراپتر چاوەڕێمانە و کۆتاییمان زەلیلیی و وێرانبوون دەبێت.

سەرەتا دەبێت دەسەڵاتی هەرێمەکان بە دەستوورێکی بەهێزی تۆکمە پارێزراو بن، نەک بە مەنتیقی هێز و فرت و فێڵی (یاسایی) پێشێل و زەوت بکرێن. ئەمە سەبارەت بە ئاستی یەکەمی دابەشکردنی دەسەڵات، کە لە ئێراقدا بەهەموو شێوەیەک دەسەڵاتەکانی هەرێم و پێکهاتەکانیش پێشێل دەکرێن.

ئاستی دوەم: دەسەڵاتی ئیتحادی

کورد، وەک لە ئاستی یەکەمی باش تێنەگەیشتوە، لەم ئاستەدا لە چەندین ڕوەوە تووشی بەدحاڵیبوون و تێگەیشتنی سەقەت بووە:

وا تێگەیشتوە کە دەسەڵاتی هەرێم لە بەرامبەر دەسەڵاتی ئیتحادییە، بۆیە ملیشی بۆ ئەوە داوە کە دەسەڵاتی بەغدا هەموو شەرعیەتێکی دەسەڵاتی ئیتحادی هەیە، بەم پێیەش یان دەبێ تەنیا وەکو هەرێم ڕووبەڕووی ببێتەوە، یان تەسلیمی ببێت. لە کاتێکدا ئەمە خراپترین و داماوترین تێگەیشتنە، چونکە ئەمە ناکاتە دەسەڵاتی ئیتحادی، بەڵکوو دەبێتە دەسەڵاتی مەرکەزیی کە بەعس نموونە دیارەکەی بوو. ئەگەر تەسلیمی ئەم تێگەیشتنە داماوە ببین، واتا شتێک نامێنێت تەنانەت ناویشی فیدرالییەت بێت، ئەو کاتە ئێمە دەبینەوە بەژێر دەستەی دەسەڵاتێکی مەرکەزیی هاوشێوەی ئەوانەی پێشووی ئێراق. لەم سۆنگەیەوە، دەبێ ئەوە بزانین کە دەسەڵاتی ئیتحادی پێکدێت لە نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی هەرێمەکان و لەسەر بنەمای شەراکەتی راستەقینە لە بڕیاری سیاسی، ئابووری، سەربازی، و ئەمنیدا. واتا پێکهاتەیەک بۆی نیە سەرلەبەری جومگەکانی دەسەڵاتی ئیتحادی قۆرخ بکات و تاکلایەنە بڕیار لە هەموو ئەو بوارانەدا بدات، بەڵکو لە دەوڵەتی فیدراڵیدا، با ئەو بوارانەش بەشێک بن لە دەسەڵاتی ئیتحادیی، بەڵام بڕیاردان لێیان بەشەراکەتی نێوانی نوێنەری هەرێم و پێکهاتەکانە لەناو دەسەڵاتی ئیتحادیدا. تەنانەت دابەشکردنی پۆستە سیادیی و سەرۆکایەتییەکانیش بەرجەستەکردنی ئەو شەراکەتە زامن دەکەن.

تێگەیشتنێکی سەقەتی دیکە دەڵێت: ئەی ئەوە نیە کورد پۆستی سەرۆک کۆمار و وەزیر و پەرلەمانتاری هەیە، ئیتر چی دەوێت؟

سەقەتیی ئەم تێگەیشتنە لەوەدایە کە دابەشکردنی دەسەڵاتی تێکەڵ کردوە بە دابەشکردنی پۆست. لەکاتێکدا کە دابەشکردنی پۆستەکان دەکرێت ئامرازێکی وەدەستهێنانی شەراکەت بێت لە دەسەڵاتی ئیتحادیدا، بەڵام بەتەنها پۆست بەس نیە. ئەگینا بەعسیش پۆستی باڵای لە دەوڵەتدا دابوو بە کەسانی کوردزمان. لێرەوە دەبێ تێبگەین کە کورد دەبێ شەریک بێت لە پۆستە باڵاکانی دەسەڵاتی ئیتحادیدا، بەڵام نابێ هەر بەتەنها پۆستی بێکاریگەر و بێگیان بن، بەڵکو دەبێت هیچ بڕیارێکی سەرەکیی لە بوارەکانی سیاسی و ئابووری و سەربازی و ئەمنیدا بەبێ شەراکەتی ڕاستەقینەی ئەمان بدرێت. ئەم بڕیارانەی کە  نابێ بەبێ ڕەزامەندیی و شەراکەتی ڕاستەقینەی کورد و هەرێمی کوردستان بدرێن، تەنها ئەو بڕیارانە ناگرێتە کە سەبارەت بە هەرێم و مافە دەستوورییە ڕەواکانی گەلەکەیەتی، بەڵکو تەنانەت هەموو بڕیارەکانی تایبەت بەسەرجەم سیاسەتەکانی دەوڵەتیش دەگرێتەوە، بە بواری سیاسەتی دەرەوەش.

ئیدی کاتی ئەوە هاتوە ئەم تێگەیشتنە سەقەتە ڕاست بکەینەوە و لێرە بەدواوە نابێ ئەوە قبووڵ بکەین کە دەسەڵاتی ئیتحادی لە دەوڵەتی ئێستای ئێراقدا وەک دەسەڵاتی مەرکەزی ڕژێمی پێشوو مامەڵە بکات. نابێ ئەوە قبووڵ بکەین کە بەبێ نوێنەرەکانی گەلی کوردستان و هەرێمە فیدراڵەکەی هیچ بڕیارێکی سیاسیی، ئابووری، سەربازی و ئەمنی بدرێت، چونکە هەر بەپێی ئەم دەستوورە ئێمە دوو جۆر دەسەڵاتمان هەیە، جۆری یەکەمیان دەسەڵاتە فراوانەکانی هەرێمی کوردستانە. جۆرەکەی تریشی پشکی ئێمەیە وەک شەریکێکی سەرەکی لە سەرجەم بڕیار و کاروبارەکانی دەوڵەتدا. ئێمە بەهۆی ئەم تێگەیشتنە سەقەتەی ئێستامانەوە، خۆمان دەستبەرداری ئەو دەسەڵات و مافانەمان بووین. هەربۆیە دەبێت دەستبەجێ و لەسەر بنەمای ئەم تێگەیشتنەی لەم وتارەدا خستمانە ڕوو جۆری مامەڵەمان بگۆڕین و دەستبەرداری بچووکترین ماف و پشکی خۆمان لە دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێم و دەسەڵاتی ئیتحادیشدا نەبین.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP