دواین هەواڵ

هەرێم هەیە و دەمێنێ

‌سەلام عەبدوڵڵا

26/03/2023

هەرێمی كوردستان نه دیارییەك بووه پێمان بەخشرا بێت و نه له هیچەوه هاتۆته كایه و بوونی خۆی سەلماند بێ و لەسەر پێی خۆی ڕاوەستا بێت، ڕاسته نكۆڵی له فاكتەری دەرەكی بۆ بونیادنانی هەرێم و پارێزگاری له بوون و بەردەوام بوونی ناكرێت، لەگەڵ ئەوەشدا نابێت فاكتەری ناوخۆش كه داینامیكییەتی ئەو بوون و ڕاوەستانەی بەرامبەر ئالەنگارییەكانی ئەم (32) ساڵەی هەبووه لەبەرچاو نەگیرێت، كه ئەوەش له ئەنجامی خەبات و تێكۆشان و قوربانیدانی ئەم گەله كۆڵنەدەره كه هەمیشه له شەڕێكی نابەرامبەر دابووه لەگەڵ دوژمنان و ناحەزانی كه له ماوەی نزیك له سەدەیەكدا بوونی ئەمڕۆی خۆی پێ سەلماندووه. ئه گەر ئەو فاكتەره ناوخۆییه نەبوایه كه به خوێن و قوربانیدان نەخشەی بۆ داڕێژراوه هەرگیز، تەنیا، به فاكتەری دەرەكی ئەم هەرێمه نەدەهاتەكایەوه.

لەگەڵ ئەوەشدا، گەلەكەمان به چاوی ڕێزو قەدرزانینەوه دەڕوانێته هەموو ئەو لایەنانەی كه یارمەتیان داوین و پشتیوانی و ڕێنماییان بۆ بەرەو پێشەوەچوونی هەرێمەكەمان كردووین، سوپاسگوزارین.

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا و لەگەڵ ئەو هەموو بەرەو پێشەوەچوونانەی له هەرێمدا له زۆر بواردا به بەراورد به ساڵانی هەیمەنەتی دیكتاتۆریەت ڕوویانداوه كه بەراورد ناكرێت چونكه له دوای ڕاپەڕینه مەزنەكەی گەلەكەمان، ئێمه هاتینه سەر وێرانەیەك كه ڕژێمه سەركوتكەره، جیاجیاكانی، عێراق بەبێ جیاوازی و به بەردەوامی به ئاگرو ئاسن مامەڵەیان لەگەڵ خەڵكەكه و وڵاتەكەمان دەكرد و وەك داگیركەرێك بەرامبەر خاك گەلەكەمان هەڵسوكەوت و ڕەفتاریان دەكرد، بۆیه دەتوانین به شانازییەوه، دیاره به پشتیوانی هاوپەیمانان و كۆمەڵگەی دیموكراتی توانیمان ئەم هەرێمه لەسەر پێی خۆی ڕابگرین و تاڕادەیەكی باش بەرەو پێشەوه بەرین.

ڕاسته، ئەم پرۆسه دوورودرێژەش، بێ هەڵه و هەڵبەزو دابەز نەبووه و نابێت، بەڵام ویستی بیناسازی و كۆمەڵگەیەكی ئارام و دیموكراتی هەمیشه دروشمی سەرەكی لەم پرۆسەیەدا بووه و هەوڵی بەردەوامی بۆ دراوه كه بەدڵنیاییەوه بێ كەموكوڕی نەبووه.

بۆیه ئێمه بەبایەخەوه لەو ڕەخنه و تێبینیانەی سەبارەت به هەرێم كه لەلایەن وڵاتان و دۆستانەوه دەخرێنەڕوو تێدەڕوانین بەڵام دەبێ ئەو وڵات و ڕێكخراو و دۆستانشمان لەو ڕاستییه تێبگەن كه زۆر لەو ڕەخنه و تێبینیانەی بەدەستیان دەگات مەرج نییه ڕاست و دروست بن بۆیه پێویسته باری سەرنج و وەڵامی بەرپرسانی هەرێمییش بەبایەخەوه وەربگرن، چونكه هەندێك لەو سەرنجانه لەلایەن هەندێ گرووپ و لایەنەوه دەدرێن كه خواستیان نەمانی هەرێم و داڕمانییەتی و ئەمەش به ئاشكرا دەڵێن و كاری لەسەر دەكەن.

نموونەكانیش زۆرو لەبەرچاون و لایەنی مەبەستیدار گەر بیەوێت بێ لایەنانه له مەسەلەكه بڕوانێت به ئاسانی دەتوانێت بەدەستی دەگات.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP