دواین هەواڵ

هەڵبژاردنەکانی ئێران ڤاکسینی نەخۆشیەکانی عێراق

‌ئاسۆعەبدوللەتیف

پێش 2 هەفتە

پێشتر وتمان ئەوەی عێراق بەرێوە دەبات مستەفا کازمی و پەرلەمان نییە و بە تۆپزیی سوپاکانی حەشدی شەعبی عێراقی و ئێرانیی و حەوزەی قومە. 

کەواتە زەحمەتە ئێران دوو هەڵبژاردن بەڕێوە بەرێت لە یەک ساڵدا، ئەوە ڕوونە هەڵبژاردنەکەی عێراق دیکۆرە بۆ تاڵانیی و گەندەڵییەکی مونەززەم و گەر دواشنەخرێت دەبێت بە فلتەری ڕەهبەرو نیگەهبان و مەرجەعیەتی ویلایەتی فەقیهدا بڕوات و لە زیخ و ئاو بدرێت و ئینجا کاری لەسەر بکەن، ئەوەی ئێرانیش یەکلایی بۆتەوە.

ئەگەرچی دابەشبوونی بازنەکانی هەڵبژاردنی عێراق وەک ئێران نییە یەک کەس داڕشتنەوەی بۆ بکات بەڵام ئەوە ڕوونە هەر شیعە دەکاتەوە بە زۆرینەو قسەکەری سەرەکیی. بەڵام ئەو هەڵبژاردنەی ئێران بۆ سەرۆکایەتیی خۆیان و عێراق و لوبنان و یەمەن و سوریاشە بەڵام بەحەیاتی عێراق هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بەو جۆرە بەخۆوە نابینێت چونکە ئێران دژی هەر جۆرە پاڵەوانسازیی و دەرکەوتنێکی کاریزمایی سەرۆکایەتییە لێرە، وەلێ سەرکردەی باڵای میلیشیایی و سەربازیی و ئەمنی زۆر پێویستەو بگرە قەرزیشی بۆ دەکات وەک هێزەکانی میلیشیای رەبعەڵای لوبنانی و نوجەبای ئێرانی و عاسائیبی ئەهلی حەق. 

ئاخر هەشتاوسێ بازنەی هەڵبژاردن و بەدەستهێنانی ٣٢٩ کورسی ئەنجومەنی نیشتیمانی عێراق (نائب) یانی چی؟ لەکاتێکدا هیچ سەرۆک کۆمارو سەرۆک وەزیرانێکت نەبوە بە دەنگدانی دروست هاتبێت و هەمیشە بە سازان و ڕێککەوتنی نهێنی و سەفەقات هاتوون و دانراون!؟  کەواتە بوار بۆ هیچ ڕیفۆرم و گۆڕانکارییەک ناهێڵێتەوەو کوردیش بەو پەرتەوازەییە ئەستەمە کورسییەکانی جاران بەرێتەوە ناچار دەبێ یان خۆی ساغ بکاتەوە یان یاخیی بێتەوە.

دیسان لە و هەڵبژاردنە ساختەیەی عێراق بەهێزەکان (الأقوياء) دەبنەوە بە چەتری دەسەڵات و براوەی هەڵبژاردن و مەشخەڵگێڕی نوێ، بەڵام هێشتا ئێران دەیەوێت ئەو بەهێزانەش نەوەو موتووربەکراوی عەمامە ڕەشی خۆی بن نەک مەرجەعیەتی نەجەفی رەسەن و دەشبێت لە تشخیص مصلحت نظام و مەجلیسی شورا دەرنەچن. 

ئەم دۆخی دەستێوەردانەش کۆنە لە حوکمڕانیی (الفترة الإنتقاليه) ٢٠٠٣-٢٠٠٥ تا نوسینەوەی دەستوور بۆ ئێستای فەترەی دابەشکاریی پۆست و بلۆکبەندییە نەوتیەکان و کودەتای حەشدی شەعبی بەسەر شەرعیەتی حوکمی کازمی تا هاتنی سەرۆکی فەیلەقی قودسی ئێرانی ئیسماعیل قائانی بۆ بەغداد درێژەی هەیە، ئەگینا عێراق و وەزارەتخانەو سوپاو کوتلە سیاسیەکانی بۆچی دەبێت گوێڕایەڵی ڕێنماییەکانی سەرکردەیەکی باڵای عەسکەریی سیاسی دەرەوەی خۆیان بن و ڕۆڵیان بۆ دیاریی بکات و بێزەحمەت دەوڵەتی دەستووریی و یاساکان و حەمورابی کواو کامەیە؟

سازانەکە بۆ ئێستا ڕوونە چۆن دەگوزەرێت، یەکەمجار هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتیەکان و مەرجەعیەتی قوم و نەجەف. دوەمجار لە نێوان ئەقتاب و بلۆکە گەورەکانی نەوت و هێزگەلە تائیفی و مەزهەبیەکاندایەو بەدیاریکراوییش ئەمریکاو ئێران ڕۆڵی گەورە وازی دەکەن بۆ هەڵبژاردنەکانی ئایندەی عێراق و مانەوەی هێزو ناوچە جێناکۆکەکان و سەرچاوەکانی داهات و پاڵاوگەکان. 

بۆیە نەوت و عەسکەرو میلیشیا و فیرقەو لیواو بیزنسی حیزبی و ئایدۆلۆژیی و دیبلۆماسی قوڵت نەبێ مەحاڵە بتوانی یاری باش بکەیت لەم هەڵبژاردنەدا ئەگەرچی ئەمە هەڵبژاردن نییە بەڵکو ڤاکسین و شەرعیەتدانە بە واقیعی تاڵ و پەتای عێراقیەکان بە کوردیشەوە. 

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP