دواین هەواڵ

کەی ئەمە دەکرێت!

‌بەهرۆز جەعفەر

4 کاتژمێر پێش ئێستا

- بیست ساڵە تێگەیشتووین، کە بەغدا پابەندی دەستوور نابێت و، فیدراڵییەت  و هەرێمی کوردستان پێ زیادەیە، بەڵام تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان ماڵێک، سەنتەرێک، ناوەندێکی یاسایی و دەستووریی، یان لیژنەیەکیش لە کەسانی پسپۆڕ بۆ ئەم بابەتە درووست نەکراوە!

- بیست ساڵە نەوت و گاز دەردەهێنین، ئەوا جیهان بەهۆی تەکنەلۆجیای دیجیتاڵ، زیرەکی دەستکردەوە پیشەسازییەکانی لە قاڵب دەداتەوە، گواستنەوەی وزە لە بەکارهێنانی کاربۆنەوە بۆ وزە نوێبوەوەکان هەموو کونجێکی تەنیوە، جیۆپۆڵەتیکیی وزەو کەتنی گەورەی کۆمپانیاکانی بواری وزە لە ئابوریی سیاسیی دا ئامادەیی هەیە؛ تا ئێستا تاکە یەک سەنتەری توێژینەوە، یەک پەیمانگای کارای بواری لێکۆڵینەوە لە پرسە وزەییەکانمان نییە (ئێمە خۆ بەخشانە ئەوەی پێمان کراوە، بە قوربانیدان بە خۆمان کردومانە). 

- لە ئوسترالیاو کەنەداو ئەمریکاو بەریتانیاو، گشت وڵاتانی ناوچەکەوە چاویان لەسەر کەرکوکە، کەچی کورد خۆی بیست ساڵە ستراتیژێکی یەکگرتووی نیشتیمانیی بۆ کەرکوک نەبوە، کەرکوک دراوە بە دەست چەند گرووپێکەوە؛ بەشی دەیان کتێب کێماسی و ناڕیکیی و نەزانی و نەهامەتیان بۆ شارەکە هێناوە. سەنتەرێك، ناوەندێکمان بۆ کەرکوکناسی و پرسی نەوتی کەرکوک هەر نەبوو!
هەموو کەسێک دەزانێت، بەغدا لاوازییەکانی هەرێمی قۆستۆتەوە. تەماشای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان (بەتایبەت ئێکس- تویتەری کۆن) دەڵێی عەرەبی شیعە هەزاران سەدامی ئامادەکردوە بۆ گیانی کورد. تەنها لە فەرمانگەی ڕێکخراوە نا حکومییەکانی هەرێم سەروو ٣٠٠٠ هەزار ڕێکخراوو سەنتەر و دامەزراوە تۆمارکراون، ئەگەر تەنها ١٥ دانە لەوانە بەشێوەیەکی ڕێک وپێک لەو ٢٠ ساڵە گفتوگۆی لەگەڵ شەقامی عێراقی کردبایە، ئیشی لەسەرکردبایە، ئێستا سەدان هەزار دۆستی کورد لە شەقامەکانی عێراق ئامادە دەبوون. 

هەموو ئەوانەی سەرەوە، بودجەی یەکێک لەو کەناڵە ئاسمانیانەی نەدەویست کە لەمدواییە تەنها بۆ سەرئێشە درووستکردن کرانەوە؛ سوودێکیان بۆ حیزب و خاوەن ئیمتیازەکانیشیان نییە [شتێک ئیزافە ناکەن]. پاراستنی هەر قەوارەیەک لە هەر جێگەیەک پێویستی بە هەبوونی دامەزراوەو دەزگای جۆراوجۆری بەهێز هەیە کە بەردەوام تەواوکەری یەکدی و ئاگاداری یەکدی بن، پێویستی بە مەعریفەیەکی هاوچەرخ و تێگەیشتنە لەو قووڵایی سەردەمەکە. بەهەرحاڵ، بۆ خۆ-نوێکردنەوە دەبێت ئەوەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان و، لەناو حکومەت و حیزبەکاندایە لە کەسەکانەوە تا کۆمپیوتەرەکان بپشکندرێن. 

من زۆر لەگەڵ ڕای برای بەڕێز "سەردار عەبدوڵا" کۆکم، ئەگەر لە واشنگتۆن و لە هەرێم ئیشمان کردبایە، ئێستا "تۆم باراک" ئەو پیاوە نە-دەبوو لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمریکی و بازرگانێکی دیکەی لوبنانی بۆ مەرامی ئابوریی ئەم گۆبەنگە لە تورکیاو سوریاو عێراقدا سەرپێ بخەن. ئەگەر یاریکەری باشمان ناردبایە بەغدا، ئەگەر سەرۆک کۆماری خۆ-نەویست و نوێنەری هەموانمان لە بەغدا هەبوایە لەو هەموو ساڵەی ڕابردوودا، ئێستا دۆخەکە بۆ کورد شتێکی دیکە دەبوو، سەردار عەبدوڵا وا دەڵێت، منیش وا ئێژم، ئەو هەروەها دەڵێت؛ دەبێت خۆمان و تواناکانمان و کارتەکانمان بوێرتر بکەین، بۆ ئەوە نا کە شەڕ بکەین و بدەین بە کێوەکاندا، بەڵکو بۆئەوەی لە سەر مێزو دانوستان زیاتر بە دەست بهێنین. سەردار دەڵێت؛ ئەگەر شۆڕشی کوردیی و سەرئێشە درووستکردنی کورد نەبوایە، ئەوا شەڕی هەشت ساڵەی ئێران- عێراق هەڵنەدەگیرسا، جەنگی کوەیت نەدەبوو، ئەم هەرێمی کوردستانەش نەدەبو، سەدامیش بەوشێوەیە نەدەڕووخا و لە سێدارە نەدەدرا؛ ئەمە هەمووی وایە؛ ئیتر بۆچی قسەکانی دەشێوێنن!؟

 بەکورتی، ئیرادەی هیچ کوردێک هەرگیز تێک ناشکێت، مەگەر لەناوەوە بێزارو بێدار نەکرێت؛ ئەنفال و کیمیاباران ئەم گەلەی یەکنەخست، دوایی بەربوونە گیانی یەکدی و شەڕی ناوخۆیان کرد، کەرکوک ١٤ ساڵ کەوتە دەستیان، یەکی نەخستن؛ باوەڕت وایە بەیاننامەکەی زەیدی یەکی بخات!؟   ئێوە هەمووتان ئەمڕۆکە "چین" وەک زلهێزێکی نکۆڵی لێنەکراو دەبینن کە خۆی بەستوە بەهەموو گۆشەیەکی جیهانەوە؛ ئەوە بەرئەنجامی ڕیفۆرمێکی ناوخۆیی بوو کە ساڵی ١٩٧٨ لە لادێیەکەوە جوتیارەکان بڕیاریان دا ئیتر بەشێوەیەکی دی زەوییەکانیان بکێڵن، دوور لەو سۆشیالیزمەی پێشوو، هاوکات بەرئەنجامی هەوڵەکانی سەرکردەی ڕیفۆرمخواز "دین شیاو بینگ" بوو.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP