دەستوری عێراق روون و ئاشکرایە بە گوێرەی مادەی(١) ی دەستور، سیستەمی حوکم کۆماریی پەرلەمانی فیدراڵیە . بە پێی مادەی (١١٦) سیستەمی بەرێوەبەردن لامەرکەزییە و پێکهاتوە لە بەغدای پایتەخت و پارێزگاکان و هەرێمەکان. قەوارەی هەرێمی کوردستان چوارچێوەیەکی دەستورییەو مادەی (١١٧) برگەی یەکەمی دەستور رەوایەتی دەستوریی پێداوە و دەڵێت (ئەم دەستورە، لە کاتی جێبەجێبوونیەوە، هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتەکانی ئێستای وەک هەرێمێکی فیدراڵی بە فەرمی دەناسێت) ئەم پێشەکیە بۆ روونکردنەوەیەکی راستیەکە, هەرێم قەوارەیەکی دەستوریی شەرعی دانپیانراوە. بوونی گەندەڵی پاساونیە بۆ لێسەندنەوەی دەسەڵاتی دەستوریی هەروەکو چۆن بوونی گەندەڵی لە دەسەڵاتی فیدراڵی هۆیەک نیە بۆ رەتکردنەوەی چەتری دەستوریی. کێشەیەکی جەوهەری لەدەوڵەتی عێراقدا وەکو عورفێکی نادەستوریی پەیابوە. ئەویش گۆرینی ئەرک و دەسەڵاتی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانە بۆ سەرۆکی وەزیران . بێگومان لە دەستوری عێراقدا بەهیچ شێوەیەک دەستەواژەی سەرۆکی وەزیران لە هیچ مادەیەکی دەستوردا بوونی نیە! بەڵکو سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران هەیە! ئەم دوو دەستەواژەیە بابەتێکی زمانەوانی نیە. بەڵکو جیاوازی ئەرک و دەسەڵاتی پسپۆرییە. بە گوێرەی مادەی (٦٦) دەستور دەسەڵاتی جێبەجێکردن دوانیە لە دوو بەش پێکهاتوە، ئەوانیش سەرۆک کۆمار و ئەنجومەنی وەزیران بە گوێرەی دەستور سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران هەیە و دەبێت بریارەکان بە دەنگدانی زۆرینەو بە کۆمەڵ بن ، نەک بریاری تاکە کەسی. ئەمەش بۆ رێگەگرتنە لە تاک رەویی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتی دەستوریی و یاسایی . بەڵام بەهۆی سیاسی و قۆناغ بە قۆناغ بە کردوە بە پێچەوانەی ئیرادەی دەستورەوە ماوەی دەیان ساڵە رۆڵی ئەنجومەنی وەزیران لە زۆر بریاری گرنگ کەم کراوتەوە هەر لە راسپاردنی پلەباڵاکان و پلەی سەربازیی و هەڵگریی هەتاوەکو زۆر بابەتی تر. بۆ روونکردنەوەی زیاتر هەر بە گوێرەی دەستور دامەزراندنی پلە باڵاکانی دەوڵەت بریکاری وەزیر، سەرۆکی دەستەکان، بانکی مەرکەزی، هەواڵگری ، دەروازەی سنوریی ، فەریقی سەربازی و زۆر پلەی تر ، دەبێت لە ئەنجومەنی وەزیران دەنگدانی بۆ بکرێ، پاشان بنێردرێت بۆ پەرلەمان بە دەنگدانی زۆرینە متمانەی پێ بدرێت پاشان سەرۆکی کۆمار مەرسومی کۆماریی بۆ ئیمزا بکات. بەڵام وەکو دەبینین دەسەڵاتەکان زیاتر لە دەستی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیراندایە. بە گوێرەی مادەی (٦١)دەستور بڕگەی شەشەم (ب) یەکەم ،دەسەڵاتی بە سەرۆکی کۆمار بەخشیوە پێشنیازی لێسەندنەوەی متمانە لە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بۆ پەرلەمان بکات. بەڵام مەرجدارە هەتاوەکو پێشنیازنامەکە پەسەند بکەن دەبێت بە دەنگدانی زۆرینەی رەهای ئەندامانی پەرلەمان متمانەی لێ وەربگرنەوە و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لاببەن. بێگومان راستیەک هەیە دەبێت پارێزگاری لێ بکرێت. پابەندبوون بە دەستور و کارکردن لە چوارچێوەی ژیانی دەستوریدا رێگا راستەکەیە. دیالۆگی نیشتمانی لە ژێر چەتری دەستوردا تاکە رێگایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.