لە کاتێکدا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم شەپۆلێکی چڕی ململانێی هەرێمی و گرژیی ئەمنیدایە، پەیام و هەڵوێستەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی شەمس، چوارچێوەیەکی سیاسی و یاسایی ڕوونی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئاڵنگارییەکانی ئێستا خستەڕوو.
یەکێک لە خاڵە هەرە دیارەکانی ئەم چاوپێکەوتنە، جەختکردنەوەیە لەسەر پاراستنی یەکڕیزیی هەرێمی کوردستان و ڕەتکردنەوەی هەر هەوڵێک بۆ دابەشکردن یان لاوازکردنی قەوارەکەی.
سەرۆکوەزیران بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند کە کەس ماف و توانای دابەشکردنی کوردستانی نییە، چونکە ئەم قەوارەیە بەرهەمی قوربانیدانی شەهیدان، پێشمەرگە، و خۆڕاگریی خەڵکە.
بە پشتبەستن بە بۆچوونەکانی دەیڤید ڕۆمانۆ سەبارەت بە گۆڕانی بزووتنەوەی کوردی لە ستراتیژیەتی مانەوەوە بەرەو دامەزراوەسازی و سیاسەتی کارا، ئەو ڕاستییە دەردەکەوێت کە پاراستنی یەکڕیزی و دامەزراوەکان لە سەرووی بەرژەوەندیی حزبی و کەسییەوەیە.
کاتێک پەرلەمانی کوردستان دوای دوو ساڵ لە پەککەوتن کارا دەکرێتەوە، ئەم هەنگاوە گەڕانەوەیە بۆ شەرعییەتی دیموکراسی و ڕێزگرتن لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، هاوکات لەگەڵ ڕەتکردنەوەی دابەشکردنی پەنجا بە پەنجای دەسەڵات کە لەگەڵ جەوهەری دیموکراسیدا ناگونجێت، لە هەمان کاتدا کە دەرگای گفتوگۆ بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر لەسەر بنەمای شەرعییەتی هەڵبژاردن کراوە دەهێڵرێتەوە.
هەرێمی کوردستان بە ئیرادەی خۆی چووەتە ناو سیستەمی فیدراڵیی عێراقەوە لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەکان، نەک لێکدانەوەی هەڵبژاردەییانەی دەستوور.
بە سوودوەرگرتن لە شیکارییەکانی گاریث ستانسفیڵد سەبارەت بە پێکهاتەی سیاسیی عێراق، سەقامگیریی عێراق پەیوەستە بە پاراستنی هاوسەنگی و مافی پێکهاتەکان لە چوارچێوەی فیدراڵییەتێکی ڕاستەقینەدا کە بریکاری دابەشکردنی بەرپرسیارێتییە، نەک سەپاندنی هەژموون.
سەبارەت بە ئاسایش و ململانێ ناوچەییەکان، بەتایبەت گرژییەکانی نێوان ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکا، هەرێمی کوردستان پابەندبوونی خۆی بە بێلایەنی و ڕەتکردنەوەی بەکارهێنانی خاکەکەی دژی هیچ وڵاتێکی دراوسێ دووپات دەکاتەوە، لە کاتێکدا زیاتر لە ١٠٥٠ هێرشی مووشەکی و درۆن کراونەتە سەر هەرێم و نزیکەی نیوەیان یان زیاتر لە ناو خاکی عێراقەوە هاتوون. ئەم دۆخە لە ڕوانگەی تیۆری ڕیالیزمی پێکهاتەیی کێنێس واڵتزەوە، پێمان دەڵێت لە سیستەمێکی نێودەوڵەتیی پڕ لە ململانێدا، قەوارەکان پێویستیان بە هێزی خۆپارێزی و شەرعییەت هەیە بۆ مانەوە؛ بۆیە بەرگریکردن لە خۆ لە کاتی هەر دەستدرێژییەکدا مافێکی ڕەوایە و هێزی پێشمەرگەش، کە ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی لە تێکشکاندنی داعشدا هەبوو، هێزێکی دەستوورییە.
هەروەها لە پەیامەکانی مەسرور بارزانی، لە پرسی سووریادا، پشتیوانی لە دیالۆگی نێوان نوێنەرانی کورد و دیمەشق و مافە دەستوورییەکانی کورد لە سووریا جەختی لێ کراوەتەوە.
لە لایەکی ترەوە، سەرەڕای قەیرانە داراییەکان، دواکەوتنی شایستە داراییەکان و کێشەی مووچە، کاروانەکانی گەشەپێدان و وەبەرهێنان لە سێکتەرەکانی کارەبا، ئاو، گواستنەوە، خزمەتگوزاریی دیجیتاڵی، پەروەردە و تەندروستی بەردەوام بوون.
لە کۆتاییدا، چاوپێکەوتنەکەی سەرۆکوەزیرسنی هەرێمی کوردستان، ئەو ڕاستییە دەخاتەڕوو کە خزمەتکردنی هاووڵاتیان و پاراستنی کەرامەت و ئاییندەیان، لە سەرووی هەموو ناونیشان و دەستکەوتێکی کەسییەوەیە.
پاراستنی یەکڕیزی، دامەزراوە دیموکراتییەکان، و بنیاتنانی ئابوورییەکی بەهێز، بەرپرسیارێتییەکی پێکەوەبەستراون کە لەسەر بنەمای ڕاستگۆیی و دڵسۆزی بۆ خەڵک، وەک گەورەترین سەرمایە و دەستکەوت، بەردەوام دەبن.