دواین هەواڵ

لە شانیشین'ەوە بۆ ئینتیگرەیشن

‌ڕابوون مەعروف

3 کاتژمێر پێش ئێستا

دوای روخان و هەڵوەشانەوەی خەلافەتی عوسمانیی، خواست و ئامانجی سیاسیی، سەرەکی کورد، ئەگەر ناکامڵ و نەخەمڵیویش بوبێت، سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەت بو. کورد، خۆی بە کەمتر لە تورك و عەرەب و ئێرانیەکان، نەدەبینی، بۆیە نەیدەتوانی، وەك کورد، بیر لە کەمتر لە دەوڵەت بکاتەوە. لەبەر ئەوەیە، لە شار و دەڤەرێکی وەك سلێمانی شێخ محمود، خۆی وەك پادشا و مەلیك دەبینی و خەونی دامەزراندنی ‘شانشین’ ی هەبو. دوای شکستی کورد و تا دوای جەنگی دوهەمینی جیهان، هێشتا، ئایدیای سەربەخۆیی و دەوڵەت، لە ناو کورد نەمردوە، بۆیە لە دەرفەتی دوای جەنگ، لە خۆرهەڵاتی کوردستان، دیسان، کورد، کۆماری کوردستان لە مهاباد دادەمەزرێنێ.

دوای شکستی کۆماری کوردستان لە مهاباد و بڵاوبونەوەی سەرەتانی کۆمۆنیزم و چەپ، لە کوردستان، ئیتر لەبری نەتەوە و سەروەریی و شکۆمەندیی نەتەوەیی، ئایدیای برایەتی چینایەتیی کرێکاران و چەمکە سۆسیالیستیەکان (بۆ نمونە کرێکار نیشتیمانی نیە!) باڵ بەسەر جوڵانەوە کوردیی و کوردستانیەکاندا دەکێشێت و بزوتنەوەی ‘رزگاریی کورد’ بە تەواوی رۆدەچێتە ناو زۆنگاویی سۆسیالیزم و  چەپ و گومڕایی تەواو. لەوێوە، دیدەگای دەستەبژێریی سیاسیی کورد، بۆ نەتەوە و وڵات ‘نیشتیمان’ لێڵ دەبێت و کورد وەك فەرع دەبینرێت نەك ئەسڵ. ئیتر، لەبری سەروەریی و سەربەخۆیی، ئۆتۆنۆمیی و خودموختاریی و .. تد دەبن بە ئاڵای حیزب و جوڵانەوە کوردستانیەکان. 

دواتر و بە تایبەتی دوای کشانیی سەرەتانی دوەم، کە هیچ نیە جگە لە ئیسلامیزم (ئیسلامیی سیاسیی) بۆ ناو بەشێك لە دەستەبژێریی سیاسیی کورد، ئەمجارەیان لە پاڵ چەمکیی  ‘برایەتی چینایەتیی کرێکاران’ ‘برایەتی ئاینیی’ هاتە پێشەوە و لەبری سەروەریی و سەربەخۆیی، یەکێتیی و برایەتی ‘ئومە’ و خەلافەتی ئیسلامیی، شوێنی ئایدیای نەتەوە و وڵات و سەربەخۆیی گرتەوە. بۆیە، بە هەمو جیهانی ئیسلامیی و موسڵمانە خاوەن دەوڵەتەکان، پێکەوە، هێندەی ئیسلامیی داماوی کورد، چەمکی نەتەوە و سەربەخۆیی و دەوڵەت نابوغزێنن. 

دوا گورزی فیکریی و سیاسیی، کە لایەکی جەستەی کوردیی توشیی شەلەلی عەقڵی و فیزیکی کردوە، چەمکە تافیهو و توڕەهاتەکانی تەڤگەریی ئاپۆچی یە. ئەو تەڤگەرە، کە بە خواستی سەربەخۆیی و تەخوین و کوشتاریی هەمو ئەوانە دەستی پێکرد، کە لە دوای کەمتر لە سەربەخۆیی بون، لە زنجیرەیەك داڕزینیی فیکریی و سیاسیی، گەییشتوە بە دوا بیدعەی سیاسیی لە ژێر ناوی ‘ئینتیگرەیشن’. داوا کردن لە کورد کە هەمو خەون و خولیا و ئامانجە سیاسییەکانی لە ‘ئینتیگرەیشن’ کورت بکاتەوە، جگە لە جوێن و تەشهیر بە نەتەوەی کورد، هیچیتر نیە. بێگومان، کەسێك هەستی شکۆمەندیی و سەروەریی ون نەکردبێت و توشیی گومڕایی و نەخۆشیی دەرونیی خۆبەکەمزانیی نەبوبێت، نەك داوای ‘ئینتیگرەیشن’ بۆ کورد ناکات، بەڵکو رێگە نادات لەبەردمیدا، کورد ئەوەندە بە کەم ببینرێت و ئەو جوێنە بە کورد بدرێت.

لە ئێستادا کە زریان و گەردەلولێکی فراوان خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی گرتۆتەوە و لە سەدان ساڵەوە، هەرگیز دەرفەت و فرسەتی ئاوا زێڕین بۆ کورد هەڵنەکەوتوە، کە زنجیریی کۆیلەتی و پاشکۆیەتی بپچڕێنێ و سەروەریی زەوتکراویی خۆی بەدەستبخاتەوە، رەنگە هەرگیز دەستەبژێریی سیاسیی کورد هێندەی ئێستا گومڕا و سەرلێشیواو نەبوبێت و هێندە خۆی و کوردی پێ کەم نەبوبێت. سەرچاوەی ئەم داڕزان و خۆبەکەمزانینەش، بێگومان هیچ نیە جگە لە دو سەرەتانەکە ‘چەپ و ئیسلامیزم’. ئەوەش جارێکیتر، ئەو راستییە دەسەلمێنێتەوە، کە کورد یەکەم جار و پێش هەمو شتێك دەبێت لە ناو سەر و لە ناو زەین و مێشکدا رزگار بکرێت.

#نەتەوە_نەك_خێڵ

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP